شارپرێس:
ڕۆژنامەی "مەعاریف"ی ئیسرائیلی بڵاویکردەوە، سوپای ئیسرائیل دەستیکردوە بەدروستکردنی بنکەو بارەگای سەربازیی هەمیشەیی لەباشوری لوبنان، ئەم هەنگاوە نیشانەی ئەوەیە کە ئیسرائیل بەتەمای مانەوەی درێژخایەنە لەو ناوچەیە، ئەمەش بەتەواوی پێچەوانەی خواستی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکایەو ڕەنگە کێشەیەکی سیاسیی گەورە لەنێوان ترەمپو ناتانیاهۆدا دروستبکات.
هەوڵەکانی ناتانیاهۆ بۆ بینینی ترەمپ
بهگوێرهى ڕاپۆرتەکە، ناتانیاهۆ خۆی ئامادەدەکات گەشت بکات بۆ ئەمریکا بۆ بەشداریکردن لەمەراسیمی پرسەی سیناتۆر "لیندسی گراهام" کە دۆستێکی نزیکی ئیسرائیل بوو، ناتانیاهۆ دەیەوێت لەپەراوێزی ئەم سەردانەدا چاوپێکەوتنێک لەگەڵ ترەمپ ڕێکبخات بۆ ئەوەی باسی چەندین بابەتی گرنگ بکەن، وەک: پرسی ئێران، تورکیا، دۆخی غەززەو هاوکارییە سەربازییەکانی ئەمریکا بۆ ئیسرائیل لەداهاتودا.
ساردیی کۆشکی سپی بەرامبەر ئیسرائیل
بەڵام ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەکردوە، کۆشکی سپی تائێستا هیچ کاتێکی بۆ ئەم چاوپێکەوتنە دیارینەکردوەو زۆر بەساردی وەڵامی داواکارییەکەی ئیسرائیلیان داوەتەوە، ترەمپ-یش لەلایەکەوە نایەوێت چەند مانگێک پێش هەڵبژاردنەکانی ئیسرائیل ناتانیاهۆ ببینێت تا وەک دەستێوەردان لەهەڵبژاردن لێکنەدرێتەوە، لەلایەکی دیكهشهوه پێیوایە، پێداگریی ئیسرائیل لەسەر بەردەوامبونی شەڕ، ڕێگریی لەپڕۆژە گەورەکانی ئەو دەکات بۆ ئارامکردنەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
هۆکاری سەرەکی نیگەرانییەکانی ترەمپ
ئەوەی ترەمپ زیاتر نیگەران دەکات، ئەوەیە کە ئیسرائیل داواکارییەکانی ئەو بۆ کشانەوە لەلوبنانو سوریا ڕەتدەکاتەوە، ئێستاش سوپای ئیسرائیل هێڵێکی ئەمنیی بەقوڵایی 10 کیلۆمەتر لەناو خاکی لوبناندا دروستکردوە بۆ ئەوەی هێرشی موشەکیو درۆنەکان لەسەر سنورەکانی دوربخاتەوەو کۆنتڕۆڵی ناوچە بەرزەکانی کردوە، تەنانەت سوپای ئیسرائیل پلاندادەنێت کە ئەگەر پێویستبکات، خۆی بەتەنها چەکی حزبوڵڵا دابماڵێت.
سەرۆکی ئەمریکا لەم قۆناغەدا پێویستی بەدەستکەوتێکی سیاسییو ئارامی هەیە لەناوچەکەدا، بەڵام ئیسرائیل دەڵێت، پاراستنی ئاسایشەکەی لەپێش هەموو شتێکەوەیە، لەبەر ئەم جیاوازیی بیروڕایە، ڕۆژنامەکە دەڵێت، "ڕەنگە بۆ ناتانیاهۆ باشتربێت تەنها بەتەلەفۆنێک لەگەڵ ترەمپ قسە بکات، چونکە چاوپێکەوتنی ڕوبەڕوو ڕەنگە ببێتە هۆی شەڕەدەنوکو ڕوبەڕوبونەوەیەکی سیاسیی زۆر توند".
