شارپرێس:
لەکاتێکدا هادی عامری نێوەندگیرییەکی سەخت بۆ ڕازیکردنی گروپە چەکدارەکان بەداماڵینی
چەکەکانیان بەڕێوەدەبات، گروپەکان ڕادەستکردنی جبەخانەى فڕۆکە بێفڕۆکەوانو موشەکە
بالیستییەکانیان بەوەرگرتنی پۆستی باڵای حکومی دەبەستنەوە؛ ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ ڕێگرییەکانی
واشنتۆنو سەرهەڵدانی ململانێیەکی توندی ناوخۆیی بۆ لادانی فالح فەییاز لەسەرۆکایەتی
دەستەی حەشدی شەعبی.
سەرکردەیەکی دیاری شیعە هەوڵێکی نوێ دەستپێدەکات بۆ ڕازیکردنی گروپە چەکدارەکان
بەداماڵینی چەکەکانیان لەماوەی ئەو مانگەی کە لەمۆڵەتەکەدا دیاریكراوه، چاودێرانیش
پێیانوایه، ئەرکەکە ئاسان نییە؛ چونكه گروپە چەکدارەکان ئامادەنین زۆر گفتوگۆ
بكهن پێشئەوەی بزانن پاش ڕادەستکردنی چەکەکانیان چییان بەسەردێت، ئێستا پرسیارەکە
تەنها ئەوەنییە ئاخۆ چەکەکانیان ڕادەستدەکەن؟ بەڵکو ئەوەشە، لەبەرامبەردا چییان دەوێتو
کێ دەتوانێت گەرەنتی ئەو شتانەیان بۆ بکات کە دەیانەوێت؟.
گەرەنتییەک کە کەس نییەتی
سەرکردەیەکی چوارچێوەی هەماهەنگی بهبێ ئاشكراكردنى ناوهكهى وتویهتى،
"گروپەکان دڵنیاییان دەوێت لەوەی دوای دەستبەرداربونیان لەچەک، ناکرێنە
ئامانج یان ڕاوەدوو نانرێن، ئهمهش ڕێك ئهوهیه، ئهو سهركردهیهى شیعه كه
ههوڵهكهى دهستپێكردوه، ناتوانێت گەرەنتییهكى لەو شێوەیە بدات".
سهركردهكه وتویهتى، "ئەوپەڕی ئەوەی بتوانێت پێشکەشی بکات، جەختکردنەوەیە
لەوەی کە هێزەکانی ئەمریکا لە 30ی ئەیلولدا بەتەواوی لەعێراق دەکشێنەوە، بەمەش هیچ
پاساوێک بۆ هێشتنەوەی چەک نامێنێتەوە؛ ئەمەش ئەو هەڵوێستەیە کە بەغدا دوبارەی دەکاتەوە،
بەڵام گروپە چەکدارەکان بەتەواوی بڕوایان بەکشانەوەی ئەمریکییەکان نییە".
عەبدولحوسێن موسەوی وەزیری تەندروستیو سەرکردە لەچوارچێوەی هەماهەنگی شیعهكان،
لەچاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا پێشنیازیکردوە، ڕاستییەکەیان پێ بوترێت؛ ئەویش ئەوەی
کە ئەگەری هەیە عێراق ڕوبەڕوی هەمان چارەنوسی ئێران ببێتەوە.
لەلایەکی دیکەوە، "گروپەکانی ڕەتکردنەوە" کە ژمارەیان لەنێوان (4
بۆ 10) گروپدایە، بەشێوازێکی دیکە سەیری دۆخەکە دەکەن، پەرلەمانتارێکی پێشوی نزیک
لەو گروپانە ئاماژهى بهوهداوه، "یاداشتنامەکانی لێکتێگەیشتن ئەگەری هەیە
لێکدانەوەی جیاواز بۆ دەستەواژەکانیان بکرێت، ئەمەش ڕێگە خۆشدەکات لەداهاتودا ئەمریکا
بڕیاری کشانەوەی خۆی نکۆڵی لێبکات".
ئەو پەرلەمانتارەش كه ناوى ئاشكرانهكراوه بۆ ماڵپهڕى مهدا باسى لهوهكردوه،
ئهو سیناریۆیە بۆ عەلی زەیدیی سەرۆکی حکومەت بەسود دەبێت، چونکە ناچاری ناکات دان
بەشکستەکەیدا بنێت لەداماڵینی چەکی گروپەکاندا، بهڵام لەبەرامبەردا، ڕاپۆرتەکان
ئاماژە بەوەدەکەن، واشنتۆن لەسەرەتای ئهم مانگهوه، دەستی بەکشانەوەی هێزەکانی لەههرێمى
کوردستان کردوە.
حکومەت بەوشەی "چارەسەرکردن" هەڕەشە دەکات
لهبەغدا، زمانی حکومەت زۆر توند نییە، حەیدەر عەبودی وتەبێژی حکومەت ڕایگەیاندوە،
كابینهكهى زهیدیى چارەسەری ئەو گروپە یاخیبوانە دەکات کە دژی بڕیاری داماڵینی چەکن،
وەک بزوتنەوەی (نوجەباو کەتائیبی حزبوڵڵا)، شیکەرەوانیش پێشبینیدەکەن، هەرچی مۆڵەتی
30ی ئەیلول نزیکبێتەوە، بەغدا توندتربێت، بەتایبەت دوای ڕاگرتنی ئەو وەڵامدانەوەیەی
کە بڕیاربوو دژی سعودیە بکرێت لەپاش نمایشێکی هێز (بهگوێرهى گێڕانەوەی فەرمی)، بەغدا
پێشتر ئاماژەی بەئەگەری تیرۆرکردنی زەیدیی کردبوو بەهۆی هەڵوێستەکانی بەرامبەر
گروپە چەکدارەکان، بەڵام گروپە چەکدارەکان چیرۆکێکی دیکە دەگێڕنەوە؛ ئەوان دەڵێن ئەوەی
لەو شەوەدا ڕویدا ڕاستی نەبوو، بەڵکو وێنەو ڤیدیۆی کۆنی یەکە سەربازییەکان بون کە
دوبارە بەکارهێنراونەتەوە، هاوشانی ئەو هەواڵانەی لەگروپەکانی "واتسئەپ"دا
بڵاودەکرانەوە.
لەبەرامبەریشدا عەبودی گێڕانەوەیەکی جیاوازی هەیەو ئاماژه بهوهدهكات،
"لەشەوی وەڵامدانەوە چاوەڕوانکراوەکە دژی سعودیە (کە پاش بۆردومانکردنی بارەگاکانی
حەشد لەهەفتەی پێشودا هات)، تۆڕێکی سیخوڕی هاککراو ئەندامەکانی دەستگیرکران،
هاوکات دەستبەسەر کەلوپەلەکانیاندا گیرا کە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان تێدابوو.
ئەو جەختیکردەوە، ئۆپەراسیۆنەکە گەورە بوەو چەندین کەسو پلانێکی تێدابوە بۆ
وەشاندنی گورز لەچەند ئامانجێکی دیاریکراو (بێئەوەی ئاشکرایان بکات)، دواتر وەزارەتی
ناوخۆ ڕایگەیاند کە هەر فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان بەبێ مۆڵەت بفڕێت، خۆییو هەڵدەرەکانی
وەک تیرۆریست مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت، سەر بەهەرلایەنێک بن.
"چەک پاڵپشتی دەوڵەتە"
ڕۆژێک پێش وەڵامدانەوە چاوەڕوانکراوەکەی سەر ڕیاز، هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی
دەوڵەت کە هێزە بەشداربوەکانی حکومەت لەخۆدەگرێت، توندترین هەڵوێستی خۆی ڕاگرت، لەبەیاننامەکەیدا
هاتبوو کە هەر چالاکییەکی چەکداریی دوای کۆتاییهاتنی مۆڵەتی حکومەت لە 30ی ئەیلولی
2026، دەکەوێتە ژێر یاسای دژەتیرۆرەوە، بەڵام لەهەمان ئهو شەوەدا، هادی عامری لەتۆمارێکی
ڤیدیۆییدا دەرکەوتو داوای لهبهرهى مقاوهمه كرد وەڵامدانەوەکە دوابخەنو پەنا
ببەنەبەر چارەسەری دیپلۆماسی.
