یەکەم پەیامی پارتی لەبارەی دەستگیرکردنی "گەندەڵکاران"

کوردستان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1017 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

فراکسیۆنی پارتی لەپەرلەمانی عێراق راگەیەنراوێکی لەبارەی هەڵمەتی دەستگیرکردنی بەرپرسانی باڵای عێراق بەتۆمەتی گەندەڵی بڵاوکردەوەو دەڵێت،" هیوادارین ئەم پرۆسەیە تەنها لە بەغدا کورت نەبێتەوە".


فراکسیۆنی پارتی لەپەرلەمانی عێراق لەڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد،" پشتیوانی و پێشوازی خۆمان بۆ ئەو هەنگاوە یاساییانە ڕادەگەیەنین کە لەلایەن عەلی فالح زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراقەوە بە هاوکاری و پاڵپشتیی دەسەڵاتی دادوەری ودامەزراوە حکومییەکان، بە ئاراستەی ڕوبەڕوبونەوەی گەندەڵی و دەستگیرکردنی کەسانی تێوەگلاو نراون".

ئەوەشیخستەڕوو،" هیوادارین ئەم پرۆسەیە تەنها لە بەغدا کورت نەبێتەوە، بەڵکو سەرجەم پارێزگا و شارەکانی دیکەی عێراق بگرێتەوە ".

فراکسیۆنی پارتی باسی لەوەشکرد،" لەم چوارچێوەیەدا، جەخت لەسەر گرنگیی هەماهەنگیی تەواو لە نێوان دەسەڵاتی جێبەجێکردن و دادوەری دەکەینەوە بۆ سەرخستنی ئەم پرۆسەیە ".

لەڕاگەیەنراوەکەی فراکسیۆنی پارتیدا ئەوەش هاتوە،" لە ڕوانگەی بەرپرسیارێتیی نیشتمانیمانەوە، ئامادەیی تەواوی خۆمان بۆ پێشکەشکردنی هەموو جۆرە هاوکاری و پاڵپشتییەک نیشان دەدەین، چ لەسەر ئاستی حکومەتی فیدراڵی و چ لەسەر ئاستی ناوخۆیی پارێزگاکان، لە پێناو پاڵپشتیکردنی دەسەڵاتی جێبەجێکردن و دادوەری بۆ دۆزینەوەی ڕاستییەکان و چەسپاندنی سەروەریی یاسا".

لەکۆتایی پەیامەکەیدا دەڵێت،" چونکە هاوڵاتیان شایستەی پاکسازیی کارگێڕی و گێڕانەوەی مافە بەفیڕۆدراوەکانیانن، و لەسەر ئەم بنەمایەش، جەخت لەسەر پشتیوانیی تەواوی خۆمان بۆ لێپرسینەوەی یاسایی لەگەڵ هەر گەندەڵکارێک بەبێ جیاوازی دەکەینەوە ".