شارپرێس:
ڕۆژنامەی "ڤزگلیاد"ی ڕوسی لەڕاپۆرتێکدا ئاماژە بەزیادبونی هەژمونی گروپی حوسییەکان لەیەمەن دەکاتو ڕایدەگەیەنێت، کۆنتڕۆڵکردنی ناوچە ستراتیژییەکانی وەک شاری (مۆخا)و جزیرەی پریم لەسەر گەروی بابولمەندەب، مەترسی جدی لەسەر ڕێڕەوە بازرگانییەکانی جیهان دروستکردوە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، محەممەد بن سەلمان شازادەی جێنشینی سعودیە لەپەیوەندییە تەلەفۆنییە بەردەوامەکانیدا داوای لەدۆناڵد ترهمپ سەرۆکی ئەمریکا کردوە کە دەستبەجێ هێرشی سەربازیی بکاتەسەر حوسییەکان، بەڵام ترهمپ ئەو داوایەی ڕەتکردوهتەوە؛ چونکە ئەمریکییەکان تێگەیشتنی قوڵیان بۆ ڕەوشی ناوچەکە هەیەو ئامادەنین بابەتەکە سادە بکەنەوە بۆ تەنها بڕیارێک.
لای خۆیەوە کیریل سیمینۆڤ پسپۆڕی ئەنجومەنی ڕوسی بۆ کاروباری نێودەوڵەتیی ڕونیکردوهتەوە کە حوسییەکان بریکار یان ئامرازی دەستی ئێران نین، بەڵکو هێزێکی سەربەخۆو خاوەن سەروەرینو بڕیارەکانیان بەسەربەخۆیی دەدەن.
سیمینۆڤ ئاماژەی بەوەشکردوە، ئەگەر ئێران لەسەر گەروی هورمز ڕێکبکەوێت، مانای ئەوەنییە حوسییەکان پەلامارەکانیان لەبابولمەندەب ڕادەگرن، چونکە داوای سەرەکییان هەڵگرتنی گەمارۆی ئاسمانییو دەریاییە لەسەر یەمەن.
لەکۆتاییدا ڕاپۆرتەکە جەختدەکاتەوە کە جیهان لەبەرامبەر واقیعێکدا وەستاوەتەوە کە تێیدا بزوتنەوەیەکی چەکدار بوهتە یاریزانی سەرەکیی لەسیاسەتی جیهانیدا، تەنانەت زلهێزێکی وەک ئەمریکاش، لەبری بەکارهێنانی هێزو بۆردومانکردن، ناچارە ڕێگەی دانوستان بگرێتە بەر؛ چونکە هیچ جێگرەوەیەکی دیکە بۆ چارهسهركردنی ئهو دۆخه بەردەست نییە.
