شارپرێس:
ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ئێران، لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، بڕیاردان لەسەر هەر بەڵگەنامەیەکی نێودەوڵەتی تەنها لەسەر بنەمای بەرژەوەندی نیشتمانی دەبێت.
بەقایی ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، داخستنی گەروی هورمز ئەنجامی دەستدرێژییەکانی ئەمریکاو ئیسرائیلەو تا ئەو کاتەی گەمارۆ دەریاییەکانی ئەمریکا بەردەوام بن، بارودۆخ بۆ ئارامبونەوەی ئەو رێڕەوە فەراهەم نییە.
جەختیشی كردەوە، کە کردنەوەی گەروی هورمز مەرجدار کراوە بەڕاگرتنی کردەوە نایاساییەکانی ئەمریکاو هەڵگرتنی گەمارۆکان و قەرەبوکردنەوەی زیانەکان و وتیشی، ئێستا لەگەڵ عومان سەرقاڵی داڕشتنی سازوکاری نوێن بۆ چاودێریکردنی هاتوچۆی سەلامەت و پاراستنی ژینگە لەو ناوچەیەدا.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕەتیشیکردەوە هیچ گفتوگۆیەکی ڕاستەوخۆ لەنێوان تاران و واشنتۆن هەبێت و وتی،"پەیوەندییەکان تەنها سنوردارن بەئاڵوگۆڕی پەیام لەڕێگەی نێوەندگیرەکانەوە.
بەئائی جارێكی دیكە جەختیشی کردەوە کە هەر بڕیارێک لەسیاسەتی دەرەوەدا بدرێت، لەژێر چاودێری وردی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی دەبێت.
لەکۆتایی قسەکانیدا، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاماژەی بە بەشداری وڵاتەکەی لەکۆبونەوەی داهاتوی کۆمەڵەی گشتی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان کرد و وتی، هێشتا بڕیاری بنبڕ لەسەر ئاستی شاندەکە نەدراوە، بەڵام وەک ساڵانی رابردوو ئێران ئەو دەرفەتە بۆ ڕونکردنەوەی هەڵوێستە ڕەسمییەکانی خۆی بەکاردەهێنا.