وەزارەتی ناوخۆ 71 بارەگای حەشدی شەعبی دادەخات

عیراق

6 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 342 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
وەزارەتی ناوخۆی عێراق ڕایدەگەیەنێت، 71 بارەگای وەهمی سەر بەحشدی شەعبی داخراون و دەشڵێت، لەمەودوا هەر درۆنێک بەبێ ڕەزامەندی هەڵبدرێت وەک کردەی تیرۆریستی مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت.


میقداد میری، وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق لەکۆنگرەیەکی ڕۆژامەوانیدا ڕایگەیاند، بانکی زانیاری بۆ شەش ملیۆن پارچە چەک دروستدەکرێت، تاوەکو ئێستاش پرۆسەی تۆمارکردن سەرکەوتنی بەدەستهێناوەو تێیدا زیاتر لەنیو ملیۆن پارچە چەک تۆمار کراون.

میقداد میری ئاماژەی بەوەش دا، 71  بارەگای وەهمی سەر بەحەشدی شەعبی داخراون، دەشڵیت، لەمەودوا هەر درۆنێک بەبێ ڕەزامەندی هەڵبدرێت وەک کردەی تیرۆریستی مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت.

ڕاشیگەیاند، مۆڵەتی تۆمارکردنی چەک لە 31ـی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ کۆتایی پێدێت، هەرکەسێک دوای ئەو وادەیە چەکی بێ مۆڵەت و تۆمارنەکراوی پێبێت، ئەوا بەفەرمی وەک دەرچوو لەیاسا مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت و ڕوبەڕوی رێکاری توندی یاسایی دەبێتەوە.
وتەبێژەکەی وەزارەتی ناوخۆ، سەپاندنی قەدەغەی گشتیی هاتوچۆ لەکۆتایی مانگی ئەیلولدا ڕەتکردەوەو جەختی کردەوە کە هیچ ڕێنماییەکی لەو شێوەیە بونی نییە.

ئاماژەی بەوەشکرد، نزیکبونەوەی 30ـی ئەیلول وەک مۆڵەتێک بۆ کۆکردنەوەو کۆنترۆڵکردنی چەک لەدەست دەوڵەتدا، نیگەرانی و ئامادەکاریی ئەمنی لێکەوتوەتەوە.

میقداد میری باسی لەوەشکرد، هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت جەختی لەکۆتاییهێنان بەچەکی دەرەوەی دەستی دەوڵەت کردوەتەوەو هۆشداریی داوە کە هەر چالاکییەک دوای ئەو مۆڵەتە بەپێی یاسای بەرەنگاربونەوەی تیرۆر مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت.

دەشڵێت، بۆچوونی لایەنە چەکدارەکان جیاوازە؛ هەندێکیان ئامادەییان بۆ رێکخستنەوەی پەیوەندییان لەگەڵ دەوڵەت نیشان داوە، لەبەرامبەردا هەندێکی تر مەرجیان داناوە کە پرسی چەک پەیوەستە بە کۆتاییهاتنی بونی سەربازیی بیانی و دڵنیابون لەپاراستنی عێراق.

وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆ دوپاتیشی كردەوە، زیاتر لە 745 ئۆفیسی تایبەتیان لەسەرجەم پارێزگاکان بۆ تۆمارکردنی چەک کردوەتەوە، تا ئێستا توانیویەتی مۆڵەتی چەک بە زیاتر لە 160 هەزار کەس ببەخشێت، هەروەها زیاتر لەنیو ملیۆن پارچە چەکی هاوڵاتییان تۆمار بکات، جگە لەدەستبەسەرداگرتنی 143 هەزار چەکی نایاسایی و ئاشکراکردنی دزینی 2668 پارچە چەک.

ئەمە لەكاتێكدایە، دوای بڵاوبونەوەی ئەم هەواڵانە، دەستەی حەشدی شەعبی هاتەدەنگ و ڕایگەیاند، ئەو بارەگا داخراوانە هیچ پەیوەندییەکیان بەئەوانەوە نییەو تەنیا ناوی حەشدیان بۆ بەرژەوەندی تایبەت بەکارهێناوە.