شارپرێس:
بەپێی ڕاپۆرتێکی دەستەی پەخشی ئیسرائیلی
"کان"، بەهۆی هێرشی بێپێشینەی حوسییەکان بۆ سەر ڕیاز، ڕابەرایەتیی سعودیە
توشی ناکۆکی بۆتەوە دەربارەی ئەو هەنگاوانەی پێویستە بەرامبەر حوسییەکان بنرێن.
میدیای ناوبراو لە سەرچاوەیەکەوە لە هێزە یەمەنییەکانی
لایەنگری سعودیە گواستوویەتیەوە کە فەیسەڵ بن فەرحان، وەزیری دەرەوەی سعودیە، هەوڵ
بۆ چارەسەری دیپلۆماسیی و گەیشتن بە ڕێککەوتنی ئاگربەست دەدات، لە بەرامبەردا خالد
بن سەلمان، وەزیری بەرگریی و برا بچووکی جێنشین، داوای جووڵەی سەربازی دەکات.
سەرچاوەکان دەڵێن؛ خالد بن سەلمان پێیوایە وەستاندنی شەڕ لەم قۆناغەدا
زیانبەخش و "کارەساتبار" دەبێت و داوا دەکات کردەیەکی سەربازیی ئەنجام
بدرێت، لانیکەم بۆ کۆنتڕۆڵکردنەوەی ئەو ناوچانەی نزیک بابولمندەب کە لە دەستیان
داون.
ئەم ئاڵۆزییانە دوای ئەوە دێن کە نزیکەی هەفتەیەک و نیو
بەرامبەر کۆنتڕۆڵکردنی ناوچەی بابولمەندەب لەلایەن حوسییەکانەوە تێپەڕیوە. ڕیاز لە
دارشتنی ستراتیژییەکی ڕوون و کۆکردنەوەی هاوبەشە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان تووشی
سەختی بۆتەوە.
لەم نێوەندەدا
طارق ساڵح، یەکێک لە فەرماندە دیارەکانی لایەنگری سعودیە کە بەشێک لە ناوچەکانی کەناراوی
ڕۆژئاوای لەدەستداوە، لە ڕیازی پایتەختە بۆ تاوتوێکردنی ئەو بابەتە.
ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی