شارپرێس:
تۆڕی هەواڵی "سی بی ئێس" لەزاری بەرپرسانی ئەمریکاوە بڵاویکردوهتەوە، پنتاگۆن لەمدواییانەدا تاووتوێی چەند بژاردەیەکی سەربازیی دەکات دژی کوبا، لەوانەش هێرشێکی ئاسمانیی گەورە بەبەشداریی هەزاران سەربازی ئەمریکی لەفیرقەی 101ی هێزی دابەزینی ئاسمانی.
ڕاپۆرتەکە دەڵێت، "پلاندانەرانی سەربازیی لەم هەفتانەی دواییدا کۆمەڵێک بژاردەیان بۆ هێرشێکی گریمانکراو تاووتوێکردوە، بەڵام ئەم زانیارییانە بەو مانایە نین کە دۆناڵد ترەمپ یان پنتاگۆن بڕیاری کۆتاییان لەسەر ئەنجامدانی پرۆسەیەکی سەربازیی دابێت، چونکە ئەم هەنگاوە سوپای ئەمریکا دەخاتە بەردەم بەربەستێکی گەورە، لەکاتێکدا کە زۆربەی تواناکانی لەشوێنی تر بەکارخراون".
بهگوێرهى زانیارییەکانی بەرپرسان، واشنتۆن چەندین فڕۆکەو کەرەستەی هەواڵگریی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گواستوهتەوە بۆ پشتیوانیکردنی چالاکییەکان دژی ئێران، بۆیە لەمکاتەدا گۆڕینی سەرنج بەرەو کوبا کارێکی دورە.
هاوکات، مارکۆ ڕوبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، داوای لەسەرکردەکانی کوبا کردوە پێش ئەوەی درەنگ بێت چاکسازیی سیاسییو ئابوریی ڕاستەقینە بکەنو ئاماژەی بەئەگەری بەکارهێنانی هێز کردوە بۆ بەرەنگاربونەوەی ئەو مەترسییانەی لەلایەن کوباوە دروستدەبن.
لەبەرامبەردا، میگیل دیاز کانێل سەرۆکی کوبا، تۆمەتەکانی ئەمریکای ڕەتکردوهتەوەو ڕایگەیاندوە، واشنتۆن خۆی سەرچاوەی هەڕەشەیە، ئەمەش لەکاتێکدایە کە ئەمریکا سزاکانی بۆسەر وەزارەتی گەشتوگوزارو چەندین دامەزراوەی دیكهى حکومەتی کوبا فراوانترکردوە.
