ئۆزگور ئۆزال پارتێکی نوێ وەک جێگرەوەی جەهەپە دادەمەزرێنێت

جیهان

4 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2219 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ئۆزگور ئۆزال سەرۆکی پێشوی پارتی گەلی کۆماریی (جه‌هه‌په‌) ڕایگەیاند، کاردەکەن بۆ دامەزراندنی پارتێکی سیاسیی نوێ وەک جێگرەوەیەک بۆ جەهەپەی ئێستا کە توشی دابەشبون بوە.


ئۆزال ئاماژەی بەوەکردوە، لەکۆتایی تەمموزو سەرەتای ئابی داهاتودا، هەنگاوە ڕاستەقینەکان بۆ دامەزراندنی پارتەکە دەنرێن‌و ئێستاش خەریکی دیاریکردنی ناوو دروشمێکی گونجاون بۆی.

ئۆزال لەلێدوانێکیدا بۆ کەناڵی "سۆزجو" ئاشکرایکرد، بۆ ئەم مەبەستە لەگەڵ سەرۆک لقەکان لەکۆبونەوەدان بۆ ئەوەی بەشێوازێکی هەماهەنگ کارەکان ببەنە پێشەوە.

وتوشیەتی، چاوەڕێی ڕێکەوتی 20ی تەمموز دەکەن کە تێیدا پرۆسە یاساییەکانیان کۆتایی دێت‌و دواتر لەگەڵ سەرۆک لقە هەڵبژێردراوەکاندا هەنگاوەکان دەستپێدەکەن.

سەرۆکی پێشوی جەهەپە ڕەخنەی لەکڵچدارئۆغڵو گرت کە بەبڕیاری دادگا گەڕاوەتەوە بۆ سەرۆکایەتیی جەهەپە، بەهۆی بێدەنگبونی بەرامبەر دەستگیرکردنی سەرۆکی شارەوانی چانکایا، حسێن گونەر.

لەکۆتاییدا ئۆزال باسی لەوەکرد، لایەنێکی بێدەنگ، بەڵام بەهێز لەناو پارتی دادو گەشەپێدان (ئاكپارتى) لەم هەڵمەتانە نیگەرانن‌و پەیوەندییان پێوەدەکەن، جەختیکردەوە، پێویستە ناڕازییەکان دەنگی خۆیان هەڵبڕن.