تورکیا هەڕەشە لەبەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل دەکات

جیهان

5 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 530 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
مێیر بن شبات، ڕاوێژکاری پێشوی ئاسایشی نەتەوەیی ئیسرائیل و سەرۆکی ئێستای پەیمانگای "مسغاف"، هۆشداری توند دەدات لەزیادبوونی ئەگەرەکانی ڕوبەڕوبونەوەو پێکدادان لەنێوان دەوڵەتی ئیسرائیل و تورکیا.

ئەم هۆشدارییە لەسایەی ئامانجە فراوانخوازە هەرێمییەکانی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیاو بەرزبونەوەی بەردەوامی گرژییە سیاسی و دیپلۆماسییەکانی نێوان ئەنقەرەو تەلئەبیب دێت.

لەچاوپێکەوتنێکی فراواندا لەگەڵ ڕۆژنامەی ناسراوی "مەعاریڤ"، بن شبات ئاماژەی بەوە کردوە کە تورکیا هەوڵ دەدات بەشێوازێکی ستراتیژی سود لەگۆڕانکاری و ئاڵوگۆڕە ناوچەیییەکان وەرگرێت بۆ بەهێزکردنی پێگەی خۆی وەک هێزێکی سەرەکیی سیاسی، ئابوریی و سەربازیی لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا
ناوبراو پێی وایە پەرەسەندن و گۆڕانکارییەکانی دوایی لەسوریا دەرفەتێکی بێوێنەو مێژوییان بۆ ئەنقەرە ڕەخساندوە بۆ فراوانکردنەوەی پانتایی دەسەڵات و هەژمونی خۆی.

بەگوێرەی شرۆڤەو هەڵسەنگاندنەکانی بن شبات، لەگەڵ ڕوخانی یەکجاری دەسەڵاتی بەشار ئەسەدو پاشەکشەی بەرچاوی هێزە ئێرانییەکان لەخاکی سوریا، تورکیا توانیویەتی ببێتە دیارترین و کاریگەرترین هێزی بیانی کە هەژمونی خۆی بەسەر گۆڕەپانی سوریادا بسەپێنێت.

ئەنقەرە لەئێستادا بەشدارە لەدابینکردنی بودجە، ڕاهێنان و پێگەیاندنی سوپای نوێی سوریا، ئەمەش جگە لەپەرەپێدانی چەندین پڕۆژەی ستراتیژی لەهەردوو باری وزەو گواستنەوەدا، کە ئەم هەنگاوانە هێزێکی زیاتر بەتورکیا دەبخشێت بۆ کۆنتڕۆڵکردن یان کاریگەری راستەقینە لەسەر داهاتوی سیاسی و ئەمنیی دەوڵەتی سوریا.

لەلایەکی ترەوە، بەرپرسە ئیسرائیلییەکە هۆشداری توندی داوە لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی نوێی سوریا، بەوەی کە گوایە کەسێکی میانڕەو جێگەی متمانەیە، چونکە ڕابردوی و پەیوەندییە پتەوەکانی لەگەڵ تورکیا جێگەی گومانن و ئەگەر هەیە وەک کەناڵێک بۆ جێبەجێکردنی پلانەکانی ئەردۆگان لەناوچەکەدا ڕۆڵ بگێڕێت.

جگە لەدۆسیەی هەستیاری سوریا، ناکۆکی و کێبڕکێکانی نێوان ئیسرائیل و تورکیا سنوری سوریای تێپەڕاندوەو ناوچەی ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاستیشی گرتۆتەوە، کە تێیدا ئامانجە دەریاییەکانی تورکیا ناسراو بەدۆکترینی " نیشتیمانی شین" ڕاستەوخۆ دژایەتی هاوبەشییە ستراتیژییەکانی ئیسرائیل لەگەڵ وڵاتانی وەک یۆنان و قوبرس دەکەن.

هەروەها، ڕێککەوتنی بەرگریی هاوبەش کە لەمەکكە لەنێوان تورکیا، سعودیەو پاکستان ئەنجامدرا، نیشانەی هەوڵدان بۆ دروستکردنکاری میحوەرێکی نوێی هەرێمی دابین دەکات کە پشتبەستن بەویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا کەم دەکاتەوەو ڕۆڵێکی ناوەندیی بەتورکیا دەدات لەڕێکخستنە ئەمنییەکانی داهاتودا
سەبارەت بەپرسی بزوتنەوەی حەماسیش، پشتیوانی ئاشکرای ئەنقەرە بۆ سەرکردەکانی حەماس و ئەنجامدانی هەڵمەتی دیپلۆماسی دژی ئیسرائیل لەناوەندە نێودەوڵەتییەکاندا، وەک خاڵێکی تری ناکۆکی دەستنیشان کراون.

لەکۆتاییدا، بن شبات جەخت لەوە دەکاتەوە کە سەرەڕای پێویستی بەرقەرارکردنی ئاشتی، نابێت ئیسرائیل پەلە بکات لەئەنجامدانی ڕێککەوتنی ستراتیژی پێشوەختە لەگەڵ سوریاو لوبنان، بەڵکو دەبێت هەمیشە پارێزگاری لەئازادی تەواوی کرداری سەربازیی خۆی بکات بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی.