شارپرێس:
کورسییە چۆڵەکانی پەرلەمانی
عێراق بونەتە نیشانەی ترس لەیاسا؛ زیاتر لە 100 پەرلەمانتار لەترسی دەرچونی فەرمانی
دەستگیرکردن لەدۆسیەکانی گەندەڵیدا، خۆیان لەدانیشتنەکان بەدوردەگرنو شوێنی نیشتەجێبونی
خۆیان گۆڕیوە، ئەم ڕاکردنە بەکۆمەڵە دوای ئەوەدێت کە دادگا 19 داواکاریی فەرمی
ئاراستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان کردوە بۆ لادانی پارێزبەندی لەسەر ئەو ئەندامانەی
ناویان لەلیستە ڕەشەکاندا هاتوە.
پەرلەمان.. قەڵایەک بۆ
خۆحەشاردانی تۆمەتباران
گرنگترین بەربەست کە شەمەندەفەری
دژە گەندەڵی لەبەغدا ڕاگرت، پرسی «پارێزبەندیی پەرلەمانی» بوو، هەڵمەتەکە لەژێر سێبەری
پشوی یاساداناندا دەستیپێکرد، کاتێک لادانی پارێزبەندی تەنها پێویستی بەڕەزامەندیی
سەرۆکی پەرلەمان بوو، بەڵام لەگەڵ دەستپێکردنەوەی دانیشتنەکان، هاوکێشەکە گۆڕا.
ئێستا زیاتر لە 100 پەرلەمانتار
لەترسی فەرمانی دەستگیرکردن بایکۆتی دانیشتنەکانی پەرلەمانیان کردوەو ناگەڕێنەوە،
دادگا 19 داواکاریی فەرمی ناردوە بۆ لادانی پارێزبەندیی لەسەر پەرلەمانتارە گومانلێكروهكان،
بەڵام پهرلهمان ئامادەنییە دژی ئەندامەکانی دەنگبدات، چونکە ڕوداوەکانی ڕابردوو
بە(سوکایەتی) بۆسەر شکۆی خۆیان دەبینن.
گەمەی هێڵە سورەکانو
ترسی تیرۆر
چاودێران ئاماژە بەوەدەکەن،
لێکۆڵینەوەکانی زەیدیی کاتێک لەدۆسیەی بریکارەکانی وەزارەتی نەوت نزیکبونەوە، ڕوبەڕوی
بەربەستی سەربازییو گوشاری گروپە چەکدارەکان بونەوە، بهگوێرهى ڕاپۆرتەکان، (ڕێککەوتنێکی
نەنوسراو) هەیە بۆئەوەی ڕێگریی بکرێت لەگەیشتنی لێکۆڵینەوەکان بەسەرۆک وەزیرانی پێشوو
و سەرکردە دێرینەکانی پڕۆسەی سیاسی لەوڵاتدا.
تەنانەت سەرچاوە سیاسییەکان
باس لەوەدەکەن، سەرۆک وەزیران ڕوبەڕوی مەترسیی تیرۆرکردن یان ڕوخاندنی حکومەتەکەی
بوەتەوە ئەگەربێتو لەو هێڵە سورانە تێپەڕێت کە هێزە چەکدارەکان کێشاویانە، سەرهڕای
ئەوەی خۆی چەندینجار ڕایگەیاندوە، "هیچ هێڵێکی سور یان زەرد بونی نییە".
ئامارەکان؛ دڵۆپێک لەدەریایەک
جیاوازیی نێوان ئەوەی
هاتوەتەدییو ئەوەی کە دزراوە، زۆر گەورەیە، تائێستا تەنها 250 ملیار دینار خراوەتەوەسەر
خەزێنەی دەوڵەت، لەکاتێکدا خەمڵاندنەکان باس لەبونی 200 ملیار دۆلار لەژێر دەستی گەندەڵکاراندا
دەکەنو نزیکەی دوو ترلیۆن دۆلاریش بۆ دەرەوەی وڵات بهقاچاغ براوه، ئەمەش لەکاتێکدایە
کە حکومەت مانگانە بەدەست کورتهێنانی ههشت ترلیۆن دینارەوە دەناڵێنێت تەنها بۆ
دابینکردنی موچەی فەرمانبەران.
ئایا هەڵمەتەکە کۆتاییهاتوە؟
سیاسەتمەدارانی وەک ئەسیل
نوجەیفی پێیانوایە، ئەم ساردبونەوەیەی ئێستا پاشەکشە نییە، بەڵکو "ڕێکخستنەوەی
کارە لەپێشینەکانە"، بهگوێرهى ئەم خوێندنەوەیە، زەیدیی دەیەوێت سەرەتا دۆسیەی
چەکی دەرەوەی دەوڵەتو داماڵینی چەکی گروپەكان تا کۆتایی مانگى ئەیلولى ئهمساڵ یەکلابکاتەوە،
چونکە سەکردە گەندەڵەکان هێزی خۆیان لەو گروپە چەکدارانەوە وەردەگرن، ئەگەر چەک لەدەستی
دەوڵەتدا چڕببێتەوە، قەڵای پاراستنی گەندەڵکارانیش خۆبەخۆ دەڕوخێت.
ئێستا هەموو چاوەکان لەسەر
کۆتایی مانگی ئەیلولی داهاتون؛ ئایا (هەڵمەتی بەرەبەیان) بەگڕوتینێکی بەهێزترەوە دەگەڕێتەوە
پێشەوە، یان دۆسیەکە بۆ هەمیشە لەژێرزەمینی سازشە سیاسییەکاندا دەشاردرێتەوە؟.
