هه‌ولێر پشتیوانى خۆى بۆ زه‌یدیى ڕاگه‌یاند؛ مۆڵەتی کۆتایی بۆ کۆکردنەوەی چەک نزیکدەبێتەوە

کوردستان

10 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2320 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەکاتێکدا عێراق‌و ناوچەکە بەقۆناغێکی هەستیاری ئەمنیدا تێپەڕدەبن، دۆسیەی چەکی بێسەروبەرى گروپه‌كان، جارێکی دیكه‌ پرسی ململانێ سیاسیی‌و ئەمنییەکانی هێناوەتەوە پێشەوە، ئەمجارە دەنگی پاڵپشتی لەناوجەرگەی پایتەختی هەرێمی کوردستانەوە بەرزتر دەبنەوە؛ ئەو هەرێمەی کە ساڵانێکە باجی قورسی فەوزای چەک‌و میلیشیا چەکدارەکان دەدات.


مه‌حما خه‌لیل پەرلەمانتاری پارتی له‌به‌غدا، لەدواین لێدوانی فەرمیدا پەردەی لەسەر ڕاستییەکی تاڵ لاداو ڕایگەیاند، هەرێمی کوردستان زیانمەندی یەکەم‌و سەرەکیی بوە لەبڵاوبونەوەی چەکی دەرەوەی یاسا.

لێدوانى ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ى پارتى ئاماژەیە بۆ ستراتیژیەتێکی نوێی هەولێر بۆ پشتیوانیکردنی تەواو لەهەنگاوەکانی بەغدا بەئاراستەی کۆتاییهێنان بەو مەترسییە بەردەوامەی سەر ئاسایشی نیشتمانیی.

سەدان هێرش‌و یەک ئامانج
پەرلەمانتارەکەی پارتی ڕاستەوخۆ دەستی لەسەر برینەکە داناو وتى، "گروپه‌ چەکدارەکان بەپاساوی جیاواز سەدانجار خاکی هەرێمیان کردوەتە ئامانج، ئابوریی، فڕۆکەخانەکان‌و ژێرخانی وزەی کوردستان لەمساڵانەی دواییدا لەژێر ڕەحمەتی ئەو چەکانەدا بون کە لەدەرەوەی چوارچێوەی دەوڵەتدا به‌كارده‌هێندرێن، ئەم واقیعەش وایکردوە پرسی کۆنترۆڵکردنی چەک بۆ کوردستان ببێتە بابەتێکی چارەنوسسازو هەموان هاوڕابن لەسەر پێویستی پاڵپشتیکردنی یاسا".

هەماهەنگی هەولێرو بەغدا
لەکاتێکدا لەڕابردودا پەیوەندییەکانی نێوان ناوەندو هەرێم لەسەر پرسە ئەمنییەکان جۆریک لەساردی پێوە دیاربوو، بەڵام ئێستا گۆڕانکاریی ڕویداوە، بەگوێرەی زانیارییەکان، هەرێمی کوردستان هاوکارییەکی زۆرى بێ مه‌رج پێشکەش بەحکومەته‌كه‌ى عەلی زەیدیی دەکات، نەک تەنها لەپرسی چەکدا، بەڵکو لەدۆسیەی گەورەی بنبڕکردنی گەندەڵیشدا، ئەم هاوپەیمانێتییە نوێیە دەتوانێت بنەمایەکی بەهێز بۆ سەقامگیریی وڵات دابین بکات.

هێڵی سور؛ 30ی ئەیلول
گرنگترین‌و وەرچەرخانترین خاڵ لەم دۆسیەیەدا، دیاریکردنی کاتە، پشتیوانییە ڕاستەوخۆکەی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم، وەک هاندەرێکی گەورە بۆ خێراکردنی پرۆسەکە لەلایەن دەوڵەتەوە دەبینرێت، چاودێران دەڵێن، بڕیاری کۆنترۆڵکردنی چەک پێش 30ی ئەیلولی داهاتوو، تاقیکردنەوەیەکی گەورەو نه‌بڕاوه‌یه‌ بۆ ڕادەی سوربونى دەوڵەت لەبەرامبەر گروپە چەکدارەکاندا.

چاودێران جه‌ختده‌كه‌نه‌وه‌، ئەرکی بەغدا لەئێستادا تەنها دەرکردنی بەیاننامە نییە، بەڵکو سەلماندنی جێبەجێکردنی یاسایە بەهاوکاریی‌و پشتیوانیی هەولێر، له‌و ڕوه‌شه‌وه‌ ده‌پرسن ئایا حکومەت دەتوانێت پێش وادەی دیاریکراو سەرجەم چەکەکان لەژێر چەتری دامەزراوە فەرمییەکاندا کۆبکاتەوە؟ مانگی داهاتوش وەڵامی ئەم پرسیارە چارەنوسسازە وه‌رده‌گرینه‌وه‌.