شارپرێس:
ڕاوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، حکومەت بەتەواوی پابەندە بەدابینکردنی موچەی فەرمانبەرانو خانەنشینانو دەرماڵەی چاودێریی کۆمەڵایەتی، جەختیشدهكاتهوه، "سەرەڕای ههڕهشهو فشاره دارایییە توندەکان، پرۆسەی دابەشکردنی موچە بەشێوەیەکی بەردەوامو مانگانە بەڕێوەدەچێت".
مەزهەر محەمەد ساڵح ڕاوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیرانی عێراق لەلێدوانێکی فەرمیدا ڕایگهیاند، "وڵات بەهۆی ئاڵۆزییە جیۆپۆلەتیکییەکانی ناوچەکەوە، بەتایبەتی کێشەکانی تایبەت بەگەروی هورمز، ڕوبەڕوی قەیرانی نەختینەیی بوەتەوە؛ چونکە نزیکەی 85٪ی نەوتی هەناردەکراوی عێراق بەو گەروەدا تێدەپەڕێتو بازاڕەکانی ئاسیاش 70٪ی ئەو نەوتە بەکاردەهێنن".
ڕاوێژکارەکەی سەرۆک وەزیران ڕونیکردەوە، پشتبەستنی بودجهى گشتیی بەڕێژەی 90٪ لەسەر داهاتی نەوت، وایکردوە هەر دابەزینێک لەهەناردەکردندا کێشەى دارایی دروستبکات، بەتایبەت کە بڕى پارهى پێویستى مانگانه بۆ موچەو شایستە دارایییەکان دەگاتە ههشت ترلیۆن دینار ئهوهش بژێوییو داهاتی زیاتر لە10 ملیۆن هاوڵاتی لەناوەندو هەرێمی کوردستانو خەرجیی مانگانهى سهبهتهى خۆراکى بۆ 40 ملیۆن عێراقی مسۆگەردەکات.
جەختی لەوەشکردوهتهوه، دابینکردنی بژێویی خەڵک بەرپرسیارێتییەکی ئەخلاقیو نیشتمانیی سەرەکیی حکومەتەو سەرجەم دامەزراوەکان بەهەموو شێوازو توانایەکیانهوه بەردەوامن لەکارکردن بۆ پاراستنی سەقامگیریی دارایی هاوڵاتیان.