موحسین ڕەزایی: بەیروت‌و زاحیە هێڵی سورن؛ ئێران مەرجەکانی بۆ کردنەوەی گەروی هورمز ڕادەگەیەنێت

جیهان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2553 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەژێر سێبەری بەردەوامیی گرژییەکانی ناوچەکەو گفتوگۆکانی پەیوەست بەڕێڕەوە ئاوییە گرنگەکان، موحسین ڕەزایی سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران، دوێنێ هەینی ڕایگەیاند، تاران لیستێکی لەمەرجەکان بۆ ویلایەتەیەکگرتوەکانی ئەمریکا ئامادەکردوە، تاوەکو لەبەرامبەردا گەروی هورمز بکاتەوە.


ڕەزایی جەختیکردەوە، "زاحیەو بەیروت بۆ ئێمە هێڵی سورن"و جه‌ختیكرده‌وه‌، تاران بەجدییەکی زۆرەوە چاودێریی پەرەسەندنەکان دەکات، وتیشی، "مەرجەکانی ئێران کۆتاییهێنان بەجەنگی غەزەو ڕاگرتنی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر دیمەشق لەسوریاش لەخۆدەگرێت".

سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران ڕونیکردەوە، هەر یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتن لەگەڵ واشنتۆن بێتە کایەوە، دەبێت چەند مەرجێکی تێدابێت کە گرنگترینیان بریتین لەکۆتاییهێنان بەجەنگەکانی ناوچەکە لەلایەن ئەمریکاوە، بەلوبنانیشەوە، کشانەوەی ئیسرائیل لەو ناوچانەی کە دەستی بەسەردا گرتون.

ڕەزایی هۆشداریدا کە بەردەوامیی گەمارۆکانی ئەمریکا بۆسەر بەندەرەکانی ئێران، ڕەنگە تاران ناچاربکات "بەهەموو هێزو بەچڕی" بەرژەوەندییە ئابورییەکانی ئەمریکا بکاتە ئامانج، سەبارەت بەپرسی نەوتیش ئاماژەی بەوەکرد، ئێران ئێستا کار لەسەر دروستکردنی "ڕێڕەوی نوێی هەناردەکردن" دەکات کە وردە وردە فراوان دەکرێن.

هەرچەندە ئەو یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنەی لەمانگی حوزەیراندا واژۆکراوە، ئاماژەیەکی ڕاستەوخۆی بەغەزە یان سوریا تێدانییە، بەڵام بڕگەی "کۆتاییهێنانی دەستبەجێ‌و هەمیشەیی ئۆپه‌راسیۆنە سەربازییەکان لەهەموو بەرەکاندا، بەلوبنانیشەوە" لەخۆدەگرێت.

ئەم لێدوانانەی ڕەزایی دوای سەردانەکەی شێخ محەمەد بن عەبدولڕەحمان ئال سانی سەرۆک وەزیرانی قەتەر بۆ ئێران دێت کە تێیدا لەگەڵ عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران، پرسی ڕێککەوتنی "هورمز"ی نێوان سوڵتانی نشینی عومان‌و ئێرانیان تاووتوێکردوە.