شارپرێس:
ئەمڕۆ گەمارۆی ئاسمانی ئەمریكا بۆ سەر ئێران چووە بواری جێبەجێكردنەوە، بەڵام فڕۆكەیەكی ئێران ئێر لە فڕۆكەخانەی ئیستانبوڵ نیشتەوە كە لە تارانەوە گەشتی كردبوو.
داتاكانی چاودێری گەشتە ئاسمانییەكان دەریانخستووە كە فڕۆكەیەكی هێڵی ئێران ئێری ئێرانی لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی ئیمام خومەینی تارانەوە بەڕێكەوتووە و كاتژمێر 10:43 ی بەیانی بە كاتی ناوخۆ لە ئەستەنبوڵ نیشتووەتەوە، بەڵام زیاتر لە كاتژمێرێك دواكەوتووە لە وادەی خۆی و فڕۆكەكە لەجۆری ئێرباس A330-200 بووە.
ئەم گەشتە لە كاتێكدایە كە واشنتۆن فشارەكانی بۆ سەر فڕۆكەوانی ئێران چڕتر دەكاتەوە. ڕۆژی 8ی ئەیلول وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا سزای بەسەر 27 كۆمپانیای فڕۆكەوانیی ئێراندا سەپاندو هۆشداریشی دا سزا بەسەر ئەو لایەنە بیانییانەی كە هاوكاری كۆمپانیا ئێرانییەكان دەكەن، دەسەپێنێت.
ئێران ئێر خۆی ئێستا لە لیستی سزاكانی ئەمریكادایە، بەڵام لەگەشتەكانی بۆ ئیستەنبوڵ بەردەوامە، لەكاتێكدا لەڕۆژی 21ی ئەم مانگە توركیا گەشتەكانی هێڵی ماهان ئێری ڕاگرتووە.