شارپرێس:
سەرچاوەیەكی تایبەت ڕۆژی چوارشەممە بڵاویكردەوە، ، فایەق زەیدان سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق ، سبەی پێنجشەممە، لە یەكەم سەردانی لەو جۆرەدا، سەردانی سوریا دەكات، بۆ تاوتوێكردنی ژمارەیەك پرسی هاوبەشی دادوەری و یاسایی نێوان هەردوو وڵات.
ئەو سەرچاوەیە بە ئاژانسی شەفەق نیوزی ڕاگەیاندووە، "زەیدان لەگەڵ لایەنی سوریا گفتوگۆ لەسەر ڕێگاكانی بەرزكردنەوەی هاوكاری و هەماهەنگی دادوەری دەكات، بەتایبەتی سەبارەت بە دۆسییەی دەستگیركراوەكانی داعش كە بەم دواییە گواستراونەتەوە بۆ زیندانەكانی عێراق".
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشكرد، "گفتوگۆكان چەندین بابەتی دیكەی پەیوەست بە دادپەروەری و شەفافییەت و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی دەگرێتەوە، جگە لە بابەتە دادوەرییە هاوبەشەكانی نێوان بەغدا و دیمەشق".