شارپرێس:
بەرپرسێکی باڵای ئیسرائیلی، ئەمرۆ هەینی
ڕایگەیاند کە ئێران تاوتوێی چۆنیەتیی وەڵامدانەوەی گوشارە ڕوو لە زیادەکانی ئەمریکا
دەکات لە سایەی بەردەوامیی بنبەستی دانوستانە ئەتۆمییەکان لەگەڵ واشنتۆن.
بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی "ئۆرشەلیم
پۆست"، ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوە کردووە کە ئێرانییەکان بەدوای ئامڕازێکدا دەگەڕێن
بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم دۆخە و ئەگەری تێوەگلانیان لە کاریگەرییدانان لەسەر هەڵبژاردنەکان
تاووتوێ دەکەن.
ئەو بەرپرسە جەختی لەوە کردۆتەوە کە هۆشداریی
زۆر و ئامادەکاریی بەرزی ئەمنیی هەبوون بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر هێرشێک کە بەرەی
ناوخۆی ئیسرائیل له ئاڕاستەی جیاوازەوە بپێکێت، بەبێ ئەوەی مەرج بێت ڕاستەوخۆ لەلایەن
ئێرانەوە بێت. دەشڵێت حزبوڵڵا توخمێکی سەرەکییە لە هاوکێشەکانی تاراندا لە ڕووبەڕووبوونەوە
لەگەڵ ئیسرائیل.
هەڵسەنگاندنە ئەمنییەکانی ئیسرائیل
ئاماژە بەوە دەکەن کە هەڵسەنگاندنی تاران بۆ دۆخی ناوخۆیی ئەمریکا کاریگەریی لەسەر
بڕیارەکانی هەیە. هەروەها کاریگەریی سزاکانی ئەمریکا لەسەر ئابووریی ئێران بەڕوونی
دەردەکەوێت؛ بە شێوەیەک بەهای ڕیاڵی ئێرانی دابەزینی مێژوویی تۆمارکردووە و 1 دۆلاری ئەمریکی گەیشتۆتە نزیکەی 2.5 ملیۆن ڕیاڵ. لەلایەکی ترەوە،
جووڵەی نەوت هەڵگرەکانی گەرووی هورمز گەیشتۆتە 30 تا 40 کەشتیی نەوتهەڵگر لە ڕۆژێکدا،
ئەمەش پاشەکشەی هەژموونی ئێران لە گەرووەکەدا دەردەخات.
دەزگا بەرگرییەکانی ئیسرائیل پێیانوایە
بژاردەکانی ئێران بەهۆی گۆشەگیریی دەریایی و شکستی هەوڵەکانی بۆ ئەنجامدانی هێرش لە
دەرەوە بەرتەسک بوونەتەوە. ئامادەکارییەکان بۆ ئەوەن لە باری دەرچوونی کۆنترۆڵی هەر
دەستپێشخەرییەکی ئێرانی، وەک پێكانی کەشتییەکی ئەمریکی بە موشەکی کروز، چونکە ئەگەر
ئێران هەست بە مەترسیی ئۆپراسیۆنی سەربازی دژی بکات، ڕەنگە هێرش بکاتە سەر ئامانجەکانی
ئەمریکا لە ئوردن یاخود ئیسرائیل.
ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی