شارپرێس:
فیدراسیۆنەكانی سەراسەری پەناخوازانی عێراق، سیاسەتە نوێیەکانی یەکێتی ئەوروپا بەمەترسییەكی گەورە لەسەر ژیانی هەزاران پەناخواز هەژماردەكات و دەڵێت، ئەوە گورزێكە لەژیان و مافی ئەو پەناخوازانەی لەدۆخی سەختی ژیان ڕادەكەن، هاوكات بانگەوازی هەموو ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، ڕێکخراوەکانی بەرگریکارلەپەناخوازان دەكات بۆ پێکهێنانی بەرەیەکی هاوبەش لە سەرانسەری ئەوروپا.
فیدراسیۆنی سەراسەری پەناخوازانی عێراق، لەبەیاننامەیەكدا ڕایگەیاند، لەمانگی حوزەیرانی ٢٠٢٦، یەکێتی ئەوروپا هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی پەیمانی نوێی کۆچ و پەنابەری خستە بواری جیبەجیکردنەوە. ئەم پەیمانە بە ناوی چاکسازی سیستەمی پەنابەری و بە مەبەستی خێراترکردنی پرۆسەی تاقیکردنەوەی داواکارییەکانی پەنابەری، بەهێزکردنی کۆنترۆڵی سنوورە دەرەکییەکان، ڕێگریکردن لە کۆچی نایاسایی و بەرەنگاربوونەوەی تۆڕەکانی قاچاخچیی مرۆڤ پێشکەش کراوە.
فیدراسیۆنی سەراسەری پەناخوازانی عێراقی بە نیگەرانییەکی قوڵەوە سەیری ئەم گۆڕانکارییانە دەکات و پێی وایە ئەم سیاسەتانە تەنها گۆڕانکارییەکی یاسایی نین، بەڵکو گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی و کاریگەرەو گورزێکە لە ژیان، ماف و ئازادی و داهاتووی هەزاران پەنابەری هەڵهاتووی لەدەست جەنگ نائارامی وناعەدالەتی سیاسی و ئابووری و کۆمەلایەتی.
فیدراسیۆنەكە لەڕوانگەی سیاسەتە نوێكانەوە، مەترسیە سەرەكییەكانی دیاریكردوەو دەڵێت، ئەو سیاسەتە دەبێتەهۆی خێراکردنی بڕیاردان لەسەر کەیسەکانی پەناخوازی
لەژێر ئەم سیستەمەدا، داواکارییەکانی پەناخوازی بە ێرایی زیاتر تاقی دەکرێنەوەو بڕیاریان لەسەر دەدرێت. ئەمە لە کاتێکدا ڕوودەدات کە زۆرێك لە پەناخوازان دەستگەیشتنی تەواویان بەپارێزەری یاسایی، وەرگێڕی شیاو و ئامادەکردنی بەڵگە و دۆکیمەنتەکانی نییە.
لەدرێژەی بەیاننامەكەدا جەختی كردووەتەوە، كە هەڵەیەکی بچوك یان کەمبونەوەی بەڵگە لەدۆسیەی پەناخوازاندا دەتوانێت ببێتە هۆی ڕەتکردنەوەی داواکارییەکەو چارەنوسی مرۆڤێك بەبێ دادپەروەریی تەواو بڕیاری لێ بدرێت.
بەپێی ڕێوشوێنە نوێکان، پەنابەران دەتوانرێت لەناوچەکانی سنور یان ناوەندە تایبەتەکان بگیرێن و بۆ ماوەیەك لەشوێنە داخراوەکاندا بمێننەوە. زۆرجار ئەم ناوەندانە لەڕوی بارودۆخی ژیان و سنوردارکردنی ئازادییەکانەوە وەك زیندان دەچن و دەشڵێت، ئەم جۆرە مامەڵەیە کاریگەرییەکی خراپی دەروونی و کۆمەڵایەتی لەسەر پەنابەران جێدەهێڵێت و هەست بە ترس، ناڕەحەتی و بێئومێدی لەناویاندا زیاد دەکات. کە هەموو ئەمانەش پێچەوانەی ئەو دەرفەت ڕەخساندنەیە کە یاساورێسا نێودەولەتیەکان بۆ پەنابەر دەرەخسێنن.
فدراسیۆنەكە مەترسیە گەورەكەی دیاریكردوەو دەڵێت،ئەم سیاسەتانە ڕێگا بۆ گەڕاندنەوەی خێراتری ئەو پەناخوازانە خۆش دەکەن کە داواکارییەکانیان ڕەت کراوەتەوە. لە زۆر حاڵەتدا ئەو وڵاتانەی پەنابەران بۆی دەگەڕێندرێنەوە هێشتا جەنگ، ناسەقامگیری، توندوتیژی، هەڕەشەی سیاسی یان پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤیان تێدایە. بۆیە ئەم سیاسەتە دەتوانێت ژیانی زۆرێك لەو پەناخوازانە بخاتە مەترسییەوە کە پێشتر ناچار بە ڕوو کردنە هەندەران بوون.
هاواكات، فراكسیۆنەكە، سنوردارکردنی مافە یاساییەکان و کاریگەرییە تایبەتەکان لەسەر ژنان، منداڵان و خێزانەکان و ناردنی پەناخوازان بۆ وڵاتانی سێیەمیشی بەمەترسی داناوە.
لەكۆتایی بەیاننامەكەدا فیدراسیۆنی سەراسەری پەناخوازانی عێراقی دژ بەهەر سیاسەت و یاسایەك دەوەستێت کە ماف و کرامەتی مرۆڤانەی پەنابەران سنوردار بکات، داوای پاراستنی تەواوی مافی پەناخوازی بەپێی یاسا و ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکانیش دەكات.
لەبەرامبەردا، فیدراسیۆنی سەراسەری پەناخوازی عێراقی بانگەوازی هەموو ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، ڕێکخراوەکانی بەرگریکار لەپەناخوازان، یەکێتییە کرێکارییەکان، هەڵسوڕاوان، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و هەموو هێزە پێشکەوتنخوازەکان دەکات بۆ پێکهێنانی بەرەیەکی هاوبەش لە سەرانسەری ئەوروپا، بۆ بەرگری لەمافەکانی پەنابەران و ڕوبەڕوبونەوەی سیاسەتەدژە پەناخوازو جیاکاری بینە مەیدان.