بۆ بەیانییەکەی، عامری لەنوسینگەکەی خۆی پێشوازیی لەسەرکردەکانی حەشدی شەعبی
کرد، ئەمەش دەرگای پێشبینییەکانی کردەوە کە ڕەنگە ئەو پیاوەبێت کە دیالۆگێکی نوێ لەگەڵ
گروپەکان بەڕێوەدەبات، ناوی عامری لەم دۆسیەیەدا نوێنەبوو؛ بهگوێرهى زانیارییە
دزەپێکراوەکان، ئەو بەشێک بوە لەو لیژنەیەی لەماوەی گواستنەوەی دەسەڵات لەنێوان محەمەد
شیاع سودانیو عەلی زەیدیدا پێکهاتبوو بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ گروپەکان، ئەو هەوڵە بەڕاگەیاندنی
پێنج گروپ بۆ ڕادەستکردنی چەک کۆتاییهات، بەڵام لەواقیعدا تەنها لایەنگرانی موقتەدا
سەدر بینران کە چەکەکانیان ڕادەستدەکرد.
لەلایەکی دیکەوە، مەحمود حەیانی ئەندامی ڕێکخراوی بەدر بابەتەکە لەگۆشەیەکی
دیکەوە دەبینێت، ئەو دهڵێت، "داواکەی عامری بۆ دانبەخۆداگرتن لەوەڵامدانەوەی
دەستدرێژییەکەی سعودیە بۆسەر هێزەکانی حەشد (کە بهگوێرهى بەیاننامەیەکی سعودیە لەسەر
بنەمای زانیاریی هەڵە بوە)و ناردنی وهفدێكى دانوستانکار، بەشێکی گرنگی بڕیاری
دواخستنی ئۆپەراسیۆنەکە بوە".
حەیانی دەڵێت، "پڕۆسەی داماڵینی چەک لەڕێگەی دانوستانو دایەلۆگەوە دەبێت
نەک بەهێز، چونکە ئەوان ڕۆڵەی خۆماننو هێز بەکارناهێنرێت، نابێت فەزڵی ئەو پاڵەوانانەمان
بیربچێت لەبەرگریکردن لەعێراق دژی تیرۆرو داگیرکاریی"، ئەو جەختدەکاتەوە،
"ئەم چەکە پاڵپشتو بەهێزکەری دەوڵەتەو ئەم چەکە دژی دەوڵەت بەکارنەهێنراوەو
بەکاریش ناهێنرێت".
حەیانی پێشیوایە، چەکەکە لەڕۆژانی داهاتودا پێگەیەکی یاسایی بەدەستدەهێنێت
کە دەیخاتە چوارچێوەی چەکەکانی پاراستنی دەوڵەتەوە، کۆمیتەیەک ئەرکی دانوستانەکان
دەگرێتە ئەستۆو گروپەکانیش بەدوای گەرەنتییەکدا دەگەڕێن کە پەیوەندیی بەبەکارنەهێنان
یان دەستکارینەکردنی خاکو ئاسمانی عێراقەوە هەیە، بەبڕوای ئەو، پێش 30ی ئەیلول ڕێککەوتن
دەکرێت.
چەکی قورس گرێکوێرەکەیە
بەڵام پرسیارێکی دیکە هەیە، ئهویش حکومەت دەیەوێت کام چەک ڕادەستبکرێت؟ سەرکردەیەکی
چوارچێوەی هەماهەنگی وهڵامدهداتهوهو دهڵێت، "مەبەستەکە چەکی قورسە کە لەدەرەوەی
ڕێکخراوی حەشد کاردەکات، کاتێکیش پرسیارى لێكراوه، ئایا ئەم گروپانە سەر بەحەشدن؟
وتی، "بەڵێ، ئەوان لەناو حەشدى شهعبیدان، بەڵام چەکیان لەدەرەوەی دەستەکەیە"،
بەڵام گروپەکان هەبونی چەکی قورس ڕەتدەکەنەوە؛ مەهدی ئامرلی پەرلەمانتارو سەرکردەی
پێشوی گروپێکی چەکدار باس لهوهدهكات، ئەو بارەگایانەی لەلایەن سعودیەوە کرانە
ئامانج، چەکی مامناوەندو تەقەمەنییان تێدابوە، بەبێ فڕۆکەی بێفڕۆکەوان یان موشەک.
