بەرەو سێشەممەیەکی گەرم؛ دوو جوڵەی پەرلەمان ده‌ستپێده‌كات

عیراق

12 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2821 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

جوڵەیەکی سیاسیی پێشوەختە کە دەکرێت نەخشەی کارگێڕیی‌و سیاسیی وڵات بگۆڕێت؛ گۆڕانکارییەک کە لایەکی بەیاسای کۆمەڵایەتی‌و لایەکەی دیكه‌ى بەهەوڵدان بۆ سڕکردنی دەسەڵاتە لۆکاڵییەکان بەستراوەتەوە.


لەدانیشتنێکی ئاساییدا کە کۆدەنگییەکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی‌و 239 پەرلەمانتار تێیدا ئامادەبون، پەرلەمان هەنگاوی جدی بۆ پێداچونەوە بەدوو یاسای گرنگدا نا، بەڵام ئەوەی لەپشت پەردەی دانیشتنەکەوە ڕویدا، سەرنجی چاودێرانی سیاسیی بەتەواوی بۆ لای خۆی ڕاکێشا.

پەرلەمان توانیی بەسەرکەوتویی خوێندنەوەی یەکەم بۆ پڕۆژه‌یاسای (چاودێری نەوجەوانان)و هەموارکردنی یاسای (موختارەکان) کۆتایی پێبهێنێت، ئەم دوو یاسایە ڕاستەوخۆ گۆڕانكاریى پێکهاتەی کۆمەڵایەتی‌و ئیداریی گەڕەک‌و شارۆچکەکان دەکەن، بەڵام کاتێک پەرلەمانتاران سەرقاڵی گفتوگۆی یاسایی بون، هەڵمەتێکی بێدەنگ لەناو ڕاڕەوەکانی پەرلەماندا دەستیپێکرد؛ بۆ پرۆسەی کۆکردنەوەی واژۆ بۆ سڕکردنی کارەکانی ئەنجومەنی پارێزگاکان.

ئەم جوڵە پەرلەمانییە کتوپڕە بۆ سڕکردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان، لەکاتێکدایە کە هێشتا هیچ زانیارییەک لەسەر ژمارەی ئەو پەرلەمانتارانەی واژۆیان کردوە یان هۆکارە فەرمییەکانی پشت ئەم داواکارییە ئاشکرانەکراوە.

چاودێران پێیانوایە، ئەم هەنگاوە دەبێتە هۆی دروستبونی شەپۆلێکی نوێی گرژیی لەنێوان پارێزگاکان‌و بەغدا، بەتایبەت کە ئەنجومەنی پارێزگاکان وەک دەسەڵاتێکی شەرعی لۆکاڵی سەیر دەکرێن.

سەرۆکایەتی پەرلەمان دوای کۆتاییهێنان بەکارەکانی دانیشتنەکە، بڕیاریدا دانیشتنی داهاتوو بۆ ڕۆژی سێشەممە واته‌ سبه‌ینێ دوابخات، چاوەڕواندەکرێت لەدانیشتنی سبه‌ینێدا پەردە لەسەر وردەکاریی زیاتری پرۆسەی سڕکردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لاببرێت‌و ده‌رده‌كه‌وێت ئاخۆ ئەم هەڵمەتە دەگاتە ئەنجام یان تەنها وەک کارتێکی فشار لەدژی لایەنە لۆکاڵییەکان بەکاردەهێنرێت، عێراق لەبەردەم سێشەممەیەکی گەرمدایە کە ڕەنگە ڕێڕەوی کارگێڕیی وڵات بگۆڕێت.