سوریا رەتیدەکاتەوە لەتورکیا لەگەڵ بەرپرسانی حزبوڵڵا دانوستانیان کردبێت

جیهان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 161 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
دیمەشق و ئەنقەرە هەواڵی ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی نهێنیی لەنێوان بەرپرسانی سووری و نوێنەرانی حیزبوڵڵای لوبنان لە تورکیا ڕەت دەکەنەوە، لە کاتێکدا سەرچاوە میدیاییەکان باس لە بەردەوامبوونی پەیوەندیی و گفتوگۆکان لەنێوان هەردوو لایەن دەکەن.

بەڕێوەبەرایەتی میدیای دەرەکیی وەزارەتی ڕاگەیاندنی سووریا ڕایگەیاند کە هەواڵی کۆبوونەوەی بەرپرسانی سووری و نوێنەرانی حیزبوڵڵا لە تورکیا "درۆیە" و هیچ کۆبوونەوەیەکی لەم جۆرە ئەنجام نەدراوە. ئەحمەد موەفەق زەیدان، ڕاوێژکاری میدیایی سەرۆکایەتیی سووریا، هەمان هەواڵی ڕەتکردەوە و داوای لە میدیاکان کرد لە بڵاوکردنەوەی هەواڵدا ورد بن.

ڕۆیتەرز پێشتر بە پشتبەستن بە قسەی 6 سەرچاوەی ئاگادار، ڕایگەیاندبوو کە لانی کەم یەک کۆبوونەوەی نهێنیی لەنێوان بەرپرسانی هەواڵگریی و وەزارەتی دەرەوەی سووریا و نوێنەرانی حیزبوڵڵا ئەنجامدراوە و بەرپرسانی ئاسایش و هەواڵگریی تورکیاش ئامادە بوون. 

بەپێی ڕۆیتەرز، گفتوگۆکان لەسەر کەمکردنەوەی خاڵەکانی گرژیی نێوان هەردوو لایەن بووە، بەڵام شوێن و ماوەی کۆبوونەوەکە پشتڕاست نەکراوەتەوە.

تورکیاش هەواڵی کۆبوونەوەکەی ڕەتکردەوە و زانیارییە بڵاوکراوەکان لەبارەی شوێن و ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی "بێ بنەما" ناوبرد.

لە بەرانبەردا، ڕۆژنامەی "ئەلئەخبار"ی لوبنان بە پشتبەستن بە سەرچاوە تورکییەکان دەڵێت پەیوەندییەکان لەنێوان حکومەتەکەی ئەحمەد شەرع و حیزبوڵڵا لە ئاستە جیاوازەکاندا بە دوور لە میدیا بەردەوامن و پەیوەندییەکان لە ماوەی ڕابردوودا نەرمتر بوونەتەوە. بەڵام هێشتا هیچ پشتڕاستکردنەوەیەکی فەرمیی لە دیمەشق یان حیزبوڵڵا لەبارەی ئەم پەیوەندییەکانە نەدراوە.

ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی