لەهاوپەیمانیی ستراتیجییەوە بۆ کێبڕکێی ئاڵۆز.. پەیوەندییەکانی نێوان ئازەربایجان و ئیسرائیل پاشەکشە دەکات

جیهان

8 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 298 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
پەیوەندییە ستراتیجییەکانی نێوان ئیسرائیل و ئازەربایجان ڕوویان لە ساردی کردووە، سەرەڕای بەردەوامی ڕێککەوتنە سەربازییەکان، بەشێوەیەک پیشەسازییە بەرگرییەکانی ئیسرائیل ئاماژەی نیگەرانی دەردەبڕن لە ئەگەری دابەزینی درێژخایەنی قەبارەی گرێبەستەکانیان لەگەڵ باکۆ، بەهۆی ئاڵۆزییە سیاسییەکان و بەرزبوونەوەی کێبڕکێی نێودەوڵەتی.

 
بەگوێرەی ڕۆژنامەی "غلوبس"ی ئابووری، بڕیاری حکومەتی ئیسرائیل بۆ دانپێدانانی کۆمەڵکوژی ئەرمەنەکان، ناڕەزایەتیی توندی لە باکۆ لێکەوتۆتەوە؛ هاوکات ئازەربایجان هەڵوێستەکانی لەپشتیوانیکردنی دۆزی فەلەستین توندتر کردووە، بەوپێیەی باکۆ بەم دواییانە پێشوازی لە محەمەد مستەفا، سەرۆک وەزیرانی فەلەستین کرد و داوای دامەزراندنی دەوڵەتی فەلەستینی بە پایتەختی قودسی ڕۆژهەڵات دووپاتکردەوە.

لەگەڵ ئەوەشدا، ئیسرائیل بەم دواییانە گرێبەستێکی سەربازیی گەورەی بە بەهای سەدان ملیۆن دۆلار لەگەڵ ئازەربایجان واژۆ کردووە، کە موشەکی تاکتیکی "سپایک" و تۆرپیدۆی کۆمپانیای "ڕافائیل" دەگرێتەوە، بەڵام شارەزایانی کەرتی بەرگریی هۆشداری دەدەن ئەم ڕێککەوتنە ڕەنگە ئاراستەی گشتیی داهاتوو دەرنەخات.

کۆمپانیا ئیسرائیلییەکان بەرەوڕووی کێبڕکێیەکی سەختی ئەمریکا دەبنەوە، بەتایبەت دوای هەڵگرتنی گەمارۆی فرۆشتنی چەک بۆ ئازەربایجان لەلایەن واشنتنەوە، کۆمپانیا زەبەلاحەکانی وەک "لۆکدید مارتن"، "بۆینگ"، "RTX" و کۆمپانیای "ئۆنداس" هەوڵی بەهێزکردنی ئامادەییان دەدەن. لە هەمان کاتدا، کۆریای باشوور هەوڵدەدات بە پێشکەشکردنی کەشتیی جەنگی و فرێگات، باکۆ بۆ لای خۆی ڕابکێشێت.

ئەم گۆڕانکارییانە پرسیاری جددی لەسەر ئایندەی هاوبەشیی ئیسرائیل و ئازەربایجان درووست دەکەن، بەتایبەت لە بواری بەرگرییدا، لە سایەی گۆڕانی هاوکێشە سیاسییەکان و هاتنەناوەوەی ڕکابەرە نێودەوڵەتییە بەهێزەکان بۆ بازاڕی ئازەربایجان.