شارپرێس:
ڕۆژنامەی "واشنتۆن پۆست" بەپشتبەستن بەلێدوانی پسپۆڕانو بەرپرسانی ئەمنی، باسی لەوەکردوە، کشانەوەی بۆمبهاوێژەکانی "B-1" لەبنکەی هێزی ئاسمانیی ڤێرفۆرد لەبەریتانیا، نیشانەی بەردەوامبونی توانای ئێرانە بۆ هەڕەشەکردن لەئەمریکا، سەرەڕای باڵادەستیی سەربازیی ئەمریکاو ئیسرائیل بەسەر ئێراندا.
بهگوێرهى ڕاپۆرتەکە، بۆمبهاوێژە دورمەوداکانی ئەمریکا بەنهێنییو بەخێرایی دەستیان بەجێهێشتنی بنکەی ڤێرفۆرد کرد، دوای ئەوەی واشنتۆن زانیاریی هەواڵگریی لەچەند سەرچاوەیەکەوە دەستکەوت کە ئاماژەی بەهێرشێکی گریمانکراو ئێران بەبەکارهێنانی کۆمەڵێک فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن) دەکرد.
بەرپرسانی ئەمریکا نیگەرانییان هەبوە کە هێرشەکە شێوەی هێرشی "تۆڕی جاڵجاڵۆکە" لەساڵی 2025 لەلایەن ئۆکرانیاوه بۆسەر فڕۆکە سەربازییەکانی ڕوسیا بگرێتەبەر؛ هێرشێک کە تێیدا فڕۆکەی بێفڕۆکەوانى بچوک بەشێوەی نهێنی لەناو کامیۆنەکاندا گواسترابونهوه.
ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردوه، پرۆسەی گواستنەوەی بۆمبهاوێژەکان پێش تەواوبونی ئامادەکردنی فڕۆکەکانی پڕکردنەوەی سوتەمەنی دەستیپێکردوە کە نیشانەی قووڵیی نیگەرانیی ئەمریکا بوە لەهەڕەشەکە.
هەندێک بەرپرسی ئەمنیی پێشوو ئەم هەنگاوەیان سەرکەوتنێکی سیمبوڵیی بۆ تاران داناوە، بەڵام وتویانە کاریگەرییەکی گەورە لەسەر ئاراستەی ستراتیژیی شەڕەکە نابێت، نورمان ڕۆڵ بەرپرسی پێشوی ئاژانسی هەواڵگریی ناوەندیی ئەمریکاو پسپۆڕی کاروباری ئێران، وتویەتی، ئەم گواستنەوەیە هەڵبژاردە سەربازییەکانی ئەمریکا لەبەرامبەر ئێران سنوردارناکات.
بەڵام گواستنەوەی بۆمبهاوێژەکان بۆ باشورو شوێنەکانی دیکە لەناو ئەمریکا، واتە ئەگەر هێرشەکان بۆسەر ئێران دەستپێبکەنەوە، ئەو فڕۆکانە دەبێت هەزاران میل زیاتر ببڕن، بەراورد بەدەستپێکردنی هێرش لەبنکەی ڤێرفۆرد.
لەلایەکی دیکەوە، شێوازە نائاساییەکانی ئێران تەنها لەهەڕەشەکردن لەبنکە سەربازییەکان کورت نەبونەتەوە، بەڵکو بوهتە هۆی زیادبونی هەژمونی تاران لەکەشتیوانییو دابینکردنی وزە لەجیهاندا.
هێرشەکانی فڕۆکە بێفڕۆکەکان لەسەر کەشتییەکانی گواستنەوەی نەوت لەگەروی هورمز، توانایەکی کاریگەری بەئێران داوە کە بەهێزی دەریایی ئاسایی خۆی بەدەستی نەدەهێنا.
ڕاپۆرتەکە دەڵێت، "ئێران لەڕۆژانی دواییدا هێرشەکانی لەگەروی هورمز توندترکردوهتەوەو بهگوێرهى داتاکانی چاودێریی دەریایی، زیاتر لە 10 کەشتی لەماوەی هەفتەیەکدا توشی هێرش بون".
لەهەمانکاتدا، جیاوازییەک لەنێوان هەڵسەنگاندنی ئەمریکاو بەریتانیا سەبارەت بەهەڕەشەی ڤێرفۆرد دەرکەوتوە، بەرپرسانی ئەمریکیش باس لەزانیارییەکی نوێو نیگەرانکەر دەکەن، بەڵام بەرپرسانی بەریتانی دەڵێن، هیچ هەڕەشەی نوێ بۆسەر بنکەکە دەرنەکەوتوە.
عەلی واعیز جێگری بەڕێوەبەری بەرنامەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەگروپی قەیرانە نێودەوڵەتییەکان وتویەتی، "تاران لەوانەیە زیاتر مەبەستی تاقیکردنەوەی توانای هەواڵگرییو بەرگریی ڕۆژئاوا بوبێت تا جێبەجێکردنی هێرشێکی گەورە".
بهگوێرهى ئەم هەڵسەنگاندنە، ئێران بەهەڕەشەکەی هەوڵیداوە نیشانی بدات توانای فراوانکردنی مەیدانی ململانێکەی بۆناو خاکی ئەوروپا هەیە.
نورمان ڕۆڵیش باسى لهوهكردوه، ئەم هەڕەشەیە نیشانیدەدات بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانو تواناکانی سایبەری، بەرپرسانی سەربازیی ناچاردەکات لەسیستەمی پاراستنو خاڵە لاوازەکانی بنکە سەربازییەکان کە پێشتر بەشوێنی پارێزراو دادەنران، دوبارە هەڵسەنگاندن بکەنەوە.
