شارپرێس:
لەکاتێکدا کەمبونەوەی یەدەگی نەوت، ئەمریکای
ڕوبەڕوی قەیرانێکی دارایی قوڵ کردوەتەوە کە لەساڵی 1983وە وێنەی نەبوە، ژەنەڕاڵ
دان کین هۆشداریدەداتو ڕایدەگەیەنێت، "پێویستە ڕێگەیەک بۆ دەرچون لەجەنگى ئێران
بدۆزرێتەوە"؛ هاوکات لەگەڵ ئەم هەوڵانەی واشنتۆن بۆ دۆزینەوەی دەرچەیەک، فەرماندەی
هێزە وشکانییەکانی سوپای ئێران هێشتا زمانی هەڕەشە بەکاردەهێنێتو جەخت لەسەر
ئامادەباشیی توندی سوپاکەی دەکاتەوە.
لەوەرچەرخانێکی دراماتیکیو کتوپڕدا، کۆشکی
سپی بەرەو دۆزینەوەی دەرچەیەک بۆ کەمکردنەوەی ئاڵۆزییە سەربازییەکانی لەگەڵ تاران
هەنگاو دەنێت، پرسی سەرەکی لەم هاوکێشە نوێیەدا "دەستپێکردنەوەی گەشتە دەریاییەکانە
لەگەروی هورمز"، کە بوەتە چەقی پلانە نوێیەکەی دۆناڵد ترەمپ بۆ کۆتاییهێنان بەگەمارۆ
دەریاییەکانی سەر ئێران.
ڕۆژنامەی وۆل ستریت جۆرناڵ-ى ئهمریكى لەزاری
بەرپرسانی وڵاتهكهیهوه ئاشکرایکردوە، ترەمپ ئامادەیە سەرجەم گەمارۆ دەریاییەکانی
سەر ئێران هەڵبگرێت، بەو مەرجەی تاران گەروی هورمز بەتەواوی بەڕوی هاتوچۆى کەشتیوانى
جیهانیدا بکاتەوە، تەنانەت پێشنیازی درێژکردنەوەی ئاگربربڕیشى كردوه ئەگەر بەرنامە
ئەتۆمییەکەی ئێران کۆنترۆڵ بکرێت.
سەرچاوەکان ئاماژە بەوەدەکەن، ترەمپ لەپشت پەردەوەو
لەگەڵ یاریدەدەرە باڵاکانیدا، باسی لەئەگەری کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لەئۆپهراسیۆنە
سەربازییەکانی دژی ئێران کردوە، دهشڵێت، "ئەو دەیەوێت بەتەنها مەرجی کردنەوەی
گەروی هورمز، ئەم هەنگاوە وەک سەرکەوتنێکی گەورە بۆ ئیدارەکەی بەجیهان بناسێنێت، تەنانەت
ئەگەر چوارچێوەی ڕێککەوتنێکی ئەتۆمی نوێش واژۆنەکرێت، جی دی ڤانس جێگری سەرۆکی ئەمریکا-ش
دۆخەکەی کورتکردوەتەوەو وتویهتى، "ئێمە لەناوەڕاستی یارییەکەداین نەک لەسەرەتایدا".
ئەم نەرمییە کتوپڕەی واشنتۆن بەبێ هۆکار نییە؛
لهو ڕوهشهوه تۆڕی سی ئێن ئێن ئاشکرایکردوە، ژەنەڕاڵ دان کین سەرۆکی دەستەی ئەركانی
هاوبەشی ئەمریکا، نیگەرانیی توندی خۆی لەبژاردەکانی پەرەسەندنی سەربازیی دەربڕیوەو
ڕایگەیاندوە، هێرشی ئاسمانیی بەتەنها ئامانجەکان ناپێکێتو پێویستە ڕێگەیەک بۆ دەرچون
لەم جەنگە بدۆزرێتەوە.
هاوکات، کەمبونەوەی یەدەگی نەوتی ستراتیژیی
ئەمریکا بۆ نزمترین ئاست لەدوای ساڵی 1983وە (نزیکەی 304.8 ملیۆن بەرمیل)، بوەتە هۆی
فشارێکی ئابوریی توند لەسەر واشنتۆن.
لهبەرەی بەرامبەردا، جموجۆڵەکان خێرابون؛ مەسعود
پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئێران، لەگەڵ موجتەبا خامنەیی ڕێبەری باڵاى ئێران کۆبوەتەوە
بۆ تاووتوێکردنی ئامادەکارییە ئابورییو بژێوییەکان بۆ قۆناغی داهاتوو.
لەگەڵ ئەم گۆڕانکارییە سیاسییانەشدا، فەرماندەی
هێزە وشکانییەکانی سوپای ئێران هێشتا زمانی هەڕەشە بەکاردەهێنێتو جەختدەکاتەوە، هێزەکانیان
لەتەواوی ئامادەباشیدان بۆ دانی "وەڵامێکی توندو بەهێز" بەرامبەر هەر جوڵەیەکی
سەربازیی دژی وڵاتەکەیان.
