شارپرێس:
وەزیری تەندروستی عێراق ڕایدەگەیەنێت، ڕێککەوتنی سەرەتایی کراوە بۆ ئەوەی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بخرێنە ناو خزمەتگوزارییەکانی بیمەی تەندروستی، لەكاتێكدا ئەمڕۆ شاندێك بەسەرۆكایەتی وەزیری تەندروستی هەرێم چونە بەغدا.
عەبدولحوسێن موسەوی، وەزیری تەندروستی عێراق لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەش لەگەڵ، سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، کۆبونەوەیەکی گرنگیان کردوەو تاوتوێی ئاستەنگەکان و ئاسانکاری لەپەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وەزارەتی تەندروستیی فیدراڵ و هەرێم بەئامانجی باشترکردنی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان کرد.
ئاماژەی بەوەشکرد، لەناو ئەو تەوەرە گرنگانەی کە گفتوگۆیان لەسەر کرا، پرسی دەرمان و بیمەی تەندروستی بوو وتیشی، لەگەڵ وەزیری تەندروستی هەرێمی کوردستان رێککەوتنی سەرەتایی کراوە بۆ ئەوەی دوو پارێزگای هەرێمی کوردستان بخرێنە ناو خزمەتگوزارییەکانی بیمەی تەندروستیەوە"، كەتائێستا ناوی دوو پارێزگاكە ئاشكرانەكراوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، "یاساکە، لەبڕگەی دوەم و شەشەمدا، پشتگیریی ئەم ئاراستەیە دەکات و هیچ بەربەستێکی یاسایی نییە رێگری لەوەرگرتنی پارێزگارەکانی هەرێم بکات".
وەزیری تەندروستی عێراق ڕاشیگەیاند، ئێمە بەهەموو شێوەیەک ئامادەین و کراوەین بەڕوی هەموو لایەک کە پڕۆسەی پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان بەرز بکاتەوە".
