شارپرێس:
لەکاتێکدا وەزارەتی ناوخۆی عێراق لەچوارچێوەی پلانی كۆكردنهوهى چەک لەدەستی دەوڵەتدا، داخرانی 71 بارەگای وەهمی بەناوی حەشدی شەعبییەوە ڕاگهیاند، دەستەی حەشد-یش فەرمیبونی ئەو شوێنانە ڕەتدەکاتەوەو جەخت لەبەشداریی خۆی لەپرۆسەکەدا دەکاتەوە؛ ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ هۆشدارییەکی توندی ئەمنی کە تێیدا هەر فڕینێکی بێ مۆڵەتی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان وەک کردەوەیەکی تیرۆریستی مامهڵهى لهگهڵ دهكرێت.
وەزارەتی ناوخۆی عێراق ڕایگەیاند، لەچوارچێوەی ڕێوشوێنەکانی ڕێکخستنی چەکو کۆنترۆڵکردنی لەژێر دەسەڵاتی دەوڵەتدا، 71 بارەگای وەهمی کە بەناوی حەشدی شەعبییەوە کاریاندەکرد داخران، لەبەرامبەردا، دەستەی حەشدی شەعبی جهختدهكاتهوه، ئەو شوێنانە هیچ پەیوەندییەکیان بەوانەوە نهبوهو سەرپێچیکاران تەنها ناوی حەشدیان قۆستوەتەوە.
لەوبارهیهوه لیوا میقداد میری سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانو ڕاگەیاندن لەوەزارەتی ناوخۆ ئاشكرایكرد، لیژنەی نیشتمانیی كۆكردنهوهو كۆنترۆڵكردنى چەک لەئێستادا بانکێکی زانیاریی هەیە کە پشکنینی بۆ شهش ملیۆن پارچە چەک لەسەرتاسەری وڵاتدا کردوە.
میری ڕونیکردەوە، وادەی تۆمارکردنی چەک تا 31ی کانونی یەکەمی 2026 بەردەوامدەبێتو دوای ئەو وادهیه، هەرکەسێک چەکی بێ مۆڵەتی پێبێت، وەک یاخیبوو لەیاسا مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت.
وەزارەتی ناوخۆ تائێستا 845 نوسینگەی بۆ تۆمارکردنی چەک کردوەتەوەو مۆڵەتی بەزیاتر لە 160 هەزار کەس داوە، هاوکات دەستی بەسەر 143 هەزار چەکدا گرتوە.
لەلایەکی دیکەوە، لیوا میری جەختیکردەوە، هەر فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان (درۆن) بەبێ ڕەزامەندی فەرمی بفڕێت، خۆییو ئاڕاستەکەرانی وەک تیرۆریست سەیردەکرێن، سەر بەهەرلایەنو پێکهاتەیەک بن.
پاش بڵاوبونەوەی هەواڵەکە، دەستەی حەشدی شەعبی لەڕونکردنەوەیەکدا ڕایگەیاند، پڕۆسەی چاودێریکردنو داخستنی ئەو بارەگا وەهمییانە لەلایەن بەڕێوهبەرایەتی گشتیی ئاسایشو دیسپلینی حەشد خۆیەوە جێبەجێکراوە، ئەمەش لەچوارچێوەی بڕیارەکانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکاندا بوە.
حەشد بەڵێنیدا کە بەردەوامدەبێت لەڕاوەدونانی هەرکەسو لایەنێک کە بیەوێت ناوی ئەم دەستەیە بۆ بەرژەوەندیی تایبەتی بەکاربهێنێت.
