پارتی لیکۆد هێرشێکی توند دەکاتەسەر ئیتامار بن غەفیرو ده‌ڵێت: لوتبەرزی وەلابنێ‌و بگەڕێرەوە ناو هاوپەیمانیی ڕاستڕەوەکان

جیهان

49 خولەک پێش ئێستا‌ 1417 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

پارتی لیکۆد داوا لەڕێبەری پارتی (عوتسما یەهودیت) دەکات لەنێوان (هاوپەیمانییەکی نەتەوەیی بەرفراوان) بەسەرۆکایەتی بنیامین ناتانیاهۆو حکومەتێکی چەپدا یەکێکیان هەڵبژێرێت کە بەوتەی لیکۆد ئەو حکومەتە چەپە دەبێتە هۆی لەناوبردنی هەموو ئەو دەستکەوتانەی لەساڵانی ڕابردودا بەدیهاتون.


لیکۆد هێرشێکی توندیکردەسەر ئیتامار بن غەفیر، پاشئەوەی ناوبراو هاوپەیمانێتی لەگەڵ (بتسلال سمۆتریچ) ڕەتکردەوە؛ لیکۆد تۆمەتباریدەکات بەوەی بەوکارەی دەیان هەزار دەنگی بەرەی ڕاستڕەو دەخاتە مەترسییەوەو ڕێگە خۆشدەکات بۆ پێکهێنانی حکومەتێک بەسەرۆکایەتی (گادی ئایزنکۆت) کە (ئەڤیگدۆر لیبەرمان، یائیر جۆلان)‌و لایەنە عەرەبەکانیش تێیدا بەشداربن.

لەبەیاننامەیەکی تونددا، لیکۆد داوای لەبن غەفیر کرد لوتبەرزی وەلابنێت‌و لەنێوان حکومەتێکی نەتەوەیی‌و حکومەتێکی چەپدا بڕیار بدات، لایەنی لیکۆد تیشکیخستەسەر ئەو دەستکەوتانەی کە بەوتەی ئەوان لەسەر دەستی ڕاستڕەوەکان بەدیهاتون، لەوانە: فراوانکردنی کۆمەڵگە نیشتەجێبوەکان لەکەرتی ڕۆژئاوا، ئۆپه‌راسیۆنە سەربازییەکان دژی ئێران‌و لەناوبردنی ژمارەیەک لەسەرکردەکانی نەیار؛ لیکۆد جەختیکردەوە، ئەم ئەنجامانە بەرەنجامی ڕێبازی بەرەیەکی ڕاستڕەوی بەهێزو توندە کە سازش ناناسێت.

هەروەها پارتی لیکۆد ئەم دۆخەی ئێستای بەهەڵبژاردنەکانی ساڵی 1992 چواندو ئاماژەی بەوەکرد، پارچەپارچەبونی ناوماڵی ڕاستڕەوەکان لەو سەردەمەدا، بوە هۆی هاتنەسەرکاری حکومەتێک کە دواتر ڕێککەوتنامەی ئۆسلۆی واژۆکرد.

لەکۆتایی بەیاننامەکەدا، لیکۆد هۆشداریدا کە هەر حکومەتێکی ئەگەر گادی ئایزنکۆت، لیبەرمان، یائیر جۆلان‌و لایەنە عەرەبەکانی تێدابێت، هەوڵی دامەزراندنی دەوڵەتی فەڵەستین، تەسلیمبون بەداواکارییە نێودەوڵەتییەکان، لاوازکردنی سوپای ئیسرائیل‌و داخستنی کەناڵی 14 دەدەن.

لیکۆد ڕاستەوخۆ ڕوی دەمی کردە بن غەفیرو وتی، "لوتبەرزیت تێپەڕێنە، عاقڵانەو بەرپرسانە مامەڵە بکە، لەپێناو خاکی ئیسرائیلدا، بگەڕێرەوە ناو هاوپەیمانیی ڕاستڕەوەکان".