ئێران پێنج مەرج بۆ كردنەوەی گەروی هورمزو ڕێككەوتنی كۆتایی ڕادەگەیەنێت

جیهان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1460 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران، لەبەرامبەر ڕیككەوتن و كردنەوەی گەروی هورمز پێنج مەرجی سەرەكی بۆ ئەمریكا داناو دەڵێت، ئەمریکا ڕەفتارەکانی نەگۆڕێت، گەروەکە بەداخراوی دەمێنێتەوە.


محەممەد باقر زولقەدر، سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران، ڕایگەیاند، رێگری لەکردنەوەی گەروی هورمز بەردەوام دەبێت تا ئەو کاتەی ئەمریکا بەتەواوی رەفتارەکانی بەرامبەر ئێران دەگۆڕێت، هاوکات وتیشی، وڵاتەکەی پێنج مەرجی بنەڕەتی بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخەکەو کردنەوەی گەروەکە هەیە.

لەوانە، کۆتاییهێنان بەهەر جۆرە هەڕەشەو سوکایەتیکردنێک بەگەل و پیرۆزییەکانی ئێران و ڕاگرتنی هەمیشەیی دەستدرێژی و جەنگ دژی ئێران و هاوپەیمانەکانی لەلوبنان، فەلەستین، یەمەن و عێراق.

هاوكات، لابردنی گەمارۆی دەریایی و کشانەوەی تەواوی هێزە ئاسمانی و دەریاییەکانی ئەمریکا لەدەوروبەری سنورەکانی ئێران و دانی قەرەبوی دارایی بەشێوەیەکی بێ کەموکورتی بۆ زیانەکانی ئەو دوو جەنگەی کە بەسەر ئێراندا سەپێنراون، لەگەڵ هەڵگرتنی سەرجەم سزاکان و ئازادکردنی بێ مەرجی هەموو داراییە بلۆکەکراوەو دزراوەکانی گەلی ئێران.