شارپرێس:
کەتیبەکانی "سەیدولشوهەدا"، ئهمڕۆ پێنجشەممە، بەرپرسیارێتی گروپە چەکدارەکانی عێراقیان لەو هێرشە درۆنییانە ڕەتکردەوە کە کرانەسەر شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان، لەهەمانکاتدا، داهاتوی جوڵەکانی خۆیان بەستەوە بەگۆڕانکارییەکانی ڕوبەڕوبونەوەی نێوان ئەمریکاو ئێرانو دوبارە جەختیان لەسەر دەستگرتن بەچەکەکانیانەوە کردەوە.
کازم فەرتوسی وتەبێژی کەتیبەکان پهیامێكى بڵاوكردوهتهوهو ڕایگەیاندوه، "هیچ ئۆپەراسیۆنێک لەعێراقەوە بەرەو هەولێر ئەنجامنەدراوە، هیچ بڕیارێكیش بۆ هیچ کردەوەیەک لەلایەن گروپەکانی بهرهى مقاوهمهوه دەرنەچوە".
بەوتەی فەرتوسی، "ئەو هێرشانەی دەکرێنەسەر بەرژەوەندییو بنکەکانی ئەمریکا لەناوچەکەدا، لەچوارچێوەی ئەو ڕوبەڕوبونەوەیەیە کە لەنێوان ئێرانو ئەمریکادا هەیە، پێمانوایه، شەڕی ئێستا ڕەنگە بەردەوامبێت، بەڵام مەرج نییە بەرەو شەڕێکی گشتگیرو کراوە بڕوات".
لەوەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەئەگەری بەرفراوانبونی ڕوبەڕوبونەوەی نێوان واشنتۆنو تاران، فەرتوسی ڕونیکردەوە، "هەڵوێستی گروپە چەکدارەکان لەکاتی خۆیداو بهگوێرهى پەرەسەندنی ڕوداوەکانو هەڵسەنگاندنی دۆخەکە دیاریدەکرێت".
سەبارەت بەدۆسیەی چەکی گروپەکانیش، جەختیکردەوە، "چەکی بەرگریی بەستراوەتەوە بەبەردەوامیبونی بونی داگیرکارییو ئەو هەڕەشانەی ڕوبەڕوی سەروەریی عێراق دەبنەوە"، ئاماژەی بەوەشکرد، "قسەکردن لەسەر ڕادەستکردنی چەک پێش نەهێشتنی ئەم هۆکارانە، دورە لەواقیعەوە".
لەلایەکی دیکەوە، عەلی زەیدیی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، هێرشە درۆنییەکەی سەر هەولێری سەرکۆنە کردو ڕایگهیاند، "حکومەت چاوپۆشی لەهیچ هەوڵێک ناکات کە هەڕەشە لەئاسایشو سەقامگیریی عێراق بکات".
زەیدیی لەپۆستێکدا لەسۆشیاڵ میدیای "ئێکس" ڕایگەیاندوه، "ئەو دەستدرێژییەی کرایەسەر ئاسمانی شاری هەولێر، هەوڵێکی تاوانکارانەیە بۆ تێکدانی سەقامگیریی گەلەکەمانو ئەو ڕێڕەوە دڵنیاییەی کە گرتویەتیەبەر لەبویادنانی دەوڵەتو ئاشتیی کۆمەڵایەتیدا".
پێشتریش، دەزگای دژەتیرۆری کوردستان (پارتى) ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاندبوو، هەشت فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆمبڕێژکراویان لەئاسمانی هەولێردا خستوەتەخوارەوەو تێکیانشکاندون، بێئەوەی هیچ زیانێکی گیانی لێبکەوێتەوە.
