شارپرێس:
کۆمپانیای دانەغازی ئیماراتی ئاشكرایدهكات، سەرجەم دامەزراوە سەرەکەییەکانی بەرهەمهێنانی لەکێڵگەی غازی کۆرمۆر لەپارێزگای سلێمانی بەشێوەیەکی کاتیی داخستووە، لهڕاگەیەندراوێکی فەرمی کۆمپانیاکەشدا هاتوه، "ئەم بڕیارە وەک ڕێکارێکی خۆپارێزیی بەپەلە دراوە بۆ پاراستنی گیانی کارمەندانو ژێرخانی کێڵگەکە، ئەمەش دوای تێکچونی دۆخی ئەمنی ناوچەکەو بونی هەڕەشەی ئەمنیی ڕاستەقینەو جیددی"، وەزارەتی کارەباى حكومهتى ههرێمیش ڕایدهگهیهنێت، "لەچەند کاتژمێری داهاتودا کێشە بۆ کارەبا دروستدەبێت".
کۆمپانیاکە جەختیکردوەتەوە، لەنزیکەوەو بەهەماهەنگی بەردەوام لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەکانو وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێم، شانبەشانی دەسەڵاتدارانی فیدراڵیی بەغدا، چاودێریی پەرەسەندنە ئەمنییەکان دەکات تاوەکو لەکاتی ڕەخسانی دۆخێکی گونجاوو سەلامەتدا بەزوترینکات دەست بەپرۆسەی بەرهەمهێنان بکاتەوە.
کێڵگەی کۆرمۆر بەگرنگترین سەرچاوەی دابینکردنی غازی سروشتی بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا لەهەرێمی کوردستان دادەنرێت، چاودێرانی ئابوریی هۆشداریدەدەن، ئەم ڕاگرتنە کاتییە دەبێتە هۆی کەمبونەوەیەکی بەرچاو لەتۆڕی کارەبای نیشتمانیو دروستبونی کێشە لەپێدانی کارەبا بەهاووڵاتیان.
پێشتریش ئەم کێڵگەیە چەندینجار ڕوبەڕوی هێرشی درۆنیو موشەکیی بوەتەوە کە کاریگەری نەرێنی لەسەر پڕۆژەکانی فراوانکردنی غاز لەناوچەکەدا جێهێشتوە، لایەنە پەیوەندیدارەکانیش لەهەوڵی چڕدان بۆ جێگیرکردنی سیستمی بەرگریی بەهێزتر تا ڕێگریی لەدوبارەبونەوەی ئەوجۆرە ڕاگرتنانە بکرێت.
لهوبارهیهشهوه وەزارەتی کارەبای حكومهتى هەرێم لهڕێگهى ڕاگهیهنراوێكهوه هۆشداریدهداتو ڕایدهگهیهنێت، "بەهۆکاری گرفتێکی ئەمنی لهکێڵگەی کۆرمۆر، هەناردەی غاز بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا کەمبوهتهوه، بەمەش بەرهەمهێنانی کارەبا بەبڕی 2500 مێگاوات کەمیکردوه".
وهزارهتى كارهبا نوسیویهتى، "ئاگاداری هاوبەشانی کارەبا دەکەینەوە کە ئەم حاڵەتە کاتییەو هەمولایەنە پەیوەندارەکان لەسەر هێڵن بۆ دوبارە دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنەوەی غاز بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا".
