شارپرێس:
هێزەکانی سوپای تورکیا دوای هەشت ساڵ لەجێگیربونیان، بەتەواوی لەگوندی (جلبرە) لەگوندەواری عەفرین پاشەکشەیانکردو دەستبەجێ هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی سوریا بۆ پشکنین چونە ناوچەکە؛ ئەم پاشەکشەیە لەکاتێکدایە کە لەدوای یەکەم هێرشی تورکیا لەساڵی 2016وە بۆسەر ڕۆژئاواى كوردستان، هێشتا چەندین شاری سەرەکی وەک عەفرینو سەرێکانی لەژێر کۆنترۆڵی سوپای تورکیاو گروپە چەکدارەکانداندا ماونو حکومەتە نوێیەکەی ئەحمەد شەرع-یش لەدیمەشق، دەسەڵاتی بەسەریاندا نییە.
سەرچاوە خۆجێییەکان لەپارێزگای حەلەب ڕایانگەیاند، دەستبەجێ دوای چۆڵکردنی گوندەکە لەلایەن هێزەکانی تورکیاوە، یەکەکانی سەر بەهێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی حکومەتی سوریا چونەتە ناو گوندەکە.
هێزەکانی سووریا پرۆسەیەکی بەرفراوانی پشکنینو داماڵینی مینو پاشماوەکانی جەنگیان دەستپێکردوە بۆ دڵنیابونەوە لەپاککردنەوەو سەلامەتی گوندەکە بۆ ژیان.
بهگوێرهى زانیارییە مەیدانییەکان، لەماوەی هەشت ساڵی ڕابردودا بەهۆی ئەوەی گوندەکە ببوە هێڵی پێشەوەی بەریەککەوتنی سەربازیی، بەشێکی زۆری خانوو و جێگهکانی نیشتەجێبونی کە ژمارەیان لەدەوروبەری 70 خانوو دەبوو، بەهۆی تۆپبارانو شەڕی بەردەوامەوە بەتەواوی یان بەشێکی وێران ببون.
یەکەم هێرشی زەمینیی بەرفراوانی سوپای تورکیا بۆسەر باکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا (ڕۆژئاوای کوردستان) لەژێر ناوی ئۆپهراسیۆنی (قەڵغانی فورات) لە24ی ئابی 2016 دەستیپێکرد، پاشان زنجیرەیەک هێرشی دیکەی بەرفراوان بەدوای خۆیداهێنا کە گرنگترینیان هێرشی سەر عەفرین بوو لەساڵی 2018و ئۆپهراسیۆنی (کانیی ئاشتی) لەتشرینی یەکەمی 2019دا، تاوەکو ئەمڕۆ لەساڵی 2026دا، سوپای تورکیاو گروپە چەکدارە هاوپەیمانەکانی (سەر بەئۆپۆزسیۆنی پێشوی سوریا)، دەسەڵاتی کارگێڕییو سەربازیی چەندین ناوچەو شاری سەرەکی بەڕێوەدەبەنو حکومەتەكهى ئەحمەد شەرع، چاودێرییو دەسەڵاتی فەرمی بەسەریاندا نییە، ئەو ناوچانەش بریتین لە(عەفرین بهتەواوی شارەکەو گوندەوارهكانیهوه، ناوچەکانی قەڵغانی فورات واته شارەکانی (عەزاز، جەرابلوس، ئەلبابو ڕاعی)، کەرتی کانیی ئاشتی ئهویش کەنارە سنورییەکانی نێوان سەرێکانیو گرێ سپی دهگرێتهوه، لهگهڵ ئیدلبو باکوری شارى حەلەب كه بەشێک لەو ناوچانە بەهۆی ڕێککەوتنی پێشوو لەگەڵ تورکیادا هێشتا خاڵی چاودێرییو سەربازیی سوپای تورکیایان تێدایە، سەرەڕای ئەوەی کە ئەحمەد شەرع پێشتر ڕێبەری هێزە باڵادەستەکانی ناوخۆی ئەو ناوچانە بوو پێش گرتنەدەستی دەسەڵاتی ناوەندی لەدیمەشق".
