شارپرێس:
فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی
عێراق لەگەڵ بەدر ئەلبوسەعیدی هاوتا عومانییەکەی، پەرەسەندنی ناکۆکییەکانی نێوان
واشنتۆنو تارانیان تاووتوێکرد، تەوەرە سەرەکییەکانی گفتوگۆکە بریتیبون لەکاریگەریی
ئەو سزایانەی ئەمریکا کە پێشنیازکراون بۆ سنوردارکردنی مامەڵە داراییو ئابورییەکان
لەگەڵ ئێران، هاوکات لەگەڵ هەوڵەکانی عومان بۆ هێورکردنەوەی بارگرژییەکانی گەروی
هورمز.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی
وەزارەتی دەرەوەی عێراق، ڕۆژی هەینی فوئاد حوسێن پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ ئەلبوسەعیدی
ئەنجامداوە، لەو پەیوەندییەدا، وەزیری دەرەوەی عومان کورتەیەکی لەسەر ئەنجامی
گفتوگۆکانی وهفدى وڵاتەکەی لەگەڵ بەرپرسانی ئێران لەتاران خستەڕوو، بەتایبەتی ئەو
لێکتێگەیشتنانەی کە پەیوەستن بەدۆخی گەروی هورمز.
هەردوو وەزیر باسیان لەکێشە
هەڵپەسێردراوەکانی نێوان ئەمریکاو ئێران کرد، تیشکخرایەسەر ئەو سزایانەی کە ئامانجیان
تەنگپێهەڵچنین بەمامەڵە داراییەکانی تارانەو کاریگەریی ئەو فشارانە لەسەر سەقامگیریی
ناوچەکە نیشاندرا.
هەردولا جەختیان لەگرنگیی
بەستنی کۆبونەوەی بەپەلەی ئەو وڵاتانە کردەوە کە پەیوەندیدارن بەم دۆخەوە، تاوەکو ڕێگەیەک
بۆ کەمکردنەوەی لێکەوتە نەرێنییەکانی ململانێی واشنتۆنو تاران بدۆزرێتەوە، عێراقو
عومان ڕێککەوتن لەسەر بەردەوامیی هەماهەنگییەکانی نێوان بەغداو مەسقەت بۆ خستنەڕوی
دەستپێشخەریی هاوبەشو بانگهێشتکردنی وڵاتانی دیکەش بۆ ناو ئەو هەوڵانە، بەمەبەستی
گەیشتن بەدیدگایەکی یەکگرتوو کە ببێتە هۆی پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە.
ئەم جوڵە دیپلۆماسییە
دوای ئەوەدێت کە ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو سوپای پاسدارانی ئێران ڕایگەیاند؛ لەگفتوگۆکانیاندا
لەگەڵ سوڵتانی نشینی عومان گەیشتونەتە هەندێک ڕێککەوتن سەبارەت بەپشکی هەر دەوڵەتێک
لەئاوەکانی گەروی هورمزو دابەشکردنی داهاتەکانی، سوپای پاسداران ئەمریکای تۆمەتبارکرد
بەوەی ڕێگریی لەتەواوکردنی ئەو ڕێککەوتنانە دەکات.
لەکۆتاییدا، وەزارەتی
دەرەوەی عێراق ئاماژەی بەوەکردوە، هەردولا ڕێککەوتون کەناڵەکانی پەیوەندییو هەماهەنگی
بەکراوەیی بهێڵنەوە بۆ ئەوەی لەقۆناغی داهاتودا دیدگایەکی گشتگیر بۆ ڕوبەڕوبونەوەی
پەرەسەندنە ههرێمیهكان گەڵاڵە بکەن.
