ئاڵنگارییە سەرەکییەکانى بودجەی عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢٧

توێژینەوە و شیکاریی

52 خولەک پێش ئێستا‌ 55 جار خوێندراوه‌ته‌وه

پێشەکی
پرۆسەی ئامادەکردنی بودجەی فیدراڵی عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢٧ لە کاتێکدا دەچێتە قۆناغێکی هەستیار کە ئابووری و داراییی وڵات لەگەڵ کۆمەڵێک فشار و ناڕوونیی گەورە ڕووبەڕوو بۆتەوە.


لە لایەکەوە، عێراق هێشتا بە شێوەیەکی سەرەکی پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێت؛ لە لایەکی دیکەوە، خەرجییە جێگیرەکانی حکومەت، مووچە و خانەنشینی و پابەندییە دارایییەکان بەردەوام زیاد دەبن. لە هەمان کاتدا، ئاڵۆزییە سیاسی و ئەمنییەکانی ناوچە و کاریگەرییەکانیان لەسەر بازاڕی نەوت و گواستنەوەی نەوت، پێشبینیکردنی داهاتی نەوتی بۆ ساڵی ٢٠٢٧ زۆر ئاڵۆز کردووە.

لەو چوارچێوەیەدا، ئاڵنگارییە گەورەکانی بودجەی ٢٠٢٧ دەکرێت لەم پێنج خاڵەدا کورت بکرێتەوە:
دیاریکردنی نرخی نەوت و بڕی هەناردەکردنی.
دابینکردنی سەرچاوەی دارایی بۆ داپۆشینی کەموکوڕی بودجە.
پشکى هەرێمی کوردستان.
دامەزراندن و جێگیرکردنی گرێبەستکاران و پابەندییەکانی مووچە.
زیادبوونی تەرخانکردنی دارایی بۆ وەزارەتی نەوت لە دەرەنجامى بوونى شێوازێکی نوێی دیاریکردنی نرخی نەوتی بۆ بەکارهێنانی ناوخۆ.

بەپێی هەندێک پێشبینی، کەمهێنانى بودجەی عێراق لە ساڵی ٢٠٢٧ دەتوانێت لە ٦٠ تریلیۆن دینار تێپەڕێت. ئەمە لە کاتێکدایە کە کۆی خەرجییەکانی بودجە دەتوانێت بە نزیکەی ٢٠٥ تریلیۆن دینار بخەمڵێنرێت. ئەم دۆخە دەریدەخات کە کێشەی دارایی عێراق تەنها کێشەی نرخی نەوت نییە، بەڵکو کێشەیەکی پێکهاتەییە کە پەیوەندی بە جۆری داهات، شێوازی خەرجکردن، قەرز و پابەندییە دارایییە درێژخایەنەکانی حکومەتەوە هەیە.

چوارچێوەی گشتیی کێشەی بودجەی عێراق
ئابووری عێراق بە شێوەیەکی بنەڕەتى پشت بە داهاتى نەوت دەبەستێت. بەپێی هەڵسەنگاندنەکانی سندوقی نێودەوڵەتی دراو (IMF)، داهاتی نەوتی دەتوانێت هێشتا لە ساڵانی داهاتوودا زیاتر لە ٩٠٪ی کۆی داهاتی حکومەت پێکبهێنێت، هەروەها پێشبینی دەکرێت ڕێژەى موچە و خانەنشینی لە تێکڕاى خەرجکردن بگاتە 54% تا ساڵى 2030. ئەمە واتە دارایی گشتیی عێراق بە نرخ و بڕی هەناردەکردنی نەوتەوە بەستراوەتەوە. کاتێک نرخی نەوت بەرز دەبێت، توانای حکومەت بۆ خەرجکردن زیاد دەکات؛ بەڵام کاتێک نرخ دادەبەزێت یان هەناردەکردنی نەوت کەم دەبێتەوە، کەمهێنانى بودجە بە خێرایی فراوان دەبێت.

بەم پێیە، بودجەی عێراق زۆر زیاتر لە بودجەی وڵاتانی دیکە کاریگەر دەبێت بە شۆکی دەرەکی و بازاڕی جیهانیی نەوت. سندوقی نێودەوڵەتی دراو هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە کە نرخی نەوتی پێویست بۆ ئەوەی عێراق بودجەکەی لە هاوسەنگیی دارایی بپارێزێت، بەهۆی زیادبوونی خەرجییەکانەوە لە ساڵانی ڕابردوودا بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز بووەتەوە.

ئەمەش دەریدەخات کە عێراق پێویستی بە نرخی بەرزتری نەوت هەیە بۆ ئەوەی بتوانێت هەمان ئاستی خەرجییە دارایییەکانی خۆی بەردەوامى پێ بدات.

ئاڵنگارى یەکەم ـ نەوت؛ نێوان نرخ، بڕی هەناردە و گەرووى هورموز
نەوت؛ گۆڕاوەی سەرەکیی بودجە. یەکەم پرسیار لە بەردەم بودجەی ٢٠٢٧ ئەوەیە عێراق دەبێت بودجەکەی لەسەر چ نرخێکی نەوت و چ بڕێک لە هەناردەکردنی نەوت بنیات بنێت؟
هەندێک هەڵسەنگاندنی ئابووری نرخی نەوتی بودجەی ٢٠٢٧ لە نێوان ٥٠ تا ٥٣ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک دادەنێن. بەڵام کێشەکە ئەوەیە کە بازاڕی نەوت لە ساڵی ٢٠٢٦ بەهۆی ئاڵۆزییە ناوچەییەکانەوە زۆر گۆڕاوە. بەتایبەتی، ناڕوونی لەسەر دۆخی کەناڵی هورموز کە کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر هەناردەکردنی نەوتی عێراق هەیە. لەبەر ئەمە، کێشەکە تەنها ئەوە نییە کە نرخی نەوت چەندە؟ بەڵکو ئەوەیە کە:عێراق چەند بەرمیل دەتوانێت بە شێوەیەکی بەردەوام بگەیەنێتە بازاڕەکانی جیهان؟ ئەمە جیاوازییەکی گرنگە. ئەگەر نرخ بەرز بێت، بەڵام بڕی هەناردەکەم بێت، داهاتی عێراق کەم ببێتەوە.

ئاڵنگارى دووەم: کەموکوڕیی بودجە و قەرزی ناوخۆ
یەکێک لە گەورەترین ئاڵنگارییەکانى بودجەی ٢٠٢٧ کەمهێانێکى دارایییە کە دەتوانێت لە ٦٠ تریلیۆن دینار تێپەڕێت. ئەم ژمارەیە دەبێت بە وردی لێى تێبگەین؛ چونکە مەبەست لەوە کەمهێنانى بودجەیە، نەک کۆی خەرجییەکانی بودجە. کێشەی سەرەکی لەوەدایە کە حکومەت بۆ داپۆشینی ئەم کەموکوڕییە دەبێت پشت بە قەرزی ناوخۆ، قەرزی دەرەکی، داهاتی زیادەی نەوت، یان کەمکردنەوەی هەندێک خەرجی ببەستێت. بەڵام هەر یەکێک لەم ڕێگایانە سنووری خۆی هەیە.
توانى عێراقیش بۆ وەرگرتنى قەرزى دەرەکی تادێت ناڕوونتر دەبێت، لە کاتێکدا کە بەرزبوونەوەى قەرزى ناوخۆ وا دەکات کە پشت بەستنى ڕەها بە بازاڕى ناوخۆ تێچووى زیاتر بێت.  زیادبوونی قەرزی ناوخۆ واتە کورتهێنان، قەرز، زیادبوونی تێچووى قەرز، فشار لەسەر بودجەی ساڵانی داهاتوو.  بەم شێوەیە، قەرزکردن دەتوانێت کێشەی ساڵێک چارەسەر بکات، بەڵام هەمان کێشە بۆ ساڵانی داهاتوو دەگوازێتەوە. سندوقی نێودەوڵەتی دراو هۆشداری داوە کە بەردەوامبوونی پێویستییەکانی دارایی دەتوانێت فشار لەسەر قەرز و سەرچاوەکانی دارایی زیاد بکات.

ئاڵنگارى سێیەم ـ پشکی هەرێمی کوردستان
بابەتی پشکی هەرێمی کوردستان یەکێکە لە هەستیارترین بابەتەکانی بودجەی ٢٠٢٧. ئەم بابەتە سێ ڕەهەندی سەرەکی هەیە ژمارەی دانیشتووان، مافی دارایی و خەرجییەکان، نەوت و داهاتی نەوتی.
گۆڕینی ڕێژەی پشکى هەرێم: بەپێی ئەنجامەکانی سەرژمێریی نوێ، حکومەتی هەرێمی کوردستان داوا دەکات کە پشکەکەى لە بودجە بەپێی دواهەمین سەرژمێرى دیارى بکرێت. حکومەتى هەرێم دەڵێت کە ڕێژەى دانیشتوانەکەى بەپێی دەرەنجامە فەرمییەکانى سەرژمێرى دەگاتە ١٤.١٤٪. ئەمە لەگەڵ ئەو ڕێژەیەی پێشتر بەکارهاتووە، کە نزیکەی ١٢.٦٧٪ بوو، جیاوازییەکی بەرچاو دروست دەکات. بەپێی هەندێک هەڵسەنگاندنی ئابووری، پشکى داواکراوی هەرێم دەتوانێت بە نزیکەی ٢٩ تریلیۆن دینار مەزەندەبکرێت. لەو بڕەدا، بە نزیکەی:
أ‌.٦.٤ تریلیۆن دینار بۆ خەرجییەکانى وەبەرهێنان.
ب‌.٢٢.٦ تریلیۆن دینار بۆ خەرجییە کارگێڕییەکان هەڵسەنگێنراوە.
لە خەرجییە کارگێڕییەکانیشدا بابەتی مووچە، دامەزراندن، جێگیرکردنی گرێبەستکاران، خانەنشینی و پاراستنی کۆمەڵایەتی گرنگن. بەڵام هێشتا بەغدا بڕیارى نەداوە کە کار بەڕێژە نوێکە بکات.

نەوتی هەرێم: لە بەرامبەر مافی داراییی هەرێم، بابەتی نەوتی هەرێم دەبێتە بەشێکی سەرەکی لە هاوکێشەکە. بەپێی ڕێککەوتنە نوێکان، نەوتی هەرێمی کوردستان کە بۆ هەناردە دیاری دەکرێت، دەبێت بۆ فرۆشتن لە بازاڕی جیهانی بدرێت بە سۆمۆ و داهاتەکەی بگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی فیدراڵی. ئەم ڕێکخستنە دەتوانێت بنەمایەک بۆ دروستکردنی هاوکێشەیەکی نوێ لەنێوان بغداد و هەولێر بێت: مافی داراییی هەرێم ↔ پابەندییەکانی نەوتی و داراییی هەرێم. ئەگەر ئەم هاوکێشەیە بە شێوەیەکی ڕوون و شەفاف جێبەجێ بکرێت، دەتوانێت لە ساڵی ٢٠٢٧دا بەشێک لە کێشە کۆنەکانی نێوان بغداد و هەولێر کەم بکاتەوە.

بودجەی ٢٠٢٧ و هەرێمی کوردستان؛ کێشەیەک لەسەر دوو ئاست
لە ڕوانگەی هەولێرەوە، زیادبوونی ڕێژەی دانیشتووان بۆ ١٤.١٤٪ دەبێت ببێتە بنەمای دابەشکردنی بودجە. لە ڕوانگەی بغدادەوە، بەڵام پشکی دارایی دەبێت لەگەڵ پابەندییە نەوتی و داهاتییەکانی هەرێم پەیوەندیی هەبێت. بۆیە بابەتی پشکى هەرێم نابێت تەنها وەک چەند تریلیۆن دینار بە هەرێم دەدرێت؟ ببینرێت. بەڵکو دەبێت وەک سیستەمێکی تەواوی مافە دارایی و پابەندییە دارایییەکان ببینرێت. لەو چوارچێوەیەدا، ئەو پرسیارانە گرنگ دەبن: هەرێم چەند نەوت دەنێرێت؟ داهاتی ئەو نەوتە چەندە؟ چەند داهاتی نانەوتی هەیە؟ چەند مووچەیەکی فیدراڵی پێویستە بدرێت؟ چەند خەرجییەکی وەبەرهێنانی هەیە؟ و میکانیزمی هەژمارکردن و چاودێریکردن چۆن دەبێت؟ ئەگەر ئەم پرسیارانە بە شێوەیەکی شەفاف و یەکسان وەڵام بدرێنەوە، ئەوا دەتوانێت کێشەی بودجەیی نێوان بغداد و هەولێر لە قۆناغی ناکۆکیی سیاسییەوە بباتە قۆناغی ڕێکخستنی داراییی دامەزراوەیی.

ئاڵنگارى چوارەم ـ دامەزراندن و جێگیرکردنی گرێبەستکاران: کێشەی دامەزراندنی فەرمانبەرانى نوێ و گۆڕینی گرێبەست بۆ دامەزراندنی هەمیشەیی، یەکێکی دیکەی ئاڵنگارییەکانى بودجەی ٢٠٢٧ە. دامەزراندنی فەرمانبەر تەنها خەرجیی ساڵێک نییە؛ بەڵکو پابەندییەکی داراییی درێژخایەنە. چونکە دامەزراندن واتە مووچە، زیادکردنی مووچە، خانەنشینی، بیمە و خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان، و پابەندییە دارایییەکانی داهاتووە. بۆیە هەر شەپۆلێکى نوێی دامەزراندن دەکرێت بۆ ساڵانی داهاتوو بارێکی زیاتر لەسەر بودجە دابنێت. سندوقی نێودەوڵەتی دراو هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە کە تێچووى مووچە و خانەنشینی یەکێکە لە گەورەترین سەرچاوەکانی فشار لەسەر داراییی عێراق. بەپێی هەڵسەنگاندنەکانی سندوقى نێودەوڵەى دراو، ئەگەر ڕەوتی ئێستا بەردەوام بێت، مووچە و خانەنشینی دەتوانێت بەشێکی زۆر لە خەرجییەکانی حکومەت لە ساڵانی داهاتوودا پێکبهێنێت.

ئاڵنگارى پێنجەم ـ وەزارەتی نەوت و سیستەمی نوێی نرخی نەوت
بابەتی تەرخانکردنی دارایی بۆ وەزارەتی نەوت لەوانەیە لە ساڵی ٢٠٢٧دا گرنگتر ببێت. هۆکارەکەش پەیوەندی بە شێوازی نوێی دیاریکردنی نرخی ئەو نەوتەوە هەیە کە بۆ بەکارهێنانی ناوخۆ و ڕەوانەکردن بۆ پاڵاوگەکان بەکاردێت. ئەم سیستەمە دەبێت بە وردی لە ڕووی نرخی ڕاستەقینەی بەرهەمهێنانی هەر بەرمیلێکى نەوت، تێچووی پاڵاوتن، گواستنەوە، دابینکردنی سووتەمەنی، یارمەتییە حکومییەکان، و داهاتی کۆتایی هەڵبسەنگێنرێت.
لە ئێستادا تێچووى دەرهێنانى بەرمیلێک نەوتى خاو لەنێوان 7 بۆ 7.7 دۆلارە بۆ هەر بەرمیلیک، لەسەر ئەو بنەمایەش پێویستە نرخی بەرمیلێک نەوت کە دابین دەکرێت بۆ پاڵاوگەکان بەهاکەى بگاتە 45.5 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک لەسەر بنەماى 65 دۆلار بۆ بەرمیلێک دواى داشکاندنى 30%.

ئەم پرسەى ئەم نمونەیە دروسى دەکات پەیوەندى بەو پرسیارەوە هەیە کە کێ تێچووى راستەقینەى زنجیرەى دەرهینان و پاڵاوتن و دابەشکردن لە خۆ دەگرێت؟
ئەگەر بودجەی گشتی هەروا بەرپرسیارێتی خەرجییە کارگێڕی و وەبەرهێنانییەکانی کۆمپانیا نەوتییەکان لە ئەستۆ بگرێت، ئەوا مۆدێلی نوێ لەوانەیە لەبری ئەوەی خەرجییەکان بە شێوەیەکی ڕاستەقینە کەم بکاتەوە، تەنها دەبێتە هۆی دابەشکردنەوەی نوێی بەرپرسیارێتییە داراییەکان لەنێوان دامەزراوەکانی دەوڵەتدا.
ئەم خاڵە بە تایبەتی گرنگە، چونکە حکومەت باس لەوە دەکات کە چاکسازیی مۆدێلی پاڵاوتنى نەوت دەتوانێت پاشەکەوتێکی داراییی گەورە بۆ دەوڵەت دروست بکات. بەڵام هەندێک نوێنەر و پسپۆڕ داوای ئەوە دەکەن کە هاوکێشەی دارایییەکەی ئەم پاشەکەوتەی لەسەر بنیات نراوە، بە ڕوونی ئاشکرا بکرێت؛ واتە ئەوە دیاری بکرێت کە ئایا ئەم پاشەکەوتە پاشەکەوتێکی ڕاستەقینەی نەقدییە، یان تەنها گۆڕینەوە و ڕێکخستنەوەیەکی ژمێریارییە بۆ بەرپرسیارێتییە داراییەکان لەنێوان کۆمپانیا نەوتییەکان و خەزێنەی دەوڵەت.

لەبەر ئەمە، کاریگەریی مۆدێلی نوێ لەسەر بودجەی ساڵی ٢٠٢٧ نابێت تەنها بە ژمارەی پاشەکەوتی ڕاگەیەنراو بپێورێت، بەڵکو پێویستە لەسەر بنەمای ئەم پێوەرانە هەڵسەنگێندرێت، تێچووی ڕاستەقینەی هەر بەرمیل نەوت، تێچووی پاڵاوتەکردنى نەوت، تێچووی گواستنەوە، تێچووی یارمەتی و پشتگیریی دارایی، بەهای بەرهەمە نەوتییە بەرهەمهێنراوەکان، ئەو تێچووی هاوردەکردنەی کە بەهۆی بەرهەمهێنانی ناوخۆوە ڕێگری لێ دەکرێت، و ئەو داهاتە پوختەی کە بە شێوەی ڕاستەوخۆ دەگاتە خەزێنەی دەوڵەت.
بەم پێوەرانە دەتوانرێت دیاری بکرێت کە مۆدێلی نوێ بەڕاستی بۆ بودجەی عێراق پاشەکەوتی دارایی دروست دەکات، یان تەنها شێوازی تۆمارکردن و دابەشکردنی خەرجییەکان دەگۆڕێت.

کێشەی بنەڕەتی ـ زاڵبوونی خەرجیی کارگێڕی
لە پشت هەموو ئەو ئاڵنگارییانەوە کێشەیەکی گەورەتر هەیە کەئەویش زۆر بوونى خەرجییە جێگیرەکان، مووچە، خانەنشینی، یارمەتییەکان، گواستنەوە دارایییەکان و پابەندییە حکومییەکان بە ئاسانی ناکرێت کەم بکرێنەوە. بۆیە کاتێک داهات کەم دەبێتەوە، حکومەت ناچار دەبێت لە شوێنێکی دیکە کەم بکاتەوە. زۆرجار ئەو شوێنە خەرجیی وەبەرهێنانە. ئەمە دەتوانێت ببێتە بازنەیەکی ترسناک: کەمبوونەوەی داهات، پاراستنی مووچە و خەرجییە جێگیرەکان، کەمکردنەوەی وەبەرهێنان، قەرزکردن، زیادبوونی قەرز، زیادبوونی تێچووى قەرز، و فشارێکی زیاتر لەسەر وەبەرهێنان. ئەگەر ئەم بازنەیە بەردەوام بێت، بودجە لە ئامرازێکی گەشەپێدانەوە دەگۆڕێت بۆ ئامرازێک بۆ بەڕێوەبردنی کێشەی داراییی ساڵانە.

سێ سیناریۆ بۆ بودجەی ٢٠٢٧
سیناریۆی یەکەم: ئارامبوونەوەی بازاڕی نەوت: ئەگەر ئاڵۆزییە ناوچەییەکان کەم ببنەوە و هەناردەکردنی نەوتی عێراق بگەڕێتەوە بۆ ئاستێکى جێگیر، داهاتی حکومەت دەتوانێت باشتر بێت. لەو دۆخەدا، کەموکوڕیی بودجە لەوانەیە کەمتر بێت لەو پێشبینییە سەرەتاییانەی ئێستا. بەڵام ئەمە کێشەی پێکهاتەیی عێراق چارەسەر ناکات؛ چونکە هێشتا پشتبەستن بە نەوت بەردەوام دەبێت.

سیناریۆی دووەم: بەردەوامبوونی ئاڵۆزییە ناوچەییەکان: ئەگەر دۆخی ناوچە و گەرووی هورموز بەردەوام بێت، عێراق دەتوانێت لەگەڵ دوو کێشەی هاوکات بەرەوڕوو ببێتەوە، ناڕوونیی نرخی نەوت + ناڕوونیی بڕی هەناردەکردن.ئەمە دەتوانێت کەمهێنانى بودجە فراوانتر بکات.

سیناریۆی سێیەم شۆکی دووقاتی نەوت: مەترسی دارترین دۆخ ئەوەیە کە نرخی نەوت دابەزێت و بڕی هەناردەی عێراق کەم ببێتەوە. لەو دۆخەدا عێراق لەگەڵ کەمبوونەوەی داهات، فراوانبوونی کەموکوڕی، زیادبوونی قەرز، فشار لەسەر خەزێنە، و کەمبوونەوەی خەرجیی وەبەرهێنانی بەرەوڕوو دەبێتەوە.

هەڵسەنگاندنی ستراتیژی
پرسی بودجەی ٢٠٢٧ دەریدەخات دەدات کە کێشەی داراییی عێراق لە قۆناغی گۆڕانی داهاتی نەوتەوە چووەتە قۆناغی کێشەی پێکهاتەیی توانای داراییی دەوڵەت. لە ساڵانی ڕابردوودا، بەرزبوونەوەی نرخی نەوت زۆرجار دەیتوانی فشارە دارایییەکان کەم بکاتەوە. بەڵام ئێستا خەرجیی مووچە بەرزە، خانەنشینی زیاد دەکات، دامەزراندنە نوێیەکان پابەندیی درێژخایەن دروست دەکەن، قەرز زیاد دەکات، و داهاتی نا ونەوتی هێشتا سنووردارە.
لە هەمان کاتدا، هەرێمی کوردستان داوای پشکێکى نزیک بە ١٤.١٤٪ دەکات کە پشت دەبەستێت بە ئەنجامی سەرژمێریی نوێ. بەم پێیە، بودجەی ٢٠٢٧ دەتوانێت ببێتە خاڵێکی گرنگ بۆ دیاریکردنی شێوەی نوێی پەیوەندیی داراییی بغداد و هەولێر.

ئەنجامە سەرەکییەکان
١. کێشەی بودجەی ٢٠٢٧ تەنها کێشەی نەوت نییە؛ بەڵکو کێشەیەکی پێکهاتەییە لە نێوان داهات و خەرجییە جێگیرەکان.
٢. کەمهێنانى نزیک بە ٦٠ تریلیۆن دینار، ئەگەر پشت بە قەرز ببەستێت، دەتوانێت بارودۆخی داراییی ساڵانی داهاتوو قورس‌تر بکات.
٣. گەرووی هورموز بووەتە گۆڕاوێکی داراییی گرنگ بۆ عێراق، چونکە توانای هەناردەکردنی نەوت بە دۆخی ناوچەییەوە پەیوەندیدارە.
٤. پشکی هەرێمی کوردستان لە ١٢.٦٧٪ەوە بۆ نزیکەی ١٤.١٤٪ یەکێکە لە گرنگترین بابەتەکانی گفتوگۆی بودجەی ٢٠٢٧.
٥. نەوتی هەرێمی کوردستان و پشکی داراییی هەرێم دەبێت لە چوارچێوەی یەک هاوکێشەی دارایی ببینرێن.
٦. دامەزراندنى گرێبەستەکان و دامەزراندنی نوێ، تەنها خەرجییەکی کاتی نییە؛ بەڵکو پابەندییەکی درێژخایەنە.
٧. سیستەمی نوێی نرخی نەوتی ناوخۆ پێویستی بە شەفافیەتی زیاتر هەیە بۆ ئەوەی دیاری بکرێت پاشەکەوتی ڕاستەقینەی دارایی چەندە.
٨. ئەگەر خەرجیی کارگێڕی بەردەوام زیاد بکات، ئەگەری کەمبوونەوەی خەرجیی وەبەرهێنانی زیاد دەبێت.
٩. پشتبەستنی زۆر بە نەوت، داراییی عێراق بەرامبەر شۆکەکانی بازاڕی جیهانی زۆر لاواز دەکات.
١٠. چارەسەری درێژخایەنی کێشەی داراییی عێراق لە زیادکردنی قەرزدا نییە؛ بەڵکو لە کەمکردنەوەی پشتبەستنی بودجە بە نەوت، زیادکردنی داهاتی نا نەوتی و ڕێکخستنی خەرجیی گشتیدایە.

کۆتایی
بودجەی عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢٧ تەنها خشتەیەکی ژمارەیی بۆ داهات و خەرجی نییە؛ بەڵکو دەکرێت ببێتە ئاوێنەی توانای دەوڵەت بۆ بەڕێوەبردنی قۆناغێکی نوێی فشارە دارایییەکان. عێراق لە بەرامبەر پرسیارێکی سەرەکی دایە: ئایا دەتوانێت سیستەمێکی دارایی دروست بکات کە لەگەڵ هەر گۆڕانێکی نرخی نەوت نەکەوێتە ناو قەیرانی نوێی بودجە؟
لە هەمان کاتدا، پەیوەندیی داراییی بغداد و هەولێر دەچێتە قۆناغێکی هەستیارتر، چونکە سەرژمێریی نوێ دەتوانێت بنەمایەکی نوێ بۆ پشکى هەرێم دروست بکات، لەگەڵ ئەوەی بابەتی نەوت و داهاتەکانی هەرێم بەشێکی جیا نەکراوەن لە هاوکێشەی نوێی دارایی. بۆیە، سەرکەوتنی بودجەی ٢٠٢٧ تەنها بەوە ناپێورێت کە چەند تریلیۆن دینار بۆ خەرجکردن تەرخان دەکرێت، بەڵکو بەوەش دەناسرێتەوە کە ئایا ئەو بودجەیە لەگەڵ توانای ڕاستەقینەی داهاتی عێراق هاوتەریبە؟ ئەگەر وەڵامی ئەم پرسیارە نەخێر بێت، ئەوا بودجەی ٢٠٢٧ دەتوانێت کێشەی ساڵێک چارەسەر بکات، بەڵام هەمان کێشە بۆ ساڵانی داهاتوو قووڵتر بکات.