شارپرێس:
ئاژانسی هەواڵگرییو لێکۆڵینەوەی فیدراڵیی عێراق بەفەرمی دەستگیرکردنی داواکراوێکی زۆر مەترسیداری تیرۆری لەشاری هەولێر ڕاگهیاند کە لەڕێگەی کارێکی هاوبەشی بەپەلەو پلان بۆ داڕێژراوهوه لەگەڵ دەزگا ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستاندا ئەنجامدراوە.
ئەم پڕۆسە هاوبەشە وەک بەشێک لەکارنامەی چڕکردنەوەی گۆڕینەوەی زانیارییە نهێنییەکان تەماشا دەکرێت بۆ دەستبەسەرکردنی ئەوکەسانەی لەدەست یاسا ڕایانکردوەو لەناوچە جیاوازەکاندا خۆیان حەشارداوە.
ئاژانسی هەواڵگریی فیدراڵی لەبەیاننامەیەکی فەرمیدا وردەکارییەکانی خستەڕوو و ڕایگەیاند، "تیمەکانمان بەههماههنگى تەواو لەگەڵ لایەنە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان، لەسەر بنەمای زانیاریی وردی گەیشتوو و بەدواداچونی تەکنیکیی بەردەوام، لەپڕۆسەیەکی خێراو کتوپڕدا، توانییان شوێنی دروستی داواکراوەکە دەستنیشان بکەنو دەستبەجێ دهستگیرى بکەن".
سەبارەت بەتۆمەتو ئەو کەلوپەلانەشی لەکاتی گرتنی تۆمەتبارەکەدا دەستیان بەسەرداگیراوە، لەڕاگەیاندراوەکەدا هاتوە، "ئەم تۆمەتبارە بهگوێرهى مادەی 4ی یاسای بەرەنگاربونەوەی تیرۆر داواکراو بوەو پێشتریش بەشداریی لەچەندین کاری تیرۆریستیدا کردوە؛ لەکاتی گرتنیشیدا، بڕێک دراوی بیانی، پاسپۆرتو چەندین کارتی جیاوازی بانکیی پێبوەو لەئێستاشدا بۆ ڕێکارە یاساییەکان ڕادەستی دادگا دەکرێت".