شارپرێس:
میدیای سوریا شیکارییەکی نوێی لەبارەی نیگەرانییەکانی ئێران
بەرامبەر هەوڵەکانی عێراق و سوریا و ئەمریکا بۆ دروستکردنی بۆرییەکی نەوتی لەکەرکوکەوە بۆ شاری بانیاس لە رۆژئاوای سوریا بڵاوکردوەتەوە، بەپێی شیکارییەکە،
ئێران ترسی لەوە هەیە کە دروستکردنی ئەو هێڵە بەهای گەروی هورمز بۆ هەناردەکردنی
نەوت کەمبکاتەوە، کە لەئێستادا بەهێزترین کارتی فشاری دەست ئێرانە، بۆ کۆنتڕۆڵکردنی بازاڕی وزە لە جیهان.
تەلەفزیۆنی سوریا هەواڵێکی ئاژانسی هەواڵی "تەسینم"ی
سەر بە سوپای پاسدارانی ئێرانی بڵاوکردوەتەوە، کە تێیدا باس لەوەکراوە، پرۆژەی بۆری نەوتی
کەرکوک – حەدیسە - بانیاس بنەمای پڕۆژەیەکی نوێی وزەیە، کە سەرمایەی عەرەبی و
کۆمپانیا ئەمریکییەکان پێکەوە دەبەستێتەوە، ئامانج لێی لێدانە لە هەژمونی ئێران
لەعێراق و ناوچەکە.
هاوکات، ئاژانسی هەواڵی (ئیرنا)ی ئێرانی باسی لەوەکردوە،
ئەو پڕۆژەیە ناتوانێت لە داهاتویەکی نزیکدا ببێت بە جێگرەوەی گەروی هورمز، بەڵام
بەردەوامبونی ئەو جۆرە پڕۆژانە بە چەند قۆناغێکی جیا لە بەهای گەروی هورمز بۆ ئێران
کەمدەکاتەوە.