شارپرێس:
ڕۆژی پێنجشەممە گروپە چەكدارەكان لە پارێزگای سیستان و بەلوچستان لە باشوری ڕۆژهەڵاتی ئێران هێرشیان كردە سەر ئۆتۆمبێلێكی سەربازی، بەهۆیەوە كەسێك كوژرا و سێ كەسی دیكەش برینداربوون.
ئاژانسی هەواڵی فەرمی ئێرانی ئیرنا بڵاویكردەوە، مینی پاسێك كە ئەندامانی یەكەیەكی سەربازی هەڵگرتبوو لەكەناراوەكانی مەكران لەسەر دەریای عومان لە پارێزگای سیستان و بەلوچستان لەلایەن چەكدارانەوە هێرشی كرایە سەر.
پۆلیسی ناوخۆیی پارێزگاكە لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاندووە، پۆلیسێك لە هێرشێكی چەكدارەكاندا كوژراوە كە بە كەسانی دەرەوەی یاسا وەسفی كردون و دەوریەیەكی پۆلیسیان كردووەتە ئامانج.
سیستان و بەلووچستان كە هاوسنورە لەگەڵ پاكستان و ئەفغانستان، لە مێژە پێكدادانەكانی نێوان هێزەكانی ئێران و گروپە چەكدارەكانی تێدا ڕوو دەدات و هێزە ئەمنییەكان دەكرێنەئامانج.