مەسرور بارزانی: هیچ ئەمریکییەک لەبنکەی هەریر نییەو هەرێم پەیوەندیی بەئیسرائیلەوە نییە

کوردستان

5 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 275 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شارپرێس:

مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم لەهەڤپەیڤینێکی تەلەفزیۆنیدا جەختیکردەوە، هەرێم پابەندی سیاسەتی دەرەوەی فەرمی حکومەتی فیدراڵییە لەبەغدا، ناوبراو پێداگریی لەسەر ڕەتکردنەوەی بەکارهێنانی خاکی هەرێم بۆ زیانگەیاندن بەئاسایش‌و سەقامگیریی هەر وڵاتێکی دراوسێ کرد.


بارزانی ئەو تۆمەتانەی ڕەتکردەوە کە باس لەبەکارهێنانی بنکەی ئاسمانی (هەریر) دەکەن بۆ ئەنجامدانی هێرش دژی ئێران‌و جەختیکردەوە، بنکەکە بەتەواوی لەهێزی سەربازیی چۆڵەو هیچ سەربازێکی ئەمریکی تێدانییە.

ئاماژەی بەوەشکرد، هێزەکانی ئەمریکا کۆتاییان بەئەرکەکەیان هێناوەو به‌گوێره‌ى ئەو ڕێککەوتنەی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵیدا کراوە عێراق بەجێدەهێڵن، وتیشی، "بونی بیانی لەڕابردودا تەنها بۆ هەوڵەکانی بەرەنگاربونەوەی تیرۆرو بەهەماهەنگی لەگەڵ بەغدا بوە".

سەبارەت بەپەیوەندیی لەگەڵ ئیسرائیل، سەرۆکی حکومەتی هەرێم ڕایگەیاند، هیچ پەیوەندییەک لەگەڵ ئیسرائیلدا نییە، هەرێمی کوردستان بەشێکە لەعێراق‌و سیاسەتی دەرەوەی لەژێر دەسەڵاتی تایبەتی حکومەتی فیدراڵیدایە.

لەدۆسیەی ناوخۆیی‌و پەیوەندیی لەگەڵ بەغدا، بارزانی پشتیوانی خۆی بۆ هەوڵەکانی سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ دوپاتکردەوە بۆ ملکەچکردنی هەموان بۆ سەروەریی یاساو کۆنترۆڵکردنی چەکی دەرەوەی چوارچێوەی دەوڵەت.

ئه‌وه‌شى وت، "کێشەی سەرەکی نێوان هەرێم‌و بەغدا جێبەجێنەکردنی تەواوی بڕگەکانی دەستوری عێراقه‌، لەگەڵ هەوڵەکان بۆ لادان لەسیستمی فیدراڵی، داواده‌كه‌ین یاسای نەوت‌و گاز دەربکرێت‌و دۆسیەی مادەی 140ی تایبەت بەناوچە جێناکۆکەکان یەکلایی بکرێتەوە بۆ تێپەڕاندنی قەیرانە هەڵپەسێردراوەکان".

سەبارەت بەلێکەوتە ئابورییەکانی قەیرانە ناوچەییەکان‌و داخستنی ڕێڕەوە دەریاییەکان وەک "گه‌روى هورمز"، بارزانی ڕونیکردەوە، هەرێم ئامادەیە یارمەتی بەغدا بدات لەدابینکردنی هەناردەی نەوت لەڕێگەی بۆریی نه‌وتى هه‌رێمه‌وه‌ بەرەو تورکیا بۆ کەمکردنەوەی بارگرانییە ئابورییەکان، لەهەمانکاتدا پێیوابوو، توانای بەرهەمهێنانی هەرێم (کە لەنێوان 300 بۆ 400 هەزار بەرمیل لەڕۆژێکدایە) ناتوانێت بەتەواوی زیانەکانی هەناردەکردنی باشور قەرەبوو بکاتەوە".

سەبارەت بەدۆسیەی پارتە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی وڵاتانی دراوسێ، بارزانی جەختیکردەوە، هەرێم پشتیوانی لەچارەسەری ئاشتییانەو گفتوگۆی سیاسیی دەکات بۆ چارەسەرکردنی دۆسیەی نەتەوەیی کورد لەتورکیا، سوریاو ئێران، ده‌شڵێت، "قەبارەی ئەو هەڕەشەیەی گوایه‌ له‌م هێزانه‌وه‌ كراوه‌ بۆسه‌ر ئه‌و وڵاتانه‌، گەورە دەکرێت، به‌ڵام ئێمه‌ پێشوازیی لەدەستپێشخەریی‌و هەنگاوەکانی ئه‌مدواییه‌ ده‌كه‌ین کە خۆی لەلێکتێگەیشتن‌و گفتوگۆی نێوان لایەنەکان لەسوریاو تورکیادا دەبینێتەوەو جەختیش لەڕێزگرتنی هەرێم بۆ سەروەریی وڵاتانی دراوسێ‌و تایبەتمەندیی هاوڵاتیانی کوردی ئەو وڵاتانە ده‌كه‌ینه‌وه‌".