شارپرێس ـ تایبهت:
بەهرۆز گەڵاڵى نوێنەری پێشوتری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەتاران، چەند زانیارییەکی گرنگو هۆشدارییەکی توند لەبارەی تێکچونی پەیوەندییەکانی نێوان سلێمانیو کۆماری ئیسلامی ئێران ئاشکرادەکات، ڕاشیدەگەیەنێت، "بارودۆخەکە لەزۆر ڕوەوە باش نییەو پەیوەندییەکانی یەکێتیی لەگەڵ ئێران گەیشتوەتە ئاستێکی زۆر خراپو مهترسیدار کە پێویستی بەدەستێوەردانی زۆر جدىو خێرا هەیە"، دهشڵێت، "پێویسته بافڵ تاڵهبانى لهگهڵ وهفدێكى باڵاى سهربازیىو دیبلۆماسى بهپهله بچێته تاران".
گەڵاڵى كه پێشوتر نوێنهرى یهكێتیى بوه لهكۆمارى ئیسلامى ئێران، لهلێدوانێكى ڕۆژنامهوانیدا تایبهت بۆ شارپرێس ئاماژە بەوەدەکات، هێرشە ئاشکراکانی ئەمدواییە بۆسەر جبەخانەی تاسڵوجەو تەگەرانو چەند شوێنێکی دیکە، قۆناغێکی نوێو مەترسیدارن.
جەختیشدەکاتەوە، "ئەم پەلاماردانانە پەیامێکی ڕونی سیاسییو سەربازیی کۆماری ئیسلامیی ئێرانن بۆسەر سلێمانیو سنوری یەکێتیی کە ناوەڕۆکەکەشی بریتییە لەهۆشداریدانی ڕاستەوخۆ بەوەی، لەمەودوا هێرشدەکرێتە سەرتان".
بههرۆز گهڵاڵى گلەیی ئەوەشدەکات، پێشتریش دوای لێدانی تاسڵوجە، پێشنیازی ناردنی وهفدێكى خاوەن بڕیاری بۆ تاران کردوە، بەڵام لەلایەن سەرکردایەتی یهكێتییهوه گوێی پێنەدراوە.
نوێنەری پێشوتری یەکێتیی لەتاران، میراتی سیاسیی تاڵەبانی بیردەهێنێتەوەو دەڵێت، "لەڕابردودا کاتێک کێشە لەسەر سنورەکان یان لەسەر حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دروستدەبوو، مام جەلال بەخێرایی درکی بەمەترسییەکە دەکردو خۆی دەچوە تاران بۆ چارەسەرکردنی"، بهبیرى هێنایهوه، "لەڕابردوو كاتێك کێشەمان دەبوو لەگەڵ کۆماری ئیسلامی زۆرجار لەسەر ئەم سنورانە بەتایبەتی کاتێك کە سیاسەتی مامو یەکێتییان لەبابەتێکی دیاریکراودا بەدڵ نەبوایە یا لەسەر حزبەکانی ڕۆژههڵات ڕایەکی جیاوازیان هەبوایە، جاروبار هەندێك لایهن لەناو ئێران یارمەتی هەندێ حزبی سیاسیی کوردییان دەداو کێشەیان بۆ دروستدەکردینو هەندێكجار شەڕیشیان لەنێوان ئێمەو ئەو حزبانە دروستدەکرد".
گەڵاڵى وتیشی، "سەرۆک مام جەلال هەمیشە دەیگوت ئێمە نزیکەی 800 بۆ 900 کیلۆمەتر سنورمان لەگەڵ ئێران هەیەو ئەمریکا هەزاران میل لەئێمەوە دوورە، بۆیە دەبێت پەیوندییەکانمان وەک ڕۆیشتن بەسەر هێلکەدابێتو نابێت بهێڵین هێلكهكان بشكێن".
ههر لهلێدوانهكهیدا بۆ شارپرێس، بەهرۆز گەڵاڵى داواکارییەکی بەپەلە ئاراستەی سەرۆکی یەکێتیی دەکاتو دەڵێت، "پێویستە بافڵ تاڵەبانی کات بەفیڕۆ نەداتو خۆی بەزویی سەردانی تاران بکات".
ئەو پێشنیازدەکات کە وەزیری پێشمەرگە، بەرپرسی دەزگای زانیارییو چەند کەسێکی شارەزا لەم کەیسە لەگەڵ خۆی ببات بۆ ئەوەی بەوردی گوێ لەقسەی ئێرانییەکان بگرن.
گەڵاڵى جەختدەکاتەوە، "یەکێتیی نابێت تەسلیم بێت، بەڵام دەبێت بەجورئەتەوە قسەی دڵی خۆی لەتاران بکاتو بەرژەوەندی باڵای زۆنی سەوزیش بپارێزێت".
بههرۆز گهڵاڵى ئاماژە بەوەشدەکات، "درۆو چەواشەکاری زۆر لەدژی یەکێتیی لای ئێرانییەکان کراوە، دهبێت تاڵهبانى پوچەڵیان بكاتهوه، بەڵام نابێت چاککردنەوەی ئەم پەیوەندییانە، لەسەر حسابی کوردستانی ئەودیو (ڕۆژهەڵاتی کوردستان) بێت".