بەڵام زانیارییەکان ئاماژە بەوەدەکەن، گروپەکان چەکێکیان لایە کە لەتارانەوە
بەدەستیانگەیشتوەو ڕەتیدەکەنەوە ڕادەستی حكومهتى عێراقى بکەنو ئهوانهشى چهكیان
ڕادهستى كابینهكهى زهیدیى كردوه، چەکی کۆنو لهكاركهوتون، بهگوێرهى زانیارییهكان،
حكومهت جهخت لهسهر ڕادهستكردنى جبەخانەیهك دهكاتهوه كه سەدان فڕۆکەی بێفڕۆکەوانو
ههشت موشەکی بالیستی لەخۆدەگرێت، بهڵام تائێستا شوێنى ئهو جبهخانهیه نهدراوه
بهحكومهت.
حكومهتى عهلى زهیدیى ئاماژهى بهوهكردوه، ترس ههیه لەوەڵامدانەوەو
هێرشكردنهسهر سعودیەدا تهواوى ئهو جبهخانهیه بەکاربهێنرێن، تائێستا هیچ زانیارییەک
لەسەر شوێنی ئەو چەکانە نییە، لەکاتێکدا واشنتۆن پێداگریی دەکات لەسەر هەبونیان،
بهگوێرهى شیکەرەوان، گروپەکان 12 بنکەیان لەعێراقدا هەیە، کە دیارترینیان
"جەرف سەخەر"ە لەباشوری بەغدا.
نوجەباو حزبوڵڵا: چەک بۆ گفتوگۆ نییە
تائێستا گروپە چەکدارەکان بەئاشکرا ڕادەستکردنی چەک ڕەتدەکەنەوە، بەتایبەت
(نوجەباو کەتائیبی حزبوڵڵا)، ئەکرەم کەعبی، سەرکردەی نوجەبا لەنوێترین پەیامیدا هەڕەشەی
کردنە ئامانجی وەبەرهێنانەکانی ئەمریکای کردوەو ڕایگەیاندوە، کردنە ئامانجیان بوەتە
ئەرکێکی سهرهكى بهرهى مقاوهمه، چونکە ئەوان وەک ئامانجێکی سەرەکی دەبینرێنو
ڕێگەنادرێت خێروبێری وڵات لەژێر هیچ ناوێکدا تاڵان بکرێت، کەعبی پێشتریش ڕێڕەوی دیپلۆماسی
لەگەڵ سعودیە ڕەتکردبوەوەو وتبوی، "موشەک بەموشەک وەڵامدەدرێتەوە".
سەبارەت بەئەبو حوسێن حەمیداوی ئەمینداری گشتیی کەتائیبی حزبوڵڵا، ئەویش ڕادهستكردنى
چەکی گروپەکانی بهرهى مقاوهمهى ڕاگرتو تەنانەت داوای پەرەپێدانیشی کرد. حەمیداوی
پێشتر داوایکردبوو، چەک لەو گروپانە بکڕدرێتەوە کە دەیانەوێت ڕادەستی دەسەڵاتدارانی
بکەن، بەڵام ئەوس خەفاجی کە پێشتر سەرپەرشتی گروپێکی چەکداری دەکرد، ئاماژهى بهوهداوه،
"ڕێککەوتنێکی نێودەوڵەتیو سیاسیی عێراقی هەیە بۆ داماڵینی چەک".
ڕێککەوتنی بێدەنگ... یان دواخستنی قەیرانەکە؟
سەبارەت بەو گەرەنتیو مەرجانەی گروپەکان بەدوایدا دەگەڕێن، سەرچاوەکان
ئاماژە بەئەگەری گەڕانەوە دەکەن بۆ ئەو "ڕێککەوتنە بێدەنگە"ی کە پێشتر
تاران نەخشەی بۆ کێشابوو تا ببێتە نەخشە ڕێگه. بیرۆکەکە لەسەر بنەمای هێشتنەوەی ئەندامانی
گروپەکانە بەجلی مەدەنی لەناو دامەزراوە حکومی، دیپلۆماسیو ئەمنییەکانی دەوڵەتدا،
هاوکات کەمکردنەوەی چالاکییە سەربازییە ئاشکراکانو دورکەوتنەوە لەئیستفزازکردنی ڕاستەوخۆی
واشنتۆن.
لایەنگرانی ئەم پێشنیارە پێیانوایە، ئەمە دەکرێت کاریگەربێت ئەگەر تاران لەگەڵ
واشنتۆن نەگاتە ڕێککەوتن، هەروەها دەکرێت تا کۆتایی ساڵی 2028 (کاتی بەجێهێشتنی کۆشکی
سپی لەلایەن دۆناڵد ترەمپەوە) بەردەوامبێت.
بهگوێرهى شیکارییەکان، تاران تائاستێکی زۆر کۆنترۆڵی بڕیارەکانی گروپە عێراقییە
هاوپەیمانەکانی دەکات، یان لانی کەم کۆنترۆڵی ئاستی ئەو گرژییانە دەکات کە دەکرێت
پێی بگەن، پێدەچێت ئێران ڕۆڵی هەبوبێت لەڕێگریکردن لەگروپە عێراقییەکان لەوەڵامدانەوەی
کۆتاییاندا دژی سعودیە، لەکاتێکدا کە کەناڵەکانی گفتوگۆ لەگەڵ واشنتۆن دەستیان بەکارکردوەتەوە،
بەڵام کێشەکە لەوەیە واشنتۆن ئامادەنییە ئەو پێگە حکومییانە بداتە گروپە چەکدارەکان
کە دەیانەوێت.
شەڕی داهاتوو
ڕەتکردنەوەی ئەمریکا پاڵ بەلایەنەکانەوە دەنێت بۆ گەڕان بەدوای پێگەی دیکەدا
کە ببێتە دەرچەیەک، لەپێشەنگیاندا سەرۆکایەتی دەستەی حەشدی شەعبی، کە ئەو پۆستەیە
جاروبار ململانێی لەسەر نوێدەبێتەوە، بزووتنەوەی عەسائیب بۆ دوەمجار لەماوەی دوساڵدا
کەمپینێکی دژی فالح فەییاز دەستپێکردوە، ئەمەش دوای هەوڵەکان بۆ بانگهێشتکردنی لەپەرلەمان،
عەسائیب، فەییاز بەبەرپرسیار دەزانێت لەوەی لەبۆردومانەکەی سعودیە بۆسەر بارەگاکانی
حەشد ڕویدا، سەرهڕای ئەوەی حەشد ئەو تۆمەتانەی ڕەتکردوەتەوە، عەسائیب دوساڵ لەمەوبەر
داوای لەفەییاز کردبوو دەست لەپۆستەکەی بکێشێتەوە.
حوسێن شەیحانی ئەندامی مەکتەبی سیاسی عەسائیب دەڵێت، "عەلی زەیدیی سەرۆک
وەزیران، سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی لەوردەکارییەکانی گورزەکە ئاگادارکردوەتەوە
لەکۆبونەوەیەکدا کە فالح فەییاز، ئیحسان عەوادیو عەبدولئەمیر شەمەری ئامادەیبون".
لای خۆیەوە، عەدنان فەیحان جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانو سەرکردە لەعەسائیب،
ڕێنماییدا بەپێکهێنانی لیژنەیەک بۆ لێکۆڵینەوە لەئەگەری ئاگاداری پێشوەختەی حکومەت
لەکاتی هێرشە ئەمریکی-سعودیەکەو نەگرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست، بەمەرجێک لەماوەی هەفتەیەکدا
ڕاپۆرتەکەی پێشکەشبکات.
