دیموکراتەکان هەوڵی کۆتاییهێنان بەشەڕی ئیدارەی ترەمپ دژ بەئێران دەدەن

جیهان

7 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2259 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ئەندامانی دیموکرات لەئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا بەنیازن پڕۆژەیاسای دەسەڵاتەکانی جەنگ بۆ کۆتاییهێنان بەشەڕی سەر ئێران ئاراستە بکەن، ئەم هەنگاوەش دوای ئەوە دێت کە شەڕەکە تێچویەکی دارایی زۆری خستوه‌تەسەر بودجەی ئەمریکا.


چاک شومەر ڕابەری دیموکراتەکان لەئەنجومەنی پیران ڕایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ هەوڵدەدات تێچوی ڕاستەقینەی شەڕەکە بەکەم نیشانبدات، لەکاتێکدا بەهۆی بەرزبونەوەی نرخی سوتەمەنییەوە زیاتر لە100 ملیار دۆلار لەسەر هاوڵاتیانی ئەمریکا کەوتوە.

جەختیشیکردەوە، کوتلەکەیان لەئەنجومەنی پیران بەردەوامدەبێت لەکارکردن بۆ پەسەندکردنی یاساکە، بەمەبەستی گەڕاندنەوەی سەربازان‌و کەمکردنەوەی بارگرانی دارایی.

هاوکات، ئەنجومەنی پیران دەنگیدا بەبڕیارێک کە دۆناڵد ترەمپ پابەند دەکات بەڕاگرتنی شەڕ لەگەڵ ئێران، به‌گوێره‌ى تۆڕی CNN، ئەم دەنگدانە هەڵوێستێکی سیاسی توندە دژ بەسیاسەتەکانی ئیدارەی ئەمریکا، بەرلەدەستپێکردنی هەڵبژاردنەکانی نیوەی خولیی.

هەرچەندە وەزارەتی جەنگی ئەمریکا (پێنتاگۆن) تائێستا ئامارێکی وردی لەسەر تێچوی جەنگ بڵاونەکردوه‌تەوە، بەڵام ماڵپەڕی "Iran War Cost"ی ئەمریکی ئاشکرایکردوە کە خەرجییەکانی واشنتۆن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست 100 ملیار دۆلاری تێپەڕاندوە.

به‌گوێره‌ى بەراوردەکانی ماڵپەڕەکە کە پشتی بەڕاپۆرتێکی پێنتاگۆن بۆ کۆنگرێس بەستوە، شەش ڕۆژی یەکەمی جەنگەکە11.3  ملیار دۆلار بوەو ڕۆژانەش نزیکەی ملیارێک دۆلار بۆ بەگەڕخستن‌و خەرجی ڕۆژانەی  هێزەکان خەرجدەکرێت.