CNN: گۆڕانکارییە ئەمنییەکانی ئێران ئاماژەن بۆ خۆئامادەکردن بۆ ململانێ لەگەڵ ئەمریکا

جیهان

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 267 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئەگەرچی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە شانازییەوە ڕایگەیاندبوو کە شەڕەکەی لەگەڵ ئێران بووەتە هۆی هاتنەکایەی دەسەڵاتێکی زۆر عەقڵانی و جیاواز و لەسەرخۆتر لە تاران، بەڵام بەپێی ڕاپۆرتێکی کەناڵی CNNی ئەمریکی، دەستنیشانکردنی 6 کەسایەتیی توندڕەو لە پۆستە باڵا ئاسایشییەکاندا، پەیامێکی پێچەوانە دەگەیەنێت.

کەناڵەکە ئاماژەی بەوەکردووە کە ئەم هەنگاوە دەرخەری ئەوەیە کە ڕێبەرایەتیی نوێی کۆماری ئیسلامیی ئێران نە بەرەو نەرمیی دەچێت و نە ئامادەی سازشکردنە، هەروەک ئەو دەستەیەی ئێستا سەرکردایەتیی دامەزراوە ئەمنییەکان دەکەن، تەواوی ژیانی پیشەییی خۆیان لە جەنگان بەربەرەکانیی نەیارانی دەرەکیی و سەرکوتکردنی ئۆپۆزسیۆنی ناوخۆدا بەسەر بردووە. 

لە ڕاپۆرتەکەی CNNدا هاتوو کە لە دوای دەستنیشانکردنی موحسین ڕەزایی وەک سەرۆکی نوێی ئاسایشی نەتەوەیی، بڕیاری دامەزراندنی ئەم بەرپرسە نوێیانەش لەلایەن موجتەبا خامنەیی، ڕێبەری باڵاوە دەرچوو.  شیکەرەوە سیاسییەکان بۆ کەناڵە ئەمریکییەکەیان ڕوونکردۆتەوە کە ئەم گۆڕانکارییانە ئاماژەن بۆ وەرچەرخانێک لە سیاسەتی تاراندا بەرامبەر بەو نهێنیپۆشی و ووردبینییەی لە سەردەمی عەلی خامنەییدا هەبوو.

ئەم ڕێبازە نوێیە توندترە بەرامبەر بە دوژمنانی دەرەوە و بێبەزەییانەترە بەرامبەر بە نەیارانی ناوخۆ. حەمیدڕەزا عەزیزی، توێژەر لە پەیمانگەی کلینگێنداڵ لە هۆڵەندا بە CNNی ڕاگەیاندووە کە ئێران ڕووبەڕووی دوو ئەولەویەتی تەریب بووەتەوە: ئامادەکردنی وڵات بۆ ژینگەیەکی دەرەکیی شەڕەنگێزتر و قایمکردنی زیاتری ئاسایشی ناوخۆ. 

عەزیزی ئاماژەی بەوەش کردووە کە تەرکیزکردن لەسەر کردەی هێرشبەرانە و خێراکردنی بڕیارەکان، نیشانەی تێپەڕینە لە پاشەکشەی نەریتی بەرەو بەرپەرچدانەوەی هێرشبەرانە.
لای خۆشیەوە، سەعید گوڵکار، مامۆستای زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی تێنسی بە CNNی ڕاگەیاندووە کە زۆربەی دامەزراوە نوێیەکان پاشخانێکی هەواڵگرییان هەیە، ئەمەش سەلمێنەری ئەوەیە کە کۆماری ئیسلامیی بەرەو سیستەمێکی بیرۆکراسیی ئەمنیی هەنگاو دەنێت.
 لە هەمان کاتدا پەیمانگەی لێکۆڵینەوەی جەنگ لە واشنتن جەخت دەکاتەوە کە ئەم دەستکارییانە هەڵوێستە توندڕەوەکانی ڕژێم بەهێزتر دەکەن، لەوانە کۆنترۆڵی تەواو بەسەر گەرووی هورمز، دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە و پەرەپێدانی بەرنامەی ئەتۆمی.
یانەی شیکاروانانی CNN ئاماژە بەوەش دەکەن کە یەکێک لە دیارترین دەستنیشانکردنەکان، گەڕانەوەی حوسێن تائیبە بۆ سەرۆکایەتیی میلیشیای بەسیج، کە هاوپەیمانێکی نزیکی موجتەبا خامنەیییە و پێشتر ڕۆڵێکی گەورەی لە سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکاندا هەبووە.
 شارەزایان پێیانوایە مەبەست لە بەکارخستنەوەی تائیب، قووڵکردنەوەی سیخوڕی و کۆکردنەوەی زانیارییە لە ئاستی گەڕەکەکاندا، بەتایبەت دوای ئەوەی دزەکردنی هەواڵگریی بووە یەکێک لە لاوازترین خاڵەکانی ئێران.
 دانی سیتیرینۆڤیچ، شیکەرەوەی ئیسرائیلیش هۆشداریدەدات کە ئەم گرووپە نوێیە زیاتر ئامادەن ڕاستەوخۆ توانای سەربازیی بەکاربهێنن، بەتایبەت لە دۆسیەی ئەتۆمیدا.
 بەپێی هەڵسەنگاندنی CNN، داڕشتنەوەی ئەم پێکهاتە ئەمنییە ئاماژەیە بۆ هێزێک کە پشت بە ئەزموونی سەربازیی دەبەستێت بۆ جێگیرکردنی سیستەمەکە لە قۆناغی دوای جەنگدا.