شارپرێس:
هاوینان بەهۆی بەرزی پلەکانی گەرمییەوە، زۆرێک لە خەڵکی
بەناچار پەنا دەبەنە بەر بەکارهێنانی ئامێرەکانی ساردکەرەوە لەشێوەی سپلێت، بەڵام
ئەم چارەسەرە ئاسانە دەکرێت مەترسییەکی شاراوە و نەبینراو بۆ سەر تەندرووستی گشتیی
دروست بکات.
لەم ڕاپۆرتەدا پزیشکان 5 کاریگەری لاوەکیی نەخوازراو دەخەنە
ڕوو کە ئامێرەکانی ساردکەرەوە لەسەر جەستەی مرۆڤ بەجێی دەهێڵن، لەگەڵ بەخشینی چەندین
ئامۆژگاریی زانستیی و کرداریی بۆ خۆپاراستن لێیان.
یەکەم، وشکبوونەوەی پێست؛ سپلێت کار دەکات لەسەر مژینی شێی
ناو هەوا بۆ بەخشینی فێنکی، بەڵام لە بەرامبەردا دەبێتە هۆی لەدەستدانی ئاوی ڕووی
پێست، ئەمەش دەبێتە هۆی گرژبوون، توێکڵ درووستکردن و زیادبوونی هەستیاریی پێست، بەتایبەت
بۆ ئەو کەسانەی ئەکزیما یان پێستی وشکیان هەیە، و تەنانەت دەبێتە هۆی شەقبوونی لێوەکانیش.
بۆ ڕێگری، پزیشکان پێشنیاری بەکارهێنانی کرێمی شیدارکەرەوە و خواردنەوەی ئاوی زۆر
دەکەن.
دووەم، وشکبوونەوەی چاو؛ بەهۆی لەدەستدانی شێی ڕووی چاوەکانەوە
ڕوودەدات، کە دەبێتە هۆی سووتانەوە و هەستکردن بە ئازار، و لە حاڵەتگەلێکی کەمدا دەبێتە
هۆی کزبوونی کاتیی بینین. ئەم نیشانانە لەلای ئەو کەسانەی هاوێنە (لەنس) بەکاردێنن
زۆرتر دیارە. چارەسەرەکەی بەکارهێنانی قەترەی تەڕکەری چاو و کەمکردنەوەی ماوەی بەکارهێنانی
لەنسە.
سێیەم، بێزارکردنی لووت و گەروو؛ هەوای وشک لینجەپەردەی لووت و گەروو تووشی هەوکردن و ئێش
دەکات، کە دەبێتە هۆی گۆڕانی دەنگ و گیرانی لووت. هەروەها توانای بەرگریی لەش کەم
دەکاتەوە و تەنانەت ڕەنگە ببێتە هۆی خوێنەبەربوونی لووت. خواردنەوەی ئاو و بەکارهێنانی
ئامێری شێدارکەرەوەی هەوا ڕێگەی سەرەکین بۆ ڕێگریی.
چوارەم، تێکچوونی کۆئەندامی هەناسە؛ سپلێتی بێ پاککردنەوە، تۆز و کەڕوو بە هەوادا بڵاودەکاتەوە، کە سییەکان
دەبەستێت و نۆبەکانی ڕەبوو دەجووڵێنێت. پاککردنەوەی بەردەوامی فلتەرەکان و هەواگۆڕکێی
ژوورەکە چارەسەری گونجاون
پێنجەم، سەرئێشە و ئازاری جەستە؛ جەستە بەهۆی کەمئاوییەوە
تووشی ئازاری ماسولکە و سەرئێشە دەبێت، هەروەها بەرکەوتنی ڕاستەوخۆی هەوای سارد
ماسولکەکانی مل و شان ڕەق دەکات. بۆ خۆپاراستن، ئاوی پێویست بخۆنەوە و ئاراستەی هەوای
سپلێتەکە ڕاستەوخۆ مەکەنە سەر جەستەتان.
ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی