پارتى له‌باره‌ى قسه‌كانى پارێزگارى كه‌ركوكه‌وه‌ هاته‌ده‌نگ‌و ده‌ڵێت: به‌نزین به‌ئاگردا ده‌كه‌یت

کوردستان

6 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 3748 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەکاتێکدا کێشە سیاسیی‌و یاساییەکانی کەرکوک هێشتا بەهەڵپەسێردراوی ماونەتەوە، لێدوانەکانی محەمەد سەمعان پارێزگاری شارەکە، ناڕەزایەتیی توندی پارتی دیموکراتی کوردستانی لێدەکەوێتەوە، بەرپرسێکی باڵای پارتی ڕایدەگەیەنێت، قسەکانی پارێزگار دۆخەکە تێکدەدات‌و جەختدەکاتەوە، جێبەجێکردنی مادەی 140 تاكە ڕێگه‌یە بۆ پاراستنی سەقامگیریی شارەکە.


محەمەد کەمال بەرپرسی لقی سێی پارتی دیموکراتی کوردستان لەشاری کەرکوک لێدوانه‌كانى محەمەد سەمعان پارێزگاری کەرکوکى ڕه‌تكرده‌وه‌و وتى، "ئەو قسانە لەگەڵ ئەو ڕێڕەوە دەستورییەدا ناگونجێن کە تایبەتە بەپارێزگاکە".

به‌رپرسه‌كه‌ى پارتى وتوشیه‌تى، "لێدوانەکانی سەمعان دژایەتی ئەو مادە دەستورییە دەکەن کە سەقامگیریی کەرکوک دەپارێزێت، جێبەجێکردنی ئەو مادەیە باشترین چارەسەرە بۆ کێشەکانی شارەکەو تەواوی ناوچە جێناکۆکەکانی دیكه‌و بەچەندین ساڵی دیكه‌ش دەستبەرداری جێبەجێکردنی ئەم مادەیە نابین".

ئەو سەرکردەیەی پارتی جه‌ختیكرده‌وه‌، "وا چاوەڕواندەکرا لێدوانەکانی پارێزگاری کەرکوک ببێتە هۆکاری سەقامگیریی‌و نه‌بێته‌ هۆكارێك بۆ نانەوەی دوبەرەکی لەناو شارێکی فرەنەتەوەدا، بەڵام بەپێچەوانەوە قسەکانی هاتن بۆ ئەوەی بەنزین بکەن بەئاگرداو دۆخەکە تێکبدەن بۆيه ئاگادارى قسه‌كانت به‌، ئەمە بەهيچ شێوەیەک قبوڵکراونییە".

ئەم لێدوانانەی محەمەد سەمعان کەنعان پارێزگاری کەرکوک سەبارەت بەمادەی 140ی دەستوری عێراق لەکاتێکدایە، ناكۆكییە سیاسیی‌و یاساییەکان لەسەر دۆخی پارێزگاکەو ناوچە جێناکۆکەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی‌و هەرێمی کوردستان هێشتا بەردەوامییان هەیە.

هه‌فته‌ى ڕابردوو پارێزگارى كه‌ركوك ڕایگه‌یاند، "ئێمە وەک پێکهاتەی تورکمان هەر لەسەرەتاوە دژی مادەی 140 بوین، چونکە دەمانزانی کێشە بۆ کەرکوک دروستدەکات، ئێستاش ئەو مادەیە کۆتاییهاتوە، چونکە ڕیفراندۆم کراو دەوڵەت قسەی خۆی کردو یاسای لەشارەکەدا چەسپاند".

دواى ئه‌وه‌ش،  دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم وەڵامی محەمەد سەمعان-ى دایەوەو ڕایگەیاند، لێدوانی نادەستورییانەی ناوبراو ڕەتدەکەینەوەو پێویستە خۆی بەدوربگرێت لەو دەستەواژانەی کە پێچەوانەی دەستورن.

له‌لایه‌كى دیكه‌شه‌وه‌، ڕێکخراوی "کەرکوک بۆ هەموان" پەیامێک ئاراستەی سەرۆک کۆمارو سەرۆک وەزیران‌و پەرلەمانی عێراق دەکات‌و دەڵێت، "پارێزگاری کەرکوک دەستی بردوە بۆ هەندێ بابەتی سیاسیی کە کاریگەری خراپی لەسەر ژیان‌و گوزەرانی هەموان هەیە".