شارپرێس:
ڕاپۆرتێکی نوێی ڕۆژنامەیهكى ئیسرائیلی پەردە لەسەر دۆسیەیەکی شۆکهێنەری 25 ساڵەی ماڵی بنیامین ناتانیاهۆ لادەبات؛ دەیان کارمەندی پێشوو بەشایەتی یاسایی، سارا ناتانیاهۆی هاوسەری سەرۆک وەزیران بەئەشکەنجەی دەرونی، جنێودانو ناچارکردن بەکاری زۆرەملێ وەک «كهوتن لەسەر سک بۆ پاککردنەوە» تۆمەتباردەکەن، سەرەڕای ڕەتکردنەوەی فەرمیو تۆمەتبارکردنی کارمەندان بەڕێگریکردنی دارایی، دادگاکانی ئیسرائیل لەچەندین کەیسی جیاوازدا ملیۆنان شێکڵ قەرەبویان بۆ زیانلێکەوتوان بڕیوەتەوە کە دوایینیان پابەندکردنی نوسینگەی سەرۆک وەزیران بوو بەپێدانی 300 هەزار دۆلار بەسێ کارمەند کە خۆیان وەک «کۆیلەی مۆدێرن» ناوزەدکردوە.
ڕۆژنامەی یەدیعوت ئەحرۆنۆتی ئیسرائیلی کۆمەڵێک شایەتیو داواکاریی دادگایی دەیان کارمەندی پێشوی ماڵی بنیامیان ناتانیاهۆی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلی بڵاوکردوهتەوە کە تێیدا سارا ناتانیاهۆ هاوسەری بنیامین ناتانیاهۆ، بەمامەڵەی توندوتیژانە، هاوارکردن، جنێودان، سوکایەتیکردنو کارپێکردنی زۆرەملێ لەماوەی زیاتر لە 25 ساڵی ڕابردودا تۆمەتباردەکەن.
ئاماری ئەم کەیسانە جیاوازەو بەشێکیان بەبڕیاری دادگاو پێدانی قەرەبوو کۆتاییانهاتوە، هەندێکیان بەڕێککەوتنی نهێنی یەکلایکراونەتەوەو بەشێکیشیان بەهۆی نەبونی بەڵگەی پێویستەوە ڕەتکراونەتەوە، لەکاتێکدا سارا ناتانیاهۆو پارێزەرەکانی سەرجەم ئەم دەنگۆیانە دەبەنەوە پاڵ کەمپەینێکی میدیایی بۆ بڕینو بردنی پارە لەدەوڵەت.
لەنێو داواکارییە نوێیەکاندا، یەحیێل ئۆهاڤ عەمی تەمەن 61 ساڵ باسی لەوەکردوە، لەکاتی کارکردنیدا توشی سوکایەتیی بوهتەوەو تەنانەت داوای لێکراوە زەویی چێشتخانە لەسەر سکخشان پاکبکاتەوە، جگەلەوەی سارا ناتانیاهۆ ئارەزوی مردنو نەخۆشیی بۆکردوە.
لەبەرامبەردا نوسینگەی سەرۆک وەزیران ئەم بانگەشەیەی ڕەتکردوهتەوەو سارا ناتانیاهۆش بەتۆمەتی وێنەگرتنی نایاساییو پێشێلکردنی تایبەتمەندیی، سکاڵای لەسەر تۆمارکردوە.
ئەمە لەکاتێکدایە کە کەیسەکانی دیكه مێژویەکی درێژیان هەیە؛ لەساڵی 2016دا کارمەندێک بەناوی گای ئیلیاهۆ دوای سەلماندنی کەشوهەوای پڕ لەترسو کارکردنی تا 19 کاتژمێر لەڕۆژێکدا قەرەبوو کرایەوە.
لەهەمان ساڵدا دادگای کاری هەرێمیی قودس بڕیاریدا بەپێدانی 170 ههزار شیکڵ (نزیکەی 56 ههزارو 570 دۆلار) بەمێنی نەفتالی بەڕێوەبەری پێشوی ماڵەکە، بەهۆی بونی ژینگەیەکی کاری زیانبەخش.
دۆسیەکان تەنها لەسەر ئاستی دادگاییکردنی کەسی نەماونەتەوە، بەڵکو لەساڵی 2024دا دادگا بڕیاریدا نوسینگەی سەرۆک وەزیران وەک دامەزرێنەر پابەندبکات بەپێدانی نزیکەی 900 ههزار شێکڵ (نزیکەی 300 ههزار دۆلار) بەسێ کارمەندی پێشوو کە خۆیانیان بەکۆیلەی مۆدێرن ناودێرکردبوو، بەهۆی پێشێلکردنی مافەکانی کارو نەدانی موچەی کاتژمێرە زیادەکان.
هەرچەندە هەندێک دۆسیەی دیكه وەک سکاڵاکەی شیرا ڕەبانی 24 ساڵە لەساڵی 2022و سیلفی گەنسییە لەساڵی 2020 بەهۆی نەبونی بەڵگەی پێویست ڕەتکراونەتەوە یان سڕدراونەتەوە، بەڵام ڕوداوی دیكهى وەک فڕێدانی خۆراک بەڕوی کارمەندان لەنیسانی ساڵی ڕابردودا، لەڕێگەی ڕێککەوتنی نهێنی لەگەڵ کۆمپانیای هێزی کارو پێدانی دەیان هەزار شێکڵ بەکارمەندەکە کۆتایی پێهێنراوە.
