شارپرێس:
دوای گیان لەدەستدانی نەخۆشێکی کچی تەمەن 21 ساڵ لە نەخۆشخانەی (رەسوڵی نوێ)ی تایبەت لەشاری هەولێر، وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەو نەخۆشخانەیەی
بەیەکجاری داخست و دەڵێت،" هەر کەسێک پابەند نەبێت بە ڕێنماییەکانی وەزارەتی
تەندروستی، ڕێکاری یاسایی توند لەبەرامبەری دەگیرێتەبەر ".
وەزارەتی تەندروستی لەنوسراوێکدا ئاماژەی بەوەکردوە،" دوای گیان
لەدەستدانی نەخۆشێکی تەمەن 21 ساڵ
لەنەخۆشخانەی رەسوڵی نوێی تایبەت لەشاری هەولێر لێکۆڵینەوەیان دەستپێکردوەو
دەرکەوتوە کە کە پزیشکی نەشتەرگەر و سڕکار رێگەپێدانی کارکردنیان نییە لەو
نەخۆشخانەیە، هەروەها نەبونی میلاکی ئەو پزیشکانە لە لیستی میلاکی رێگەپێدراوانی
وەزارەت بۆ کارکردن لەو نەخۆشخانەیە ".
لەنوسراوەکەی وەزارەتی
تەندروستی ئەوەش هاتوە،" پزیشکانی نەخۆشخانەکە بەبێ بونی هۆڵی چاودێری چڕ لە
نەخۆشخانەکە نەشتەرگەری فریاکەوتنیان ئەنجامداوە، لەکاتێکدا لەسەرەتای مانگی شەشی
ئەمساڵ بەهۆی پابەند نەبونی نەخۆشخانەکە بە رێنماییەکان، بەفەرمانێکی وەزاری هۆڵی
نەشتەرگەری نەخۆشخانەکە داخراوە، بەڵام ئیدارەی نەخۆشخانەکە بەڕێگەی دیکەی نافەرمی
نەشتەرگەرییان ئەنجامداوە.
لەکۆتایی نوسراوەکەی
وەزارەتی تەندروستی ئاماژە بەوەشکراوە،" بەهۆی ئەو سەرپێچییانە بڕیاردرا بە
داخستنی نەخۆشخانەکە و رەوانەکردنی سەرپێچیکارانی نەخۆشخانەکە بۆ دادگای
پەیوەندیدار بۆ وەرگرتنی رێکاری یاسایی بەرامبەریان ".
