شارپرێس:
تاران مەرجی قورس بۆ کردنەوەی شادەماری ئابوریی جیهان دادەنێتو ڕاوێژکاری باڵای ڕێبەری ئێرانیش هۆشداریدەداتە هێزە نەیارەکانیانو دهڵێت، "پێویسته لەمێژوی ڕابردوو فێری وانەبن، پێشئەوەی بەهۆی داخستنی گەروی هورمزەوە خۆتان ببنە وانەیەک بۆ داهاتوو"، دهشڵێت، "هەر پێشێلکارییەک، سزادانی توندی هێرشبەرانو بەردەوامیی داخرانی گەروی هورمزی لێدەکەوێتەوە".
محەمەد موخبیر ڕاوێژکاری باڵای ڕێبەری ئێران لەلێدوانێکدا بۆ میدیاى وڵاتهكهى هۆشداریی توند دەداتە وڵاتانی نهیارو ڕایدەگەیەنێت، "هەر جۆرە پێشێلکارییەک لەلایەن دوژمنەوەو گەڕانەوە بۆ دۆخی شەڕ، دەرەنجامی قورستری لێدەکەوێتەوە".
موخبیر جەختیکردوهتهوه، هێرشبەرانو سەرپێچیکاران سزادەدرێن، ئاماژەی بەوەشکردوه، "گەروی هورمز بەداخراوی دەمێنێتەوەو ناکرێتەوە تائەوکاتەی تەواوی مەرجەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بەدیدێن".
لەکۆتایی پەیامەکەشیدا، هۆشداریدایە ئەو لایەنانەی کە لەڕوداوەکانی ڕابردوو فێری وانە نەبون، ئهو دهڵێت، "ئەو لایەنانە خۆیان دەبنە وانەیەک بۆ داهاتوی کەسانی دیکە".
دوای ئەوەی ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری پێشوی ئێران، لەڕوداوی کەوتنەخوارەوەی هێلیکۆپتەرەکەیدا گیانی لەدەستدا، محەمەد موخبیر بۆ ماوەی نزیکەی دوو مانگ وەک سەرۆک کۆماری کاتیی ئێران کاروباری وڵاتی بەڕێوەبرد تا هەڵبژاردنی نوێ ئەنجامدرا، ههروهها جێگری یەکەمی ئیبراهیم ڕهئیسى سەرۆک کۆمار بوو لهنێوان ساڵانى (2021 ـ 2024).
ههروهها ئەندامی ئەنجومەنی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی کۆماری ئیسلامییەو بۆ ماوەی 14 ساڵ سەرۆکی دامەزراوەی ئابوری (ستادی فەرمانی ئیمام) بوە کە ڕاستەوخۆ لەژێر چاودێری ڕێبەردا کاردەکات، ئێستاش وەک یاریدەدەرێکی نزیکی سەرکردایەتی باڵای ئێران، لێدوانەکانی لەسەر دۆسیە ستراتیژییەکانی وەک وزە، گەمارۆ نێودەوڵەتییەکانو داخستنی گەرووی هورمز سهنگو گرنگییەکی زۆری سەربازییو سیاسییان هەیە لهئێرانو وڵاتانى دهوروبهر.
