عێراق دەنگۆی كشانەوە لەئۆپێك ڕەتدەكاتەوە

عیراق

25/06/2026‌ 88 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
وەزارەتی نەوتی عێراق ڕایگەیاند، بەفەرمی ئەو دەنگۆیانە ڕەتدەکەنەوە کە باس لەکشانەوەی عێراق لەڕێکخراوی ئۆپێک دەکەن و دەڵێت، حکومەت داوای دوبارە هەڵسەنگاندنەوەی پشکی بەرهەمهێنانی نەوتی عێراق دەکات بەشێوەیەک لەگەڵ بارودۆخی ئابوری و تواناکانی وڵاتدا بگونجێت.


وەزارەتی نەوتی عێراق  لەڕاگەیەندراوێكدا بڵاویکردەوە، نەسەرۆک وەزیران و نەحکومەتی عێراق پرسی کشانەوەیان لەئۆپێک باسنەکردوە، بەپێچەوانەوە، عێراق هەمیشە جەختی لەسەر گرنگی دوبارە هەڵسەنگاندنەوەی پشکی بەرهەمهێنان کردوەتەوە، ئەم هەڵسەنگاندنەش دەبێت بەگوێرەی ئەو رێککەوتنانە بێت کە وڵاتانی ئەندام پەسەندیان کردووە، لەگەڵ رەچاوکردنی لێکتێگەیشتنە تایبەتەکان بەدۆخی ئەمنی و ئابوری عێراق.

ئاماژەی بەوەشکرد، هەر کێشەیەک لەبەرهەمهێنان هەبێت تەنها لەڕێگەی میکانیزمی تەکنیکی و کۆدەنگی ناوخۆیی ڕێکخراوەکەوە چارەسەر دەکرێت.

باسی لەوەشکرد، وڵاتانی ئەندام تێگەیشتنێکی بەرزیان بۆ دۆخی تایبەتی عێراق هەیە، بەتایبەت دوای زیاتر لە 40 ساڵ لەشەڕ، گەمارۆ و هێرشی تێکدەرانەی تیرۆریستی کە زیانی گەورەیان بەژێرخانی نەوتی گەیاندوە. 

جەختیشی كردەوە، كەڕەچاوکردنی ئەم دۆخە یارمەتیدەر دەبێت بۆ ئەوەی عێراق پشکێکی دادپەروەرانەی پێبدرێت و پێگەی خۆی وەک دوەم گەورەترین بەرهەمهێنەری ناو ئۆپێک بەدەستبهێنێتەوە، بەمەبەستی دابینکردنی داهاتی پێویست بۆ پڕۆژەکانی گەشەپێدانی وڵات.

وەزارەتەكە ئەوەشی ئاشكراكردوە، كە لەچوارچێوەی ئەم هەوڵانەدا، وڵاتانی ئۆپێک و هاوپەیمانەکانی (ئۆپێک پڵەس) وەڵامی ئەرێنی داواکارییەکەی عێراقیان داوەتەوەو ئێستا پرۆسەی دوبارە هەڵسەنگاندنەوەی ئەوپەڕی توانای بەرهەمهێنانی وڵاتانی ئەندام لەئارادایە، ئەم پرۆسەیە لەرێگەی کۆمپانیایەکی راوێژکاری نێودەوڵەتی و سەربەخۆوەو بەبەشداری چالاکانەی عێراق بەڕێوەدەچێت.

هاوکات، رێکخراوی ئۆپێک دەستی کردوە بەگەڕاندنەوەی قۆناغ بەقۆناغی ئاستی بەرهەمهێنانی کەمبوەوەو بڕیارە لەچەند مانگی داهاتودا سەرجەم کەمکردنەوە خۆبەخشییەکان کۆتاییان بێت، کە ئەمەش ڕاستەوخۆ دەبێتە هۆی بەهێزکردنی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی عێراق.