شارپرێس:
ئیسرائیل بەرەو هەڵبژاردنی کنێست لە 27ی تشرینی یەکەمی 2026 دەڕوات، ئەمەش ڕوبەڕوی وەرچەرخانێکی سیاسی یەکلاکەرەوەی دەکاتەوە کە تاقیکردنەوەیەکی سەختە بۆ داهاتوی بنیامین ناتانیاهۆ دوای شەڕی غەززە.
ڕاپرسییەکان ئایا ئاماژە بەپاشەکشەی پارتی لیکۆدو پێشەنگایەتی ڕکابەرە نوێیەکان دەکەن؛ بهگوێرهى ڕاپرسیی دەستەی پەخشی ئیسرائیلی "کان"، پارتی "ییشار" بەسەرۆکایەتیی گادی ئایزنکۆت بەکۆکردنەوەی 24 کورسی لەپێش لیکۆدە کە 23 کورسی بەدەستهێناوە.
هەروەها ئایزنکۆت لەپرسیاری "کێ شیاوە بۆ سەرۆکایەتیی حکومەت" لەپێش ناتانیاهۆوەیە، هەرچەندە ناتانیاهۆ هێشتا کاریگەرەو دەیەوێت حکومەتێکی نیشتمانیی بەرفراوان پێکهێنێت.
گادی ئایزنکۆت: سەرۆکی پێشوی ئەرکانی سوپا، سەرکردایەتیی پارتی "ییشار"ی ناوەندڕەو دەکات کە مەیلێکی "ئەمنیی ڕاستڕەو"ی هەیە، ئەو دوای دەستلەکارکێشانەوەی لەئەنجومەنی جەنگ، خۆی وەک جێگرەوەی ناتانیاهۆ ناساندو ڕەخنەی توندی لەبەڕێوەبردنی شەڕ گرت.
ئایزنکۆت بەگوتارێکی میانڕەوو توند بەرامبەر حەماسو ئێران دەردەکەوێت، بەڵام هەڵوێستی بەرامبەر کێشەی فەڵەستین بەتەمومژاوی هێشتوهتەوە.
نەفتالی بێنێت: سەرۆک وەزیرانی پێشوو، لەڕێگەی هاوپەیمانی لەگەڵ یائیر لافید لەلیستی "پێکەوە" دەگەڕێتەوە، ئەو نوێنەرایەتی ڕاستڕەوی نەتەوەیی دەکات، دژی دەوڵەتی فەڵەستینو لایەنگری نیشتەجێکردنی جولەکەیە، بەڵام خۆی وەک جێگرەوەیەکی پراگماتیو کەمتر جەمسەرگیر نیشاندەدات بۆ ڕاکێشانی دەنگدەرانی ڕاستڕەوی میانڕەو.
یائیر لافید: سەرۆکی پارتی "یێش عەتید"، دیارترین نوێنەری تەوژمی ناوەندی لیبراڵە.
ئەو پێشتر سەرۆکایەتیی حکومەتێکی ڕاگوزەریکردوەو دژایەتیی چاکسازییە دادوەرییەکانی ناتانیاهۆ بوە.
لافید داوای بەهێزکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئەمریکاو چارەسەری سیاسیی لەگەڵ فەڵەستینییەکان دەکات، بەڵام پێگەکەی زیاتر لەنێو دەنگدەرانی عەلمانی شارە گەورەکاندایە.
ئەڤیگدۆر لیبەرمان: سەرۆکی پارتی ڕاستڕەوی نەتەوەیی علەمانی "ئیسرائیل بەیتێنا"، خاوەن هەڵوێستێکی ئەمنیی توندە دژ بەفەڵەستینییەکانو داوای سەپاندنی خزمەتی سەربازیی دەکات بەسەر حاریدیمە ئاینییەکاندا.
ناوبارو بوهتە نەیارێکی سەختی ناتانیاهۆو هەرچەندە پارتی یەکەم نییە، بەڵام ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوەی لەهاوسەنگی هاوپەیمانییەکاندا هەیە.
لەم هەڵبژاردنەدا ململانێکان لەنێوان سەرکردەکاندا چڕبوهتەوە کە لەتوندیی ئەمنیدا هاوبەشن، بەڵام لەبەڕێوەبردنی دەوڵەتدا جیاوازن، هەڵبژاردنی داهاتوو دەیسەلمێنێت ئایا ناتانیاهۆ کە 18 ساڵە باڵادەستە لەدەسەڵاتدا دەمێنێتەوە، یان ئیسرائیل لاپەڕەیەکی نوێ هەڵدەداتەوە.
