شارپرێس:
دوای ئەوەی دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق فرۆشتنی سیمکارتی لەتەواوی دوکاندار و شوێنە نافەرمییەکانی لەهەرێمی کوردستان راگرت و هۆکارەکەشی بۆ فرۆشتنی بەشێوەی نایاسایی گەڕاندەوە، وەزارەتی ناوخۆی هەرێم هاتەدەنگ و دەڵێت، بڕێکی زۆر لە سیمکارتی تۆمارنەکراو لە پارێزگاکانی دیکەی عێراقەوە بە قاچاخ هاوردەی هەرێم دەکرێن.
وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەرونکردنەوەیەکدا سەبارەت بە پرسی سیمکارتی تۆمارنەکراو رایگەیاند، هەر کەس و دوکاندارێک سیمکارتی بێسەرەتا و تۆمار نەکراو بفرۆشێ، بە بڕی سێ ملیۆن دینار بۆ هەر سیمکارتيک سزای دارایی دەکرێت.
ئەوەشیخستەڕوو، ئەو دەنگۆیانەی ئاماژە بەوە دەکەن گوایە سیمکارتی تۆمارنەکراو لە هەرێمی کوردستانەوە رەوانەی پارێزگاکانی دیکەی عێراق دەکرێت بەتەواوی پێچەوانەیە، بەڵکو ڕاستییەکە ئەوەیە بڕێکی زۆر لە سیمکارتی تۆمارنەکراو لە پارێزگاکانی دیکەی عێراقەوە بە قاچاخ هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکرێن.
وەزارەتی ناوخۆ باسی لەوەشکردوە، لە هەڵمەتەکانی دواییدا، دەست بەسەر بڕێکی زۆر لە سیمکارتی تۆمارنەکراودا گیراوە و رێککاری زۆر توند بەرامبەر ئەو کەس و خاوەن دوکانانە گیراوەتە بەر کە سەرپێچی رێنماییەکان دەکەن.
هاوکات جەخت کراوەتەوە، سیمکارت دەبێت تەنها لە لایەن بریکارە فەرمییەکان و دوای تۆمارکردن و بەناوکردنی فەرمی بفرۆشرێت. هاوکات ئاگاداری هاووڵاتیانیشی کردەوە کە بە هیچ جۆرێک سیمکارتی تۆمارکراو بە ناوی خۆیان نەفرۆشنە هیچ کەسێک، بێ ئەوەی بە شێوازی فەرمی خاوەندارێتییەکەی بگوێزرێتەوە.
