شارپرێس:
باڵیۆزخانەی ئەمریکا لەسعودیه، هۆشدارییەکی
توندیدایە هاوڵاتیانی خۆی لەئەگەری هەڵوەشاندنەوەی کتوپڕی گەشتە ئاسامانییەکانو
داخستنی تەواوەتیی ئاسمانی وڵاتەکەو دروستبونی شڵەژانی قورس لەپڕۆسەی هاتوچۆو کەرتی
گواستنەوەی وڵاتەکەدا.
باڵیۆزخانەی ئەمریکا لەبەیاننامەیەکی فەرمیدا کە
لەڕێگەی پێگەی ئەلیکترۆنیو هەژماری فەرمیی خۆی لەتۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێكس بڵاویکردوەتەوە
دهڵێت، "بەهۆی بەردەوامیی توندبونی دۆخەکە لەسعودیهو بونی هەڕەشەی ڕاستەوخۆ
دژ بەفڕۆکەخانەکانی وڵاتەکەو ئاسایشی ئاسمانییەکەی، باڵیۆزخانەی ئەمریکا داوا لەهاوڵاتیانی
ئەمریکی دەکات کە بەرزترین ئاستی وریاییو پارێزگاری بگرنەبەر؛ پێویستە هاوڵاتیانمان
ئەگەری هەڵوەشاندنەوەی گەشتە ئاسمانییەکان، داخستنی ئاسمانو دروستبونی ئاستەنگی گەشتکردن
بەتەواوی لەبەرچاوبگرنو ئامۆژگاریشیان دەکەین کە ڕاستەوخۆ لەڕێگەی کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانیو
فڕۆکەخانەکانەوە لەدۆخی گەشتەکانیان دڵنیاببنەوە".
باڵیۆزخانەکە هۆشداریی توندیداوەتە هاوڵاتیانی
ئەمریکی کە بەهیچ شێوەیەک لەهێڵە سنورییەکانی نێوان سعودیەو یەمەن نزیک نەبنەوە؛
هاوكات گەشتکردنی کارمەندانی حکومەتی ئەمریکای لەمەودای 32 کیلۆمەتر لەسنورەکانەوە
بەتەواوی قەدەغەکردوەو ڕونیشیکردوەتەوە، سەردانیکردنی چەندین شارو ناوچەی دەوروبەری
سنور پێویستی بەوەرگرتنی مۆڵەتی فەرمیی تایبەت هەیە.
ئەم گرژییە قورسە کاتێک دێت کە پێکدادانی سەربازیی
لەنێوان چەکدارانی بزوتنەوەی ئەنساروڵڵای یەمەنی (حوسییەکان)و سوپای لایەنگری حکومەت
(کە لەلایەن عەرەبستانی سعودییەوە پاڵپشتیدەکرێت)، لەناوەڕاستی مانگی تەمموزی ڕابردوەوە
دوای ئارامییەکی چوارساڵە سەرلەنوێ دەستیپێکردوەتەوە.
لەماوەی ڕابردودا، حوسییەکان توانیویانە کۆنترۆڵی
تەواوی کەناراوەکانی ڕۆژئاوای دەریای سورو ئەوشارانە بکەن کە لەگەروی بابولمەندەبەوە
نزیکن؛ لەلایەکی دیکەشەوە، ڕۆژی دوشەممەى ڕابردوو دەسەڵاتدارانی یەمەن کە لەئاستی
نێودەوڵەتیدا دانیان پێدانراوە، دەستپێکردنی پڕۆسەیەکی سەربازیی بەرفراوانیان بۆ ڕزگارکردنی
شاری سەنعای پایتەخت لەدەستی چەکدارانی حوسی ڕاگەیاندوە.
