وتاری ترەمپ لە نەتەوەیەکگرتوەکان؛ داوای گەمارۆدانی ئابوریی ئێران و بەڵێنی ڕێککەوتن دوای هەڵبژاردنەکان

جیهان

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 294 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، داوای لە وڵاتانی جیهان کرد بەشداریی لە گەمارۆیەکی ئابووریی گشتگیردا بکەن دژ بە ئێران و جەختی لەسەر بەردەوامیی گوشارەکان لەسەری کردەوە. هاوکات پێشبینی کرد ڕاستەوخۆ دوای هەڵبژاردنەکانی نیوەی خولیی کۆنگرێس لە تشرینی دووەمی داهاتوودا، ڕێککەوتنێک لەگەڵ تاراندا ئیمزا بکرێت.

لە گوتارەکەیدا لە کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆڕک، ترەمپ بەرگریی لە شەڕی دژ بە ئێران کرد و ئاماژەی بە هەوڵەکانی ئیدارەکەی لە غەززە و ئۆکرانیا دا. هەروەها بەرنامەی دیدارەکانی، سەرکردەکانی وڵاتانی کەنداو و ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا دەگرێتەوە

ترەمپ گوتی: "پێویستە لە بەردەوامبوونی گوشارەکاندا یەکگرتوو بین،" و داوای گۆشەگیرکردنی ئابووریی ئێرانی کرد.

ئێران لە نێوان ئاڵۆزی و ڕێککەوتندا
ترەمپ ڕایگەیاند کە ڕێگریی لە دەستگەیشتنی ئێران بە چەکی ئەتۆمیی لە کارە لەپێشینەکانێتی. تارانى تۆمەتبار کرد بە هەوڵدان بۆ پەرەپێدانی بۆمبی ئەتۆمیی و ئاماژەی بەوە دا کە تاران ڕەتیکردۆتەوە ڕێککەوتن ئیمزا بکات، کە بە "هەڵەیەکی گەورە" وەستفی کرد.
گوتیشی سوپای ئەمریکا بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێرانی تێکشکاندووە و 159 کەشتیی ئێرانی خراونەتە بنکی دەریا، بەڵام تاران بەردەوامە لە پەرەپێدانی چەکی بالیستی. دەسەڵاتی ئێرانی بە "بێهێز و بێئومێد" ناوبرد و ئاماژەی بە زیانە ئابوورییەکانی سەر ئێران دا.
لە پاڵ هەڕەشەکانیدا، پێشبینی کرد دوای هەڵبژاردنەکان ڕێککەوتن بکرێت. بەپێی ئاژانسی فرانس پرێس، ترەمپ ئاماژەی بەوە کردووە کە تاوتوێی ڕێککەوتن یان پاڵپێوەنانی ئێران "بەرەو دۆزەخ" دەکات. هەروەها ئاماژەی بە زیادکردنی کۆگاکانی چەک و تەقەمەنی ئەمریکا بە ڕێژەیەکی بێپێشینە کرد.

غەززە و ئۆکرانیا
لەدۆسیەی غەزەەدا ترەمپ ئاماژەی بە کۆتایی هێنان بە شەڕی غەززە کرد و ئاماژەی بە بەشداربوونی نزیکەی 30 وڵات لە "ئەنجومەنی ئاشتی" تایبەت بە کەرتەکە کرد. گوتیشی ڕۆڵی هەبووە لە کۆتاییهێنان بە هەشت شەڕ. دەربارەی ئۆکرانیا، بەڵێنی دا بە خێرایی چارەسەری ئاشتیانە لەگەڵ ڕووسیادا بدۆزێتەوە پێش کۆبوونەوەی لەگەڵ زێلێنسکی.

ئابووریی و کۆچبەران
ترەمپ لە وتارەکەیەدا شانازی بە ئابووریی و هێزی سەربازیی ئەمریکاوە کرد و گوتی وڵاتەکەی بەهێزتر بووە. ئاماژەی بە ڕەخساندنی زیاتر لە ملیۆنێک هەلی کار دا، لە کاتێکدا ڕاپرسییەکان دابەزینی ڕێژەی جەماوەریی بۆ 32٪ نیشان دەدەن.
هەروەها باسی لەوەکرد کە بڕیارە لەگەڵ 11 سەرکردە کۆبێتەوە، لەوانە نوێنەرانی ئیمارات، سعودیە، عومان، بەحرێن، کوێت و قەتەر، و سەرکردەکانی دانیمارک و گرینلاند بۆ ئیمزاکردنی ڕێککەوتنێکی سەربازی.

ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی