کەشتیگەلی سێبەر؛ چۆن ئێران گەمارۆکانی واشنتۆن دەشکێنێت؟

جیهان

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2202 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

دۆناڵد ترەمپ بڕیاری دوبارە سەپاندنەوەی گەمارۆی دەریایی بەسەر ئێراندا ڕاگەیاند، به‌گوێره‌ى زانیارییەکانی کۆمپانیای "ویندوارد ئینتلیجنس، تاران خەریکی ئامادەکردنی ئەو کەشتیانەیە کە توانای شکاندنی گەمارۆکەیان لەکەنداودا هەیە، لەبەرامبەریشدا، میدیا ئێرانییەکان بڵاویانکردەوە، سوپای پاسداران هەڕەشەی داخستنی هەموو ڕێڕەوەکانی دیكه‌ى هەناردەکردن دەکات کە ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی سودی لێدەبینن، کە ئاماژەیە بۆ گەروی بابولمەندەب.


یەکێک لەبژاردەکانی گوشاری ئێران گەروی بابولمەندەبه‌ کە دەریای سور بەکەنداوی عەدەنەوە دەبەستێتەوە، سوپای پاسدارانی ئێران ڕایگەیاندوە، هەناردەی وزە لەناوچەکەدا "یا بۆ هەموان دەبێت یان هەموان لێی بێبەشدەبن".

ئەگەر تاران بڕیاری بەکارهێنانی ئەم کارتە بدات، حوسییەکان دەچنە ناو بەرەی ڕوبەڕوبونەوەوە، بەرپرسێکی حوسییەکان ڕایگەیاندوە، ئامادەن گەروی بابولمەندەب دابخەن، ئەمەش لەوانەیە نرخی نەوت بۆ 200 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک بەرزبکاتەوە.

ئەم هەڕەشانە هاوکاتن لەگەڵ گرژییەکانی نێوان حوسییەکان‌و عەرەبستانی سعودی دوای تۆمەتبارکردنی ڕیاز بەبۆردومانکردنی فڕۆکەخانەی سەنعا لەڕۆژی دوشەممەى ڕابردودا.

ئێران پشت بە"کەشتیگەلی سێبەر" دەبەستێت بۆ دەربازبون لەسزاکانی ئەمریکا، به‌گوێره‌ى زانیارییەکانی "ویندوارد ئینتلیجنس"، 23 کەشتیی پەیوەندیدار بەئێران لەگەروی هورمزدا کاردەکەن کە ئاڵای ساختە بەکاردێنن یان ئامێرەکانی ناسینەوەیان کوژاندوەتەوە.

کۆمپانیای "فۆرتێکسا" ئاماژەی بەوەکردوە، 10 کەشتی لەوانە باری نەوتیان هەڵگرتوە، باس لەوەشدەکرێت کە ئێران لەڕێگەی گۆڕینی ئاڵا، شاردنەوەی شوێن‌و گۆڕینی ڕێڕەوەکانەوە نەوتەکەی دەگەیەنێتە دەرەوە؛ بۆ نمونە کەشتییەکی ئێرانی نەوتی لەدورگەی خارگ بارکردوەو لەڕێگەی بەندەری بەسرەی عێراقەوە بەرەو چین ڕۆیشتوە.

لەمانگی حوزەیراندا، ئێران نزیکەی 50 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاوی هەناردەکردوە، جگە لە 10 ملیۆن بەرمیل تەنها لەیەک ڕۆژدا لەهەفتەی ڕابردودا، پێشتریش گەمارۆی یەکەمی دەریایی ئەمریکا کە لەناوەڕاستی نیسان تا ناوەڕاستی حوزەیران بەردەوامبوو، نەیتوانیی بەتەواوی هەناردەکردنی نەوتی ئێران ڕابگرێت.

چین کڕیاری سەرەکیی نەوتی ئێرانەو لەساڵی 2023دا نزیکەی 90%ی هەناردەی نەوتی ئێرانی بۆ خۆی بردوە. واشنتۆن ئەم هەناردەکردنە تەنها وەک سەرچاوەی دارایی تاران نابینێت، بەڵکو وەک بەشێک لەتۆڕێکی ئابوریی بەهێز لەنێوان ئێران‌و چیندا سەیردەکات کە کێبڕکێی ستراتیژی لەگەڵ پەکیندا قوڵتر دەکاتەوە.